هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق وەستێندرا ئابووری جیهان

نوچە نێت:

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرای دەکات، جارێکی دیکە هەناردەی گازی ئێران بۆ باشووری عێراق وەستاوە، هەروەها بۆ ناوەڕاستی عێراق بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە.

ئەمڕۆ شەممە (2026-4-4) ئەحمەد موسا عەبادی، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی کاریگەرییەکانی جەنگەوە ئێران هەناردەی گازی بۆ باشووری عێراق وەستاندووە، هەروەها ڕێژەیەکی بەرچاویش لە هەناردەی گازەکەی بۆ ناوەڕاستی عێراق کەمکردۆتەوە،لە ئێستادا تەنها (5) ملیۆن مەترسێجا گاز هەناردەی ناوەڕاستی عێراق دەکات.

ئەم وەستانی هەناردەکردنی گازە لە کاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو لە ڕێکەوتی(2026-3-26) ئەحمەد موسا ڕایگەیاند، هاوردەکردنی گازی ئێران زیادیکردووە لە (5) ملیۆن مەتر سێجا بەرزبۆتەوە بۆ (18) ملیۆن مەتر سێجا،ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پرکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای باشوور و ناوەڕاستی عێراق دروست ببوو.

جێگەی ئاماژە پێدانە، لە دەستپێکی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیل، ئەمە دووەمین جارە هەناردەکردنی گازی ئێران بۆ عێراق ڕادەگیرێت،  یەکەمین ڕاگرتنی لە ڕێکەوتی (2026-3-18) بوو بەهۆی بۆردومانی كێڵگەی گازی پارس، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە (21) هەمان مانگدا هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق دەستیپێکردەوە، شایەنی باسە عێراق بۆ دابینکردنی کارەبا پشت بە گازی ئێران و گازی بەرهەم‌هێنراوی ناوەخۆ دەبەستێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین