زمانى كوردى دەبێتە زمانى سەرەکى و یەکەمى شوێنە گەشتیارییەکان کولتوور

نوچەنێت:

ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم ڕایدەگەیێنێت، "زمانی کوردی دەکرێتە زمانی یەکەم و سەرەکی شوێنە گەشتیارییەکان و هێزی کاری ناوخۆیی بۆ 75% بەرز دەکرێتەوە."

ئەمڕۆ سێشەممە (29/تشرینى دووەم/2022) ماڵپەڕى حکومەتى هەرێم بڵاویکردەوە، لەسەر ڕاسپاردەى ئەنجوومەنى وەزیران، دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕاسپێدراون "بە جێبەجێکردنی دوو بڕیار هەلی کاری زیاتر بۆ هێزی کاری ناوخۆیی دابین دەکات و زمانی کوردیش دەکاتە زمانی یەکەم و سەرەکی شوێنە گەشتیارییەکان."

سەبارەت بە ناوەڕۆکى بڕیارەکان، ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بەو ماڵپەڕەى ڕاگەیاندووە، "بڕیاری یەکەم تایبەتە بە بەرزکردنەوەی رێژەی هیزی كاری ناوخۆیی لە كەرتی گەشتیاری بۆ 75% و بڕیاری دووەمیش چەسپاندنى زمانی کوردییە لە شوێنە گەشتیارییەکان و ناچارکردنى فەرمانبەرانی ئەم کەرتە بۆ فێربوونى زمانى کوردییە.

بە پێی رێنماییەکانی دەستەی گەشتوگوزار پێویستە 75% هێزی کار لە بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان خۆماڵى بێت و بە وتەی سەرۆکی دەستە، لە قۆناغى یەکەمدا ڕێژەی 30% لە شوێنە گەشتیارییەکان دەچەسپێندرێت و لە قوناخەکانی داهاتوودا بۆ 75%  بەرز دەکرێتەوە."

بەپێى بڕیارەکەى دەستەى گەشتوگوزار، لەمەودا دەبێ لە "مینۆی خواردنی هوتێل و چێشتخانە و شوینە گشتییەكان و تابلۆ هەڵواسراوەکانی شوێنە گەشتیارییەکان زمانی کوردی زمانی سەرەکی و یەکەم بێت. زمانەکانی دیکەشیان، ئەگەر هەبێت، پێویستە بەدوای زمانی کوردییەوە بن.

لە مانگى ئابى ئەمساڵ، یەک مانگ مۆڵەت بە شوێنە گەشتیارییەکان دراوە، تاوەکو زمانى کوردى  زمانى یەکەم و سەرەکى سەر تابلۆکانیان بێت، لەئەگەرى جێبەجێ نەکردنى ئەمڕ بڕیارە، وەک ئەمەل جەلال دەڵێت، "بۆ جارى یەکەم، ئاگادار دەکرێنەوە. جاری دووەم، بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دادەخرێن و بۆ جاری سێیەمیش مۆڵەتەکەی لێوەردەگیرێتەوە."

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین