نەتەوە یەکگرتووەکان: مامەڵەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان دژ بە مرۆڤایەتییە هەواڵ

نوچەنێت:

لە دوایین بڕیاردا بزوتنەوەی تاڵیبان، چوونی ژنانی بۆ پارک و هۆڵە وەرزشییەکان و گەرماوە گشتییەکانی وڵاتەکەی قەدەغەکرد، لەو بارەیەوە شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، ئەو شێوازە مامەڵەیەی تاڵیبان لەگەڵ ژنان تاوانی دژی مرۆڤایەتییە.

رۆژی هەینی (25/تشرینی دووەم/2022) ئاژانسی هەواڵی (ئەلعەرەبییە ئەلجەدید) راپۆرتێکی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا رەخنە لە دەسەڵاتی تاڵیبان دەگرێت بەهۆی خراپی مامەڵەکردن و سنووردارکردنی ئازادییەکانی ژنان کە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە قەڵەمدا.

لەو راپۆرتەدا باس لەوەشکراوە، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، دوایین مامەڵەى تاڵیبان بەرانبەر بە ژنان و کچان، پێشیلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە ئێستادا قووڵترکردووەتەوە، کە ئەو رەفتارانە بە (دڕندەترینی جیهان) ناویدەبات.

هەروەها داوا لە بزوتنەوەی تاڵیبان دەکات ڕێز لە ماف و ئازادییەکانی ژنان بگرێت و چالاکوانانی زیندانیکراو ئازاد بکەن، ڕێگە بە کچان و ژنان بدەن بچنە قوتابخانە و لە شوێنە گشتییەکاندا بە ئازادی هاتووچۆ بکەن، لەگەڵ ئەوەش کوڕان و پیاوان هان نەدەن بۆ سزادانی ئەو ژن و کچانەی کە بەرەنگاری بڕیارەکانی تاڵیبان دەبنەوە لە سەر زەوت کردنی مافە رەواکانی خۆیان.

لەدوای ئەوەی تاڵیبان لە مانگی ئابی (2021) لە ئەفغانستان هاتەسەردەسەڵات، رۆژ لە دوای رۆژ یاساکان بۆ ژنان توندتر دەکات، پێشووتر کارکردنی ژنانی لە دەرەوە قەدەغەکرد، دواتر خوێندن و ئێستاش چوونە پارک و یانە وەرزشییەکانی قەدەغەکرد، ئەمەش کاردانەوەى زۆری لەناو خۆى ئەو وڵاتە لێکەوتەوە.

ئا: هێما جەبار

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین