ئۆکراینا و ڕووسیا دەیانەوێت کۆتایی بە جەنگ بهێنن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگەیاند، ئەگەر سەرۆکی ڕووسیا بەشداربێت لە کۆبوونەوەکانی لوتکەی گرووپی (20) دەتوانم بێمە مەیامی و لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆببمەوە، لەبەرامبەر ئەو داوایەی سەرۆکی ئۆکراینا گوتەبێژی کۆشکی کریملین دەڵێت، "ئەگەر بەراستی دەتەوێت کۆببیەوە دەتوانیت بێیە موسکۆ."

ڕۆژی یەکشەممە (2026/9/13) ماڵپەڕی (سۆڵ هەبار) بڵاوی کردەوە، بڕیارە کۆبوونەوەی لوتکەی گرووپی بیست لە میامی ئەمەریکا لە مانگی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراینا بەمەبەستی ڕێککەوتن و کۆتایهێنان بەجەنگی چەند ساڵەیان لەگەڵ ڕووسیا پێشنیاری کردووە ئەگەر ڤلادیمیر پووتین بەشداری لووتکەی گرووپی بیست بکات، ئامادەیە بچێتە میامی و لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا کۆببێتەوە.

دوای راگەیاندنی ئامادەیی سەرۆکی ئۆکراینا بۆ کۆبوونەوە، دیمیتری پێسکۆڤ گوتەبێژی کۆشکی کریملین ڕایگەیاند، "ئەگەر زێلێنسکی بەراستی مەبەستی کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەرێز پووتین دەتوانێت سەردانی مۆسکۆ بکات."، هەروەها کۆشکی کریملین سەبارەت بە بەشداریکردنی سەرۆکی ڕووسیا لە کۆبوونەوەکانی گرووپی (20) دەڵێت، جارێ ڕوون نییە ئایا بەشداردەبێت یاخود نا.

ڕاگەیاندنی ئامادەبوونی هەردوو وڵات بۆ کۆبوونەوە بەمەبەستی کۆتایهێنان بەجەنگ دوای ئەوەدێت، ئەمەریکا هەوڵی جدیی دەدات وەک ناوبژیوان بۆ گەیشتن بەرێککەوتنی هەردوو وڵات، بەگوێرەی گووتەکانی سەرۆکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی ئۆکراینا، کیڤ ئامادەکاری دەستپێکردووە بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لوتکەی سێ قۆڵی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا و ئۆکراینا لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ.

ئەم هەنگاوەش دوای ئەوە دێت، نوێنەری ئەمەریکا لە مانگی ڕابردوو، لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا و ئۆکراینا کۆبوونەوە و چەند پێشنیارێکیان لەسەر خاڵە ناکۆکییەکانی هەردوو وڵات پێشکەش کرد، هەردوو وڵاتیش ئامادەیی خۆیان پیشانداوە بۆ دانوستان، بڕیارە لە کۆبوونەوەی داهاتوودا هەریەک لە نوێنەرانی تورکیا و ئیمارات و سویسرا بەشداربن لە کۆبوونەوەی سێ قۆڵی.   

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین