لوقمان غەریب: درامای بیانی زۆرترین زیانی بە بینەر و بەرهەمی کوردی گەیاندووە کولتوور

دیارى چوچانى: تایبەت بە نوچەنێت

دەرھێنەر لوقمان غەریب لە دیمانەیەکی تایبەت بە نوچەنێت ئاماژە بەوەدەکات، دراما بیانییەکان زۆرترین زیانیان بە بەرھەمی کوردی گەیاندوە، لە دێژەی دیمانەکە باس لە بەر ھەمێکی نوێی دەکات بە ناوی زنجیرە درامای (تەم) کە (30) ئەڵقە پێدێت و دەشڵێت، "ئەوەی دنیا و مرۆڤایەتی جوان دەکات هونەر و ڕۆشنگەرییە، ژیان دۆستییە."

دەقی دیمانەی ماڵپەڕی نوچەنێت لەگەڵ دەرھێنەر لوقمان غەریب:

نوچەنێت: ئەو ئاست تەنگیانەچین دێنە بەردەم دەرھێنەرێک لە کوردستان؟

لوقمان غەریب: ئاستەنگ زۆرن لەوانە، نەبوونی زەمینەی لەبار و پشتیوانی بەردەوام بۆ بەرهەمهێنانی دراما و فیلم، نەبوونی هەڵسەنگاندن و جیاوازی کردن لە نێوان ئاستەکاندا، نەبوونی ڕێز لەتوانا و داهێنان و نوێکاری و زۆر ئاستەنگی تریش.

نوچەنێت: لەماوەی ڕابردوو کۆمەڵێک درامات بەرھەم ھێنا، لەوانە (نامەکانی ئەشرەف، ڕێحانە، یوسف ناگەڕێتەوە) کاری لەم شێوەیەت لە پڕۆژەیە؟

لوقمان غەریب: بێگومان من بەردەوام کار دەکەم، سەڕای هەموو ئاستەنگەکان و نەبوونی پشتیوای و سەپۆرت، ئێستا سەرقاڵی دوو پرۆژە کاری هونەرییم لەو جۆرانەی کەباست کردن یەکێکیان بە ناوی ( تەم ) ، کارکردنی بەردەوام ئەزموونەکان دەوڵەمەند دەکات.

نوچەنێت: حکومەتی ھەرێمی کوردستان تاچەند گرینگی بەھونەرمەندان و ھونەری کوردی دەدات؟ پێتوایە ھونەری کوردی پشتگوێ خراوە؟

لوقمان غەریب: لە ڕاسیتیدا لە دوای ڕوخانی ڕژیمی بەعس ، بۆ ماوەی چوار تا پێنج ساڵێک حکومەتی هەرێم و وەزارەتە ڕۆشنبیرییەکەی پشتیوانی کار و پرۆژەی هونەریی و خودی هونەرمەندانیشی دەکرد، بەڵام بە پلان و لەسەر بنەمای کاری داهێنەرانە و هونەر و هونەرمەندی جدیی نەبوو، بەڵکو بەشێوازیکی نا ڕێک و بێ بەرنامە بودجەی گەورەیان خەرج کرد و پارەی زۆرییان بەهەدەر دا، کەچی نەک سوود بگرە زیانیکی گەورەی بە بوارەکە گەیاند .. لە ئێستاشدا هونەرمەند و ئەدیب و نووسەران و دنیای فەرهەنگی ئێمە لە دۆڵێک و حکومەت و لایەنی بەرپرسیش لە دۆڵێکی تر و دەنگییان بەیەک ناگات، ئێستا بواری هونەریی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە نەک فەرامۆش کراوە، بەڵکو هەر لەیاد کراوە و لە یادەوەرییاندا نەماوە.

نوچەنێت: وەک دەرھێنەرێک پێت باشە چی بکرێت ھەتا جارێکی دیکە دراما و فیلمە کوردییەکان لە کوردستان لە پێشەنگ بێت؟

لوقمان غەریب: زۆر جار ووتوومە دەبێ بە یاسا و ڕێنمایی و فشاری حکومەت لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانییەوە کەناڵەکانی تەلەفزیۆن و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت ناچار بکات، کە ڕوو لە بەرهەمی ناوخۆیی بکەن و سەپۆرت و پشتیوانی بکەن و واز لەو هەموو بازاڕگەرمییە بهێنن کە بۆ کاڵا و بەرهەمی بیانی دەیکەن، وە حکومەت خۆشی بە ئاسانکاری و سەخاوەتەوە و بە بەرنامە و پلان و لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندن و کوالێتی پشتیوانی هونەر و هونەرمەندان و کایە و بەرهەمە هونەرییەکانیان بکات، ئەوەی دنیا و مرۆڤایەتی جوان دەکات هونەر و ڕۆشنگەرییە، ژیان دۆستییە.

نوچەنێت: ئەکتەرەکانی کوردستان گلەی ئەوەیان ھەیە دەڵێن، دەرھێنەرەکان ڕۆڵی ئەکتەری نادەن بە کەسی شیاو ، یاخود ڕۆڵەکە دەدەن بەو کەسانەی کە خزم و ناسراویانن ، لەو بارەیەوە چی دەڵێت؟

لوقمان غەریب: ڕاستە ڕەنگە لە زۆر شوین و لە زۆر کاری هونەریی ئەو حاڵەتانە ڕوویان دابێت، بەڵام لای ئێمە و لە کارەکانی مندا ڕێگەم بەم جۆرە دیاردەیە نەداوە، من دژی مەحسوبییەت و ناسیاویم لە دابەشکردنی کاری هونەرییدا.

نوچەنێت: درامای نامەکانی ئەشرەف یەکێک بوو لە دراما جوان و باشەکانی لوقمان غەریب، تاچەند بوونی ئەو درامایانە پێویستە بۆ کوردستان؟

لوقمان غەریب: هەموو جۆرەکانی دراما پێویستن، دراما ڕەگەزێکی بنچینەییە لەکاری تەلەفزیۆنییدا، کەناڵەکانی تیڤی بەهۆی دراماکانەوە دەناسرین و بینەرییان دەبێت، نابینی لە دنیادا چ جۆرە گرنگییەک بە بەرهەمهێنانی دراما دەدەن و چۆن بازاڕی بۆ خۆش دەکەن؟ زۆر جار میللەتان و وڵاتان لە ڕێی دراماکانیانەوە پەیامی سیاسی و پەیامی تری ژیانیی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت گەشتوگوزار و بازرگانیش دەنێرن.

نوچەنێت: ھونەرمەند تەھا خەلیلی ڕەحمەتی، بەھۆی کۆچی لە ناکاوی نەیتوانی درامای ڕێحانە تەواو بکات، کە ڕۆڵی کوێخا فەرەجی دەبینی، ئەو گرفتانە چی بوون ھاتنە پێشەوە لەدراماکە دوای کۆچی دوای تەھا خەلیل؟

لوقمان غەریب: ڕەواشاد کاک تەها هەموو ڕۆڵەکانی خۆی تەواو کرد بوو هیچی نەمابوو کە وەفاتی کرد، تەنها چەند دیالۆگێکی کورتی دەنگی مابوو، کە فریا نەکەوتیین تۆماری کەین، ئەویش بە سەب تایتڵ و نووسین چارەسەرمان کرد، نەخێر مردنی کاک تەها ڕۆحی شاد بێت هیچ گرفتێکی لە دراماکەدا دروست نەکرد.

نوچەنێت: نوێترین کاری ھونەری لوقمان غەریب چییە؟

لوقمان غەریب: زنجیرە درامای (تەم) کە (30) ئەڵقەیە و ئێستا لەسەرەتای ئامادەکاریدام بۆ بەرهەمهێنانی، دەبێتە بەرهەمی 2022 ـ 2023ی ناوەندی GAV KURD ART لە سلێمانی و هەولێر، ئەگەری هەیە بۆ ڕەمەزانی داهاتوو ئامادە ببێت.

نوچەنێت: گلەی ئەوە ھەیە ھونەرمەندان ناتوانن تەنھا بەکاری ھونەری بژێوی ژیانیان دابین بکەن، بۆیە پەنادەبەنە بەرکاری دیکە؟

لوقمان غەریب: ئەوە ئاساییە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات ئەوە وایە ڕاستە، چونکە ئاست و شێوازی بەرهەمهێنانی هونەریی ئەو ڕواڵەت و سیما و ناوەڕۆکە بازرگانییە فراوانەی وەرنەگرتووە ، کەلە وڵاتانی ڕۆژادا هەیەتی، بۆیە هونەرمەند ناتوانێ تەنها بەکاری هونەریی بژی و ئیتر ئاساییە کە کاری تر بکات.

نوچەنێت: چی بکرێت بۆ ئەوەی سەرچاوەی داھاتێکی باش بۆ ھونەرمەندان دروست بکرێت؟

لوقمان غەریب: ئەمە توێژینەوەیەکی فراوان و  زانستی دەوێت کە دەوڵەت و لایەنی پەیوەندیدار پێی هەڵسن، من ناتوانم هەروا بەسادەیی بڵێم وا بکەین و وا نەکەین .

نوچەنێت: بوونی دراما بیانییەکان تاچەند زەرەری لە ھونەری کوردیداوە؟

لوقمان غەریب: درامای بیانی زۆرترین زیانی بە بینەر و بەرهەمی کوردی گەیاندووە، نەسیجی کۆمەڵایەتی تێکداوە و بۆتە سەرچاوەی دەیان کێشە و تەنگوچەڵەمەی کۆمەڵایەتی و خێزانیی و تێکدانی میزاج و چێژی بینینی بینەری کورد، بەگشتی کاریگەری زۆر خراپی بەجێ هێشتووە کە وا ووردە ووردە ئێستا لە ڕووداوە کۆمەڵایەتیەکاندا ئەنجامەکەی دەبینین.

نوچەنێت: دۆخی شانۆ و دراما کوردییەکان چۆن ھەڵدەسەنگێنی لە ئەمڕۆدا؟

لوقمان غەریب: بەرهەمی باش هەیە و بەرهەمی بێ پێز و سادە و بێ ناوەڕۆکیش هەیە، بینەری هۆشیار جیاوازییەکان دەبینێ و بواری داهێنانیش مجامەلە ناخوازێ، بەرهەمێکی خراپ هیچ کات ناتوانێ ببێتە بەشێک لە مێژووی جوانی هونەر، چونکە هونەر بریتییە لە ئەفراندن و داهێنان.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین