د. ڤیان سلێمان: جێندەر بۆ دروستکردنى یەکسانییە لە نێوان ئافرەت و پیاو هەواڵ

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

د. ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، لە هەڵمەتى (16) ڕۆژەى بەرەنگاربوونەوەى توندوتیژى دژ بە ئافرەتان ڕایدەگەیێنێت، "لە ناو کۆمەڵگەدا لێکدانەوەى هەڵە بۆ چەمکى جێندەر دەکرێ، لە کاتێکدا جێندەر بۆ یەکسانى ژن و پیاوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (یەکى/کانوونى یەکەم/2022) د. ڤیان سلێمان، سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، تایبەت نوچەنێتى ڕایگەیاند، "وشەى جێندەر بە هەڵە تێگەیشتن بەرامبەری دروست دەبێت، ئەم وشەیە رەگەزی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە، جێندەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە تێپەربوونی مرۆڤ بە پڕۆسەی کۆمەڵایەتی بووندا جیاوازییەک بێجگە لە رەگەز لە نێوان مرۆڤەکاندا دروست دەکرێت، لەسەر بنەمایەکی رەگەزیی، بەڵام ئەو جیاوازییە جیاوازییەکی جێندەرییە، واتە جیاوازییە لە رۆڵ بینین و ئەو کارانەی، کە تەواو پەیوەست دەکرێن بۆ ئەو دوو تاکەی مرۆڤ لە ناو کۆمەڵگادا." 

سکرتێرى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان، هەر لەسەر ئەو چەمکە ڕوونکردنەوەى زیاتر دەدات و دەڵێت، "بۆ نموونە ئافرەت زیاتر كارى پەروەردەى خێزان و کاری ناو ماڵی دەکات و پیاو دابینکردنی بژێوی خێزانی بۆ دەست نیشانکراوە، ئەمە جیاوازییەکی جێندەرییە، لەبەر ئەوەی لەسەر ئەساسی توانا جەستەییەکانی مرۆڤ، ئەم جیاوازییەی لە نێوان مرۆڤەکاندا خستۆتەڕوو، لە کاتێکدا ژیانی مرۆڤ لەسەر ئەساسی سێ پێوەر دەبێت هەبێت، توانا جەستەییەکان، توانا ئەقلیەکان، تواناى فێربوون، بۆیە ئەم سێ پێوەرە دەبێت بۆ مرۆڤەکان دروست ببێت."

بە بۆچوونى د. ڤیان سلێمان، جۆرێک لە جێندەرێکى هەڵە لە ناو کۆمەڵگە دروستبووە، وەک خۆى دەڵێت، "بەخێوکردن و پەروەردە کردنی  منداڵ دەڵێن زیاتر ئەرکی دایکە، بەڵام وانیە، منداڵ پێویستی بە پەروەردەکردنی باوک و دایک هەیە، هەردووکیان تەواوکەری یەکترن بۆ پەروەردەکردنێکی دروستتر، یەکسانی جێندەری لەمە دایە، کە ئێمە دەڵێین، راستە ئافرەتەکە منداڵی دەبێت، بەڵام پەروەردە و بەخێوکردنی منداڵ لە ڕاستیدا ئەرکی دایک وباوکە، نەک تۆ بەخێوکردنەکە هەمووی بخەیتە ئەستۆی پیاو، پیاوێکی  خاوەن جەستەییەکى ماندوو و شەکەت دروست بکەیت، وە نە پەروەردەکە تەنها بخەیتە ئەستۆی ئافرەت، کە پەروەردەیەکی لەنگى هەبێت، بەڵام بەیەکەوە هەم لە بەخێوکردن، هەم لە پەروەردکردنی منداڵ بەیەکەوە تەواوکەری یەکتربن، هاوبەشێکی باشتربن، پەروەردەیەکی دروستر بۆ منداڵ، دابین بکرێت." 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین