ئەفغانستان داواى ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمەریکا دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچەنێت

وەزیرى دەرەوەى ئەفغانستان رایگەیاند، پێشوازى لە وەبەرهێنانى ئەمەریکا لە کەرتەکانى سامانى ژێر زەوى و ژێرخان و کشتوکاڵ و بازرگانى دەکەن، دواش دەکات، هەردوو وڵات لە داهاتوو پەیوەندییەکانیان بنیاد بنێنەوە.

رۆژى چوارشەممە (2026/9/2) ماڵپەڕى (شەرق) بڵاوى کردەوە، ئەمیر خان متەقى، وەزیرى دەرەوەى ئەفغانستان لە دیدارێکدا لەگەڵ فایننشاڵ تایمز، رایگەیاند، وڵاتەکەى بە شێوەیەکى رەها پێشوازى لە وەبەرهێنانى ئەمەریکا دەکات، پێویست ناکات هەڵسەنگاندنى نێوان کابوڵ و واشنتن بە چاوێلکەى جەنگى بیست ساڵەى رابردوو بێت، بەلکو پێویستە لەسەر بنەماى هەماهەنگى داهاتوو و سیاسەتى ئابوورى بێت.

سەبارەت بە چۆنیەتى ئەو سیاسەتە ئابورییە ئەو بەرپرسەى حکومەتى ئەفغانستان کە بزووتنەوەى تاڵیبان بەڕێوەى دەبات روونکردنەوەى زیاترى نەداوە.

دەربارەى هەڵوێستى فەرمى ئەمەریکا تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکى فەرمى نەدراوەتەوە، بەڵام بە گوتەى چاودێرانى سیاسى ئیدارەى دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا بایەخى گەورە بە دابینکردن و هاوردەکردنى کانزاکان دەدات، ئەوەش بۆ بەرەنگاربوونەوەى چینە، پێشتریش ترمپ بۆ هاوردەکردنى کانزاکان رێککەونى لەگەڵ چەندین وڵاتی دیکە  واژۆکردووە. 

سەبارەت بە ئەگەرى وەڵامدانەوەى ئەم داوایە، لە ماوەى رابردوودا دۆناڵد ترەمپ داواى گەڕانەوەى بنکەى سەربازیى باگرامى لە باکوورى کابوڵ کردبوو، کە پێى وایە ئەو بنکەیە بەهۆى نزیکى لە وێستگەکانى چین، بەهایەکى ستراتیژیى هەیە، بەڵام بزووتنەوەى تاڵیبان  ئەو داوایەى بە رەهایى رەتکردەوە.

ئەو کرانەوە ئابوورییە لە چوارچێوەى هەوڵەکانى حکومەتى تاڵیبانە بۆ فراوانکردنى پەیوەندییە دەرەکییەکان و راکێشانى وەبەرهێنانى بیانى.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین