گرانى خوارده‌مه‌نى كۆمه‌ڵگاى ئێران رووبه‌ڕووى به‌دخۆراكى ده‌بێته‌وه‌ ئابووری جیهان

ئاماده‌كردنى، نوچه‌نێت

بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا پێویست و سەرەکییەکان بووەتە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر تەندروستی بەشێک لە کۆمەڵگەی ئێران. ئامارە جیاوازەکان کە سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی برنج، دانەوێڵە، گۆشت و میوە لە لایەن سەرچاوە فەرمییەکانی ئێرانەوە بڵاو بوونەتەوە نیشاندەری ئەوەن کە دابینکردنی کالۆری پێویست بۆ خێزانە ئێرانییەکان لە دۆخێکی قەیراناویدایە.

لە ئێران نرخی برنج ١٢٣٪ و نرخی مریشک ٧٧٪ بەرز بووەتەوە

بە پێێ ڕاپۆرتی "ڕادیۆ زەمانە"، وەزارەتی پیشەسازیی کانگە و بازرگانی، لە دوایین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند نرخی برنج لە یەک ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ١٢٣٪ بەرز بووەتەوە. لەو ڕاپۆرتەدا ڕاگەیەندراوە کە بەرزبوونەوەی نرخی مریشک لە ماوەی ئەو یەک ساڵەدا ٧٧٪ بووە. 
دوایین ئامارەکانی وەزارەتی پیشەسازیی و بازرگانی لە حاڵێکدا ڕادەگەیەندرێن کە پێشتر ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندبوو نرخی برنج نزیکەی ٢٠٠٪ بەرز بووەتەوە. 
ڕۆژی ٢٧ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، مووسا شەهبازی، بەڕێوەبەری ژووری لێکۆڵینەوە ئابوورییەکانی پەرلەمانی ئێران وتی ٣٥٪ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین و بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی ٨٤٪ی نرخی مریشک و ٨٨٪ی نرخی هێلکە خێزانە هەژارەکان توانای ئەوەیان نییە لەو دوو کاڵا وەک جێگرەوەیەک بۆ گۆشتی سووریش کەڵک وەربگرن. 
بە وتەی شەهبازی، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکییەکان بووەتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی بەکارهێنانی پرۆتین لە ناو خێزانە کەم داهاتەکاندا. 
ئامارێکی تر لە وەزارەتی پیشەسازیی ئێرانیش کە مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠٢٠ ئامادە کراوە و نرخەکانی ئەو مانگەی لەگەڵ مانگی تەشرینی دووەمی ٢٠١٩ بەراورد کردووە نیشانی دەدا کە نرخی هەندێ لە خۆراکەکانی ئاژەڵ و پەلەوەرەکان، سەوزەوبێستانە، میوە، دانەوەێڵە و برنج و هەروەها ئامێرەکانی ئاسن لە ماوەی یەک ساڵدا لە نێوان ٢٠٠٪ تا ٤٥٠٪ بەرز بووەتەوە.

٢٨ ملیۆن کەس تووشی نەبوونی کالۆری بوونەتەوە


هەروەها ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە پارێزگاکان کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا بڵاو کراوە ڕایگەیاند کە سفرەی خەڵک لە پارێزگاکانی ئێراندا بچووکتر بووەتەوە. بە پێی ئەنجامەکانی ئەو ڕاپۆرتە لانیکەم ١٧ پارێزگای ئێران تووشی بەدبژێوی و بەدخۆراکی بوون.
بە پێی ئەو ڕاپۆرتە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەرزبوونەوەی ٦٧.٥٪ی کاڵا خۆراکییەکان زیاترین ڕێژەی بەرزبوونەوەی تێکڕای نرخی کاڵاکانی لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا هەبووە. ئەو ڕێژەیە لە ئاستی هەموو ئێراندا لە هەمان مانگدا ٥٧.٩٪ بووە.
پارێزگاکانی سنە (٦٥.٦)، لورستان (٦٣.٩)، هەمەدان (٦٣.٣)، خوراسانی باکووریی (٦٣.١)، هۆرمۆزگان (٦١.٢)، ئەردەبێڵ (٦١.٤)، ئەلبۆرز (٦٠.٩)، یەزد (٦٠.٨)، خوراسانی ڕەزەوی و ئیسفەهان (٦٠.٧) و ئازەربایجانی ڕۆژاوا (٦٠.٢) و لە پارێزگاکانی تر ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکییەکان زیاتر لە ٦٠٪ بووە. 
لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات، قەزوین، کرمان و ئیلام نرخی بەرزبوونەوەی کاڵا خۆراکییەکان زیاتر لە ٥٧.٩٪ بووە.
ئەو بەرزبوونەوەی نرخانە لە کاتێکدایە کە ئامارێکی تر باس لە بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا دەکەن و ئەوەش دەرخەری خراپتربوونی دۆخی ئابووریی وڵاتی ئێرانە. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا لەو ١٧ پارێزگایەدا کە ناویان برا ڕێژەی بێکاری گەیشتووەتە ١٨.٥٪. 
لێکدانەوەی ئەنجامەکانی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لە لایەن ناوەندیی لێکۆڵینەوەکانی پەرلەمان، وەزارەتی پیشەسازیی و بازرگانی و ناوەندی ئاماری ئێران بڵاو کراونەتەوە نیشاندەری ئەوەن کە لانیکەم ٢٨ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران لە ئێستادا تووشی بەدخۆراکی و نەبوونی کالۆری بوونەتەوە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین