چارەنووسی پڕۆسەی چەکدانان لە عێراق بە کوێ دەگات؟
نوچە نێت:
ئا: ئەحمەد زرار
هەڵوێستی گرووپە چەکدارەکان لە میانی بڕیاری ڕادەستکردنی چەکەکانیان جیاوازە، سەرۆکی حکومەتی عێراقیش سەرەڕای ئەو سستییەی بە پڕۆسەکەوە دیارە، سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکە، لای خۆشیەوە ڕایدەگەیێنێت، سەرجەم هێزە سیاسییەکان کۆکن لەسەر کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری، بەڵام ناکۆکی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی هەیە.
بڕیاری ڕادەستکردنی چەک چۆن دەستیپێکرد؟
ڕادەستکردنی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و دەمێک ساڵە عێراق کاری بۆ دەکات، لە سەرەتاوە لە ژێر دروشمی "قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا" هەوڵ بێوچان دەدرا، تا دواتر کە عەلی فالح زەیدی لە (16)ـی مانگی ئایاری ئەمساڵ سەرۆک وەزیرانی نوێ و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق دەستبەکاربوو، بڕیاریدا چەک تەنھا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و ھیچ ھێزێکی چەکداریی لە دەرەوەی دەوڵەتدا بوونی نەبێت و بەپێی دوایین کۆبوونەوەش کە لەلایەن ھاوپەیمانی ئیدارەدانی دەوڵەت ئەنجام درا، ئاماژە بەوە کرا، کە دوای (30)ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، ھەر گرووپێکی چەکداریی لە عێڕاق، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ڕاستەوخۆ دوای بڕیارەکەش لیژنەیەکی تایبەت بە ناوی لیژنەی ھەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنیان بە ھێزە ئەمنییەکان پێکھێنرا و بڕیارەکەش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کاتێک (27)ـی مانگی ئایار، موقتەدا سەدر سەرکردەی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، ھەڵوەشاندنەوەی گرووپی "سەرایا سەلام"ی باڵی چەکداریی ڕەوتەکەی و تێکەڵکردنی بە ھێزە ئەمنییەکانی دەوڵەت ڕاگەیاند و داواشی کرد کە سەرجەم گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حەشدی شەعبی، چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
لەپێناو ڕێکخستنەوەی چەک لە وڵات چوارچێوەی هەماهەنگیش پاڵپشتی خۆی بۆ سەرۆک وەزیران دەربڕی و بڕیار درا، دەبێت هەموو گرووپە چەکدارەکان چەک ڕادەستی دەوڵەت بکەن؛ لە بەرانبەریشدا حکومەت و لایەنە سیاسییەکان لەسەر تەرخانکردنی (35) هەزار هەلی کار بۆ ئەو چەکدارانەی چەک دادەنێن ڕێککەوتوون.
ڕەتکردنەوەی بڕیارەکە
کێبڕکێ و ناکۆکی ناوخۆیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق گەیشتە قۆناغێکی مەترسیدار، کاتێک "عەسائیب" و چەند گرووپێکی دیکە ڕازی بوون چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن، دەستبەجێ "میلیشیای کەتیبەی سەیدولشوهەدا" بە توندی هێرشی کردە سەر "قەیس خەزعەلی" و گرووپی "عەسائیبی ئەهلی حەق" و تۆمەتباری کردن بە خیانەتکردن لە پێناو بەدەستهێنانی پۆستی وەزارەتدا، هەروەها بزووتنەوەی "نوجەبا" بە فەرمی دژایەتی خۆی بۆ پرۆسەی چەکداماڵین ڕاگەیاند و ئەکرەم کەعبی ئەمینداری گشتی بزووتنەوەکە جەختی کردەوە کە چەکی ئەوان هێڵی سوورە و تا دوا هەناسە ڕادەستی ناکەن. دواتر گرووپەکانی وەک: (حزبوڵڵا، ئەسحابولکەھف و سەرایا ئەولیا دەم) بەھەموو شێوەیەک ڕەتیانکردەوە کە چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و ئاشکرایان کرد، کە چەکەکانمان ھیچ ڕۆژێک بژاردەیەک نەبووە بۆ سازش، بەڵکو باوەڕ و پەیمانێکە لە ئەستۆمان و ئەمانەتێکی ئایینییە.
تێوەگلانی ئێران لە بڕیارەکە
دوای دوو مانگ لە ڕاگەیاندنی بڕیارەکە لە (10/8/2026) ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەردانی بەغدای کرد و بە بەپرسانی ڕاگەیاندووە، کە ئێمە لەگەڵ چەکدانانی بەرەی مقاوەمە نین، نامانەوێت ئەزموونی لوبنان و سووریا لە عێراق دووبارە ببێتەوە، بۆیە بە هیچ شێوەیەک باسی چەکدانانی بەرەی مقاوەمە نەکەن، چونکە ئێمە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو بابەتە نین و پێویستە گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن.
پڕۆسەکە بە چ قۆناغێک گەیشتووە؟
بەرەوپیشچوونی پڕۆسەکە سستی پێوە دیارە و وەک شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، کە ئێستا هەڵوێستی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەرامبەر چەکدانانی گرووپە چەکدارەکان نەرم بووە و وەک جاران توند نییە. بۆیە دوای گۆڕانی هەڵوێستی سەرۆک وەزیران، کازم شەمەری ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، کە ڕێککەوتنێکی گەورە کراوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی گرووپە چەکدارەکان بێ ئەوەی چەکەکانیان ڕادەست بکەن، لەبری ئەوەی بەتەواوی هەڵبوەشێنرێنەوە، دەبنە بەشێک لە دەستەی حەشدی شەعبی، ئەو ڕێککەوتنە جگە لە گرووپی چەکداریی (حیزبوڵڵای عێراقی) هەموو گرووپەکانی تر بەشدارن تێیدا.
کازم شەمەری گووتیشی، گەشبینییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە دەستبەرداربوونی ئەو گرووپانە لە پێگەی پێشوویان و پەیوەندیکردنیان بە حەشدی شەعبییەوە، بەو پێیەی حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستەمی ئەمنیی فەرمیی عێراق، ئێستا کەشوهەوایەکی ئەرێنی هەیە بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی مانگی ئەیلوول ئەم بابەتە و پرۆسەی پەیوەندیکردنیان بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.
پاشگەزبوونەوە لە وادەی کۆتایی
بە گوێرەی زانیارییەکان هەڵوێستی حکومەت لەسەر پڕۆسەی ڕادەستکردن سستی پێوە دیارە و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆش ڕایگەیاندووە کە نایەوێت بڕیاری چەکدانان وەکوو خۆی جێبەجێ بکات، بەڵکوو بەهۆی ئەو گرژی و هەڵوێستانەی دوای بڕیارەکە هاتنە ئاراوە، هەندێک گۆڕانکاری تێدا دەکرێت، چونکە جێبەجێکردنی بڕیاری لەم شێوەیە کاری لە پێشینەی دەوێت و دەبێت بە قۆناغبەندی جێبەجێ بکرێت، وەک ئەو لێدوانەی حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق کە بۆ ڕاگەیاندنە ناوخۆییەکان دەریکرد، ڕایگەیاند، وادەی (30)ی ئەیلولی داهاتوو تایبەتە بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و پەیوەندی بە وادەی ڕادەستکردنی چەکی گروپەکانەوە نییە.
بەڵام عەلی زەیدی لە پەراوێزی کۆنفرانسی "دیالۆگی بەغدا" جەختی لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە کردەوە و ڕایگەیاند، سەرجەم هێزە سیاسییەکان کۆکن لەسەر کۆتاییهێنان بە دیاردەی چەکداری، بەڵام ناکۆکی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنەکەی هەیە، چونکە میکانیزمی چەکداماڵین سێ هەنگاو لەخۆدەگرێت: ڕاگەیاندنی وەستانی کاری سەربازیی لەلایەن گرووپەکانەوە، ڕادەستکردنی چەک بە حکومەت و هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکان بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بخرێنە سەر حکومەتی فیدراڵی لە ڕێگەی دەستەی حەشدی شەعبییەوە.
ئەنجام
کەواتە سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی و دەستوەردانی ئێران لە پڕۆسەکە؛ کاریگەریی قورسی لەسەر سستبوونی پڕۆسەکە هەبووە؛ ئەمەش وای کردووە حکومەت لە بڕیاری سەرەتایی خۆی (چەکداماڵینی تەواوەتی) پاشەکشە بکات و هانا بۆ سازشێکی سیاسی ببات، کە بریتییە لە حەواندنەوە و تێکەڵکردنی ئەو گرووپانە لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبیدا بەبێ ئەوەی چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
بۆیە سەرەڕای سووربوونی سەرۆک وەزیران لەسەر بنەبڕکردنی دیاردەی چەکداری لە ڕێگەی پلانێکی سێ قۆناغییەوە، لێدوانی گوتەبێژی حکومەت سەبارەت بە گۆڕینی چەمکی وادەی (30)ـی ئەیلوول لە چەکدانانی گرووپەکانەوە؛ ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پاشگەزبوونەوەی ناڕاستەوخۆ و نەبوونی کۆدەنگیی کۆتایی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە کاتی دیاریکراودا.
سەرچاوەکان:
- https://www.aa.com.tr/ks/عێراق/کۆتایی-ئەیلوول-و-داھاتووی-گرووپە-چەکدارەکان-لە-عێڕاق/4032377
- https://www.speemedia.com/dreja.aspx?=hewal&jmare=154006&Jor=2
- https://www.kurdistan24.net/ckb/story/934732/بەرپرسانی-ئێران-لەبارەی-چەکدانانی-گرووپەچەکدارەکان-هۆشدارییان-داوەتە-عێراق
- https://ava.news/news/55568
- https://www.knnc.net/Details.aspx?jimare=67241
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment