سەرپەرشتیارى پێشانگەى سلێمانى بۆ کتێب: نزیکەى (500) هەزار هاونیشتمانى سەردانى پێشانگەیان کردووە کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

بەپێى وتەى سەرپەرشتیارى پێشانگەى نێودەوڵەتیى سلێمانى بۆ کتێب، خوێنەرێکى زۆر سەردانى پێشانگاکەیان کردووە. سەرپەرشتیارى دەزگایەکى چاپ و بڵاوکردنەوەى کتێب دەڵێت، "زیاتر لە چوار هەزار کتێبمان فرۆشتووە."

شەوقی عومەر، سەرپەرشتیاری پێشانگەی سلێمانی بۆ کتێب تایبەت بەنوچەنێت ڕاگەیاند، "ئەمساڵ سەردانیکردنی خوێنەر جیا لە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی و شەممە، وەکو ساڵانی پێشوتر زۆر قەرەباڵەغ بوو، بەڵام بە کۆی گشتی (500) هەزار هاووڵاتى هاتوون بۆ پێشانگاکە".

سەبارەت بەو کەسانەى سەردانى پێشانگەیان کردووە، شەوقی عومەر گوتی، "هەندێ جۆرى  پێشانگە هەیە تایبەتە بە چینێک، بەڵام پێشانگای کتێب  هەموو خەڵکێک بۆى دێت، ئەوانەی کە هاتبوون لەهەموو تەمەنێکی تێدابوو لە قوتابخانەکان و باخچەی ساوایان و هەتا زانکۆکان."

سەرپەرشتیارى پێشانگەى سلێمانى بۆ کتێب ڕەتیکردەوە پڕفرۆشترین کتێبى ئەو پێشانگەیە دیاریکرا بێـت و هەر دەزگایەک بۆ خۆى پڕفرۆشترین کتێبى خۆى دیارى دەکات. لەسەر نرخى کتێبەکانش دەڵێت، "بە لەبەر چاوگرتنی ئەو دۆخەی بازارەی کە ئێستا هەیە، زۆر باشبوو خەڵکى زۆر رازیبوون، بەتایبەت ئەوانەى دۆستى کتێب بوون، ناڵێم گوێ بە نرخ نادات، بەڵام دواجار دڵی دەچێتە سەر کتێبێک لەبەر چەند هەزارێک خۆی ناگرێت و دەیکڕێت، بەڵام بۆ چارەسەری ئەمە بە سوپاسەوە زۆربەی ناوەندەکان داشکاندنێکی چاکیان کردبوو لە (30٪ تێدابوو تا 40٪)".

سیروان حەمە سەعید، لە ناوەندى ڕۆشنبیرى جەمال عیرفان بۆ نوچەنێت جەختى لەوەکردەوە، "بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەمساڵ بەشداریى پێشانگایان کردبوو، هەرچەندە بارودۆخی سلێمانی باش نەبوو بەهۆی غاز تەقین و تۆپباران کردنی سلێمانی، من هەستم دەکرد خەڵکی زۆر ئاسوودە نەبوو".

ئەو زیاتر روونیکردەوە، "زۆربەی ئەوانەى سەردانى پێشانگاکەیان کردووە، لە گەنج و منداڵ و بەتەمەنن، بەڵام زۆرترینیان ئیسلامییەکان بوون، هەموو ساڵێک ئیسلامییەکان بووە، هەر ئیسلامییەکان خوێنەوارترن  و لەوانی تر کتێبیان کڕیوە و کڕیارن". بە وتەى سیروان حەمە سەعید دەشڵێت، ئەگەرچى ئەمساڵ کتێبیان زۆر نەفرۆشتووە، بەڵام پڕ فرۆشترین کتێبی ناوەندەکەیان، "سەرەتایەک بۆ وانە ووتنەوە، خوڵاسەی تاریخی کورد و کوردستان، تۆفیق وەهبی بەگ، (100) ساڵ دوای سیڤەر، تایبەتمەندی تاکی کورد، کتێبە ئۆکسفۆردەکان."

هەر سەبارەت ژمارەى ئەو کەسانەى سەردانى پێشانگەى کتێبیان لە سلێمانى کردووە، حەسەن عەلى، بەڕێوەبەری ناوەندی چاپ و بڵاوکراووەى ئاوێر بۆ نوچەنێتى ڕاگەیاند، "بەگوێرەی داتاکانی ساڵی پار ئەم ساڵ پێشانگا زۆر خراپ بوو، بەڵام ئێمە وەکو ناوەندی ئاوێر چوار بۆ پێنج هەزار کتێبمان فرۆشتووە".

بەڕێوەبەری ناوەندی ئاوێر گووتیشى، "زیاتر گەنجەکان کتێب دەخوێننەوە، بەڵام کێشەیەک هەیە لەناو کتێبدا، ئەویش بوونی کتێبی خراپە، زۆربوونی کتێبی ئایینی بێ ناوەڕۆک و ڕەنگی دەکەن ئەو جۆرە کتێبانە رێگەیان لە کتێبی باش گرتووە، بۆ ئەوەی خوێنەر سوودی لێببینێت و بیخوێنێتەوە، بەتایبەت هەندێ دەزگا ئیسلامییەکان و هەندێک لە دەزگاکانی ئێمەش هەوڵی پارەکۆکردنەوە دەدەن، کە ئەو کتێبانە چاپ دەکەن."

حەسەن عەلى گلەیی لە چاپکردنى کتێب دەکات و دەڵێت، "لە هیچ وڵاتێک ئەو جۆرە کتێبانە نییە، ناوەند  کاتێ کتێبێک چاپ دەکەن، ناونیشانی کتێبەکەش دەگۆڕن بۆ پارە کۆکردنەوە، بۆیە ساڵ لە دوای ساڵ بەتایبەت لە پێشانگەى سلێمانی زۆر بەرەو خراپی دەڕوات، لە هەولێر هیچ کاتێک وا نەبووە، ئەوانەی سەرپەرشتیاری پێشانگاکەی سلێمانی دەکەن، ئەو ناوەندانەى کتێبى ئیسلامیی دەفرۆشن لە بەشی پێشەوەی پێشانگاکە دایدەنێن، هەرچی ناوەندەکانی ترە فڕەیان دەدەنە کوچەیەکی پێشانگاکەوە، بۆ ئەوەی وەکو سوکایەتی خەڵک سەیرمان بکات، هەمیش بۆ ئەوەی لە راگەیاندنەکان بڵێن کتێبی ئیسلامی زۆرترین کتێبی لێ دەفرۆشرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین