ئێران راگرتنی کاری پۆلیسی رەوشتی راگەیاند ئێران

نوچەنێت: رادیۆ فەردا

ڕۆژی شەممە ٣-١٢-٢٠٢٢، داواکاری گشتی ئێران، سەبارەت بە ڕاگرتنی چالاکیی "دەورییەی پۆلیسی رەوشتی" ڕایگەیاند، چالاکی ئەم دەورییە هیچ پەیوەندییەکی بە دەسەڵاتی دادوەرییەوە نییە و "لە هەمان شوێنەوە داخراوە کە لە ڕابردوودا لێی دامەزرابوو".

محەممەد جەعفەر مۆنتەزێری، لەمیانەی کۆبوونەوەیەک بەناوی "جهاد تبیین" کە لەسەر بابەتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە بەڕێوەچوو، گوتی "بێگومان دەسەڵاتی دادوەری بەردەوامە لە چاودێریکردنی کردەوە رەفتارییەکان لەسەر ئاستی کۆمەڵگا."

داواکاری گشتی ئێران زیاتر ئاماژەی بە "حیجابی خراپ لە وڵات" و بە تایبەتی "شاری قوم" کرد و گوتیشی: "حیجابی خراپ" لە وڵات و بەتایبەت شاری قوم، یەکێکە لە "نیگەرانی" سەرەکیی دەسەڵاتی دادوەری، بەڵام "ڕووبەڕووبوونەوەی دادوەری لە دوا قۆناغدایە" و رێوشوێنی کەلتووری پێش هەر چالاکییەک دەکەوێت.

 ناوبراو لە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو ڕایگەیاند، کە ١٥ ڕۆژی تر پەرلەمان و ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی فەرهەنگی، بۆچوونی خۆیان لەسەر پرسی حیجاب رادەگەیەنن.

دوابەدوای کۆچی دوایی ژینا ئەمینی، لە ژێر دەستی دەوریەی ئیرشاد، ناڕەزایەتی سەرتاسەری لە ئێران دەستی پێکرد. لەم ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییانەدا، ژنان وەک نیشانەی ناڕەزایەتی، حیجابی زۆرەملێیان لابرد و لە شەقام و جادە گشتییەکان ئاگریان لە لەچکەکانیان بەردا.

دەوریەی ئاسایشی ئەخلاقی کە پێی دەوترێت ''گەشتی ارشاد''، یەکەیەکە لە فەرماندەیی هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران.

دەستپێکردنی دەوریەی رێنمایی لە هاوینی ٢٠٠٦ەوە لە لایەن کاربەدەستانی هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە فەرمی ڕاگەیەندرا. ئەحمەدرەزا ڕادان، فەرماندەی پێشووی پۆلیسی تاران، لە سەردەمی سەرۆکایەتی مەحموود ئەحمەدی نەژاد، دەستپێکردنی ئەم دەورییەی بە "بەرەنگاربوونەوەی بێ جیجابی و کەسە شەڕەنگێزەکان" وەسف کرد.

لەلایەکی دیکەوە چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێن لە کاتی چالاکییەکانی دەوریەی ئیرشاد، دەیان هەزار ژن لە شارە جیاجیاکانی ئێران بە هۆی نەپۆشینی حیجابی ئیسلامی تەواوەوە دەستبەسەر کراون و "سەدان هەزار ژنیش لەلایەن دەوریەی ئیرشادەوە سەرزەنشت و سووکایەتییان پێکراوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین