ڕێژەی گومرگی سەر هاوردەکردنی زێڕ و ئۆتۆمبێل زیاد دەكرێت ئابووری جیهان

نوچە نێت:

بە ئامانجی ڕێگریکردن لە نەدانی باج لەلایەن کۆمپانیاکان بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق سیستەمێکی نوێی باجیی گومرگی ڕاگەیاند، کە لە ڕێیەوە گومرگ لەسەر هاوردەکردنی زێڕ لە (5%)ی نرخەکەی و بۆ ئۆتۆمبێل لە نێوان (15%) و بەرەو سەرەوە دەگۆڕێت.

ڕۆژی شەممە (16/5/2026) سامر قاسم داوود، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکانی عێراق، بە رووداوی گووت، بڕیاری ژمارە (957)ی ساڵی (2025) کە لە مانگی تشرینی ساڵی ڕابردوو دەرچووە، پێش دوو مانگ لە جێبەجێکردنی گشتێندراوە بۆ هەموو دامودەزگاکان، بۆیە بڕیارەکە کتوپڕ نەبووە و بازرگانان پێشوەختە لێی ئاگادار کراونەتەوە. بۆیە زۆربەی ئەو دراوە قورسەی بۆ هاوردەکردن دەچێتە دەرەوەی وڵات، بۆ کەلوپەلی لاوەکی و جوانکارییە و زیادبوونەکە تەنیا بۆ کەلوپەلە لاوەکییەکانی وەک ئامێری کارەبایی، زێڕ و ئۆتۆمبێل بووە.

سامر قاسم داود دەشڵێت، پێشتر هەندێک کۆمپانیا بۆ ماوەی ساڵێک دادەمەزران و کەلوپەلیان هاوردە دەکرد، دواتر بێ ئەوەی باج بدەن کۆمپانیاکەیان دادەخست و بە ناوێکی دیکە کۆمپانیایەکی نوێیان دەکردەوە، ئەمەش بووبووە هۆی فەوتانی بڕێکی زۆر لە باجی دەوڵەت، بۆیە ئەم گۆڕانکارییە بە ئامانجی ڕێگریکردنە لەو کۆمپانیایانەی فێڵ لە باج دەکەن. هەروەها دڵنیاییش دەداتە هاووڵاتییان، کە مادە خۆراکییەکان، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکان کاریگەرییان لەسەر نەبووە، یان ئەگەر گۆڕانکارییەکیش هەبێت، زۆر کەم و گونجاو دەبێت. بەڵام بۆ لەمەودوا ڕێژەی پێناسی گومرگی لەسەر هاوردەکردنی زێڕ لە (5%)ی نرخەکەی و بۆ ئۆتۆمبێل لە نێوان (15%) و بەرەو سەرەوە دەگۆڕێت؛ ئەمەش بەپێی جۆری ئۆتۆمبێلەکە، کارایی ژینگەیی (بە ئۆتۆمبێلە هایبریدەکانیشەوە.)

بە گوێرەی زانیارییەکان لە سیستەمە نوێیەکە، سپاردەی باج بە ڕێژەی (1٪) بۆ مادە خۆراکییەکان و (3٪) بۆ کەلوپەلەکانی دیکە دیاریکراوە. حکومەت ئەم بڕە پارەیەی کە وەریدەگرێت تەنیا وەک سپاردە (ئەمانات) وەردەگیرێت؛ لە کۆتایی ساڵدا کاتێک بازرگانەکە مامەڵەی باجەکەی لەگەڵ دەستەی باج کۆتایی پێدەهێنێت، ئەو بڕە پارەیەی پێشتر داویەتی لێی دەردەکرێت و بۆی هەژمار دەکرێت. بەم سیستەمە دەگووترێت ئەسیکۆدا (ASYCUDA) کە سیستمێکی نێودەوڵەتیی بەڕێوەبردنی گومرگە؛ بازرگانیی دەرەکی تێدا ڕێکخراوە و زانیاری لەسەر جۆرى کاڵا بازرگانییەکان دەستەبەر دەکات. (108) وڵات کاری پێدەکەن. ئەو بازرگانانەی لەو سیستمەدا تۆمارکراون، دەتوانن کاڵا بە نرخی فەرمی دۆلار (1320 دینار) هاوردە بکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین