ئەمەریكا دەستیكردەوە بە ناردنی دۆلار بۆ عێراق ئابووری جیهان

نوچە نێت:

ڕاوێژکارێکی باڵای سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای دەکات، هەناردەی دۆلاری لەلایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق جارێکی دیکە دەستیپێکردەوە، هەروەها ئاماژە بە هۆکارەکانی وەستانی هەناردەی دۆلار دەکات و دەڵێت، هۆكاری لۆجستی بووە.

ئەمڕۆ شەممە (2026-5-2) دکتۆر موزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، هەناردەکردنی دۆلار لە لایەن ئەمریکاوە بۆ عێراق دەستیپێکردۆتەوە، لە ئێستادا هیچ شتێک ڕێگر نیە لە گەیشتنی دۆلار، پێدانی دۆلاری کاش بە گەشتیاران و کڕیاران بە پێی میکانیزمێکی رێکخراو دەبێت کە بانکی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا وردەکارییەکانی دەزانێت.

سەبارەت بە هۆکارەکانی وەستانی گواستنەوەی دۆلار بۆ عێراق، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەی ئاشکرا کرد، هۆکارەکان لۆجستی بووە، داخرانی ئاسمانی عێراق بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل یەکێک بووە لە هۆکارە سەرەکیەکان، لە ئێستادا کە دۆخی ئاگربەستەو فرۆکەخانەکان کراوەن دۆلارەکە گەیشتووە.

دکتۆر نەبیل مەرسومی، شارەزای بواری ئابووری ئاماژەی بەوەدا، دوای زیاتر لە دوو مانگ ڕاگرتنی هەناردەی دۆلار بۆ عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، دوێنی یەکەم باری دۆلار لە ئەمریکاوە گەیشتە عێراق کە بڕەکەی نزیکەی (500) ملیۆن دۆلارە، ناردنی ئەم دۆلارەش لە چوارچێوەی پاڵپشتی ئەمریکایە بۆ حکومەتی داهاتووی عێراق بەسەرۆکایەتیی عەلی زەیدی، کە ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار لە بازاڕەکانی دراودا.

جێگەی باسە، داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق سەرەتا دەچێتە ئەمریکا، دواتر مانگانە بەدوو کاروان دۆلار لە ئەمریکاوە دەگەرێتەوە بۆ عێراق، لە بەرواری (2026-4-22) ئەمریکا هەناردەی دۆلاری بۆ عێراق ڕاگرت تاوەکو پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و ڕاگرتنی یارمەتی بۆ گرووپە ملیشیکانی عێراق.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین