سوودانى پارێزگاره‌كانى عێراق ده‌گۆڕێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

نوورى مالیكى سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاسا ئاشكراى كرد، محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆكى حكومه‌تى عێراق به‌ نیازه‌ پارێزگاكانى عێراق بگۆڕێت و تا ئێستایش سوودانى و نووسینگه‌كه‌ى روونكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م لێدوانه‌ى نوورى مالیكى نه‌داوه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26/ تشرینى دووه‌م/2022  رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت لێدوانێكى نوورى مالیكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێیدا ده‌ڵێ، "محه‌مه‌د شیاع سوودانى به‌ نیازه‌ پارێزگاره‌كانى عێراق بگۆڕێت". رۆژنامه‌كه‌ ده‌ڵێ، "تا ئێستا سوودانى و نووسینگه‌كه‌ى روونكردنه‌وه‌یان له‌سه‌ر ئه‌م لێدوانه‌ نه‌داوه‌، به‌ڵام به‌م لێدوانه‌ دووباره‌ كێشه‌ى حكومه‌ته‌ خۆجێییه‌كان ده‌رده‌كه‌وێته‌وه‌".

شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه‌یش ده‌كات ئه‌و زانیارییانه‌ نیگه‌رانى بۆ پارێزگاره‌كان دروست كردووه‌، به‌ڵام نوورى مالیكى پێشوازى له‌ ژماره‌یه‌ك پارێزگار كردووه‌، بۆئه‌وه‌ى بۆ گۆڕانكارییه‌كان رازییان بكات. جیا له‌وه‌یش سوودانى پێشتر باسى له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ى شه‌ش مانگ هه‌ندێك له‌ به‌رپرسانى باڵا به‌ پارێزگار و وه‌زیره‌كانیشه‌وه‌ ده‌گۆڕێ.

نوورى مالیكى كه‌ دیارترین سه‌ركرده‌ى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگییه‌، شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كات ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ ده‌ستوه‌ردانى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى بۆ كارى حكومه‌تى سوودانى. حكومه‌تى سوودانى له‌ 27ى مانگى رابردوو له‌ په‌رله‌مانى عێراق متمانه‌ى پێدرا، سوودانى كاندیدى چوارچێوه‌ى هاوئاهه‌نگى شیعه‌یه‌ كه‌ زۆربه‌ى لایه‌نه‌ شیعه‌كان له‌ خۆده‌گرێت جگه‌ له‌ ره‌وتى سه‌در.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین