دیار وەستا عەزیز: ئەمساڵ زیاتر لە هەزار کتێب ژمارەى سپاردنیان پێدراوە کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

دیار وەستا عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانەکان و زانیارییەکانى هەرێمى کوردستان، لە دیمانەیەکى تایبەت، ژمارەى سپاردنى ئەمساڵ بەو کتێبیان داوە ئاشکرا دەکات و دەڵێت، لەم ساڵدا هیچ کتێبێک نەبووە ڕەتکرابێتەوە و ژمارەى سپاردنى پێ نەدرابێت.

بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانەکان و زانیارییەکانى هەرێمى کوردستان بۆ نوچەنێت گووتیشى، "پێوەرەکانى پێدانى ژمارەى سپاردن ئەوەیە دەبێت دەست نەبات بۆ بەها ئەخلاقییەکانی میللەتەکەمان، مێژووی میللەتەکەمان و دەست نەبات بۆ ئاینەکانی تر، هیچ لارییەکمان نییە."

 

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ دیار وەستا عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی کتێبخانەکان و زانیارییەکانى هەرێمى کوردستان:

نوچەنێت: ئەمساڵ ژمارەی سپاردەتان بە چەند کتێب داوە؟

دیار وەستا عەزیز: ئێمە لەمساڵدا (1129) ژمارەی سپاردەمان داوە، رەگەزەکانیش زیاتر لە رەگەزی نێرن، کەمینەیەک هەیە ژمارەیەک سپاردەمان داوە بە ئافرەتان، واتە ژنە نووسەرە لەسەر بابەتی جیاجیاکان نووسینی کردووە.

نوچەنێت: کتێبەکان چەندی ئایینی و ئەدەبی و رۆمان هتد.. بوون؟

دیار وەستا عەزیز: هەموو بابەتەکانی تێدایە، بەڵام زیاتر (رۆمان، گێرانەوەی بیرەوەری سەرکردە، مێژوو نووس، نووسەر)ە ئەو کەسانەی کە دەست دەبەن بۆ بیرەوەرییەکانی خۆیان ئێستا لە ریزی پێشەوەن.

نوچەنێت:چەند ئافرەت کتێبی نووسیوە؟ لە چ جۆرە بابەتێکیش نووسیویانە؟

دیار وەستا عەزیز: زۆر کەم ئافرەت کتێبی نووسیوە رێژەکەی زۆر کەمە، بەڵام لەسەر (جۆری پەروەردەیی، شیعر، ئەدەب).

نوچەنێت: بۆ چی هەندێ بەڕێوەبەرایەتی کتێب مۆڵەت دەدەنە کتێبی ئایینی، بەڵام هەندێجار لە پێشانگاکاندا کێشە بۆ ئەم کتێبانە دروست دەبێت؟

دیار وەستا عەزیز: دوو ئیشی جیاوازە، ئێمە کە ژمارەی سپاردە دەدەین بە پێی رێنماییەکانی وەزارەت کە بۆمان هاتووە دەیدەین، ئێمە خۆشبەختانە لە ئێستادا نەک هەر کەمتر، بەڵکو کێشەی سپاردنمان نییە، ئەو بابەتانەی دەست دەبەن بۆ مێژووی نەتەوەکەمان یاخود کەلتووری نەتەوەکەمان، ئێمە نووسراو دەکەین بۆ وەزارەت ئەویش بەماوەیەکی کەم رەزامەندی دەدات، سپاردەکەی دەدەینەوە، بابەتی ئاینیش نەک هەر دینی ئیسلام بەڵکو هەموو ئاینەکانی تریش، ئەگەر بزانین توندڕەوییەک هەیە لە ئاینی مەسیحی یاخود ئاینی ئیسلام یا ئێزیدییەکان، ئێمە دەینێرینە وەزارەت، دواتر لیژنەیەکمان هەیە تایبەت بەوە ئەوان کاری لەسەر دەکەن و چارەسەری دەکەن.

نوچەنێت: چەند کتێب رەتکراوەتەوە و ژمارەی سپاردەی پێنەدراوە؟

دیار وەستا عەزیز: خۆشبەختانە هیچ کتێبکمان ڕەت نەکردووەتەوە.

نوچەنێت: پێوەرەکان چین کە کتێبی پێ رەتدەکرێتەوە؟

دایار وەستا عەزیز: پێوەرەکان دەبێت دەست نەبات بۆ بەها ئەخلاقییەکانی میللەتەکەمان، مێژووی میللەتەکەمان و دەست نەبات بۆ ئاینەکانی تر، هیچ لارییەکمان نییە.

نوچەنێت:رێنووس و زمان تا چەند پێوەرێکی گرنگە بۆ کتێبەکان؟

دیار وەستا عەزیز: زۆر بەداخەوە لەوەدا کڵۆڵین، یەکێکە لەو کارانەی کە لەگەڵ وەزارەتدا کاری لەسەر دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین جوانترین زمانی کوردی پاراوترین زمانی کوردی ئاشنا بکەین لەو نووسینانەی کە دەبنە کتێب.

نوچەنێت: پڕۆژەتان چیبووە بۆ ئەوەی خەڵک گرنگی بدات بە کتێب و بە کەلتوور بکرێت وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی؟

دیار وەستا عەزیز: ئێمە دەستمان بۆ سێ چوار کار بردووە بۆ ئەوەی جارێکی تر بتوانین کتێب ئاشنا بکەینەوە بەخوێنەر، لەماوەی پێشوودا لەگەڵ کۆمەڵێک ئافرەتی چالاکوانی هەولێر هەستاین بە کەمپینی کۆکردنەوەی زیاتر لە هەشت هەزار کتێب بۆ ناو زیندانیانی چاکسازی لەگەڵ وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، خۆشبەختانە هەفتەیەکە پێش ئێستا ئەو کتێبانەمان پێشکەشی زیندانییانی چاکسازی کردووە.

پێوەریشمان بۆ ئەوە بووە کتێبخانەی گشتی سلێمانی زیاتر لە دوو هەزار کتێبی کۆکردووەتەوە، رەنگە پێویست نەکات ئێمە جارێکی تر بینێرین بۆ بادینان یاخود بهێنین بۆ ئێرە، ویستوومانە لەگەڵ چاکسازی سلێمانیدا لەسەر خەت بێت، واتە هەموو کتێبخانەکان لەگەڵ چاکسازییەکان بە هەماهەنگی و بە هەمان شێوە وەکو ئێرە، ئێمە ئەوەمان کردووە بە کەلتوورێک کە کەسانێک لە زینداندا لەسەر هەر جۆرە تاوانێکی یاسای دەستگیر کرابێت، بابێبەش نەبێت لە خوێندنەوەی کتێبێک، ئێستاش هەڵمەتێکمان راگەیاندووە لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکاندا میوانداری خوێندکاران دەکەین لەناو کتێبخانەدا بە کتێب ئاشنایان دەکەین کە رۆژانە لەناو پەیجەکانماندا دەبینرێن کە (300بۆ400) خوێندکار میوانداری دەکەین، پڕۆژەیەکمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە لە ئایندەدا بەگەڕ خستنەوەی یاخود زیندو کردنەوەی کتێبخانەکانی ناوەندەکانی خوێندن، کە کتێبخانەی زۆر باشی تێدایە دەتوانین زیندووی بکەینەوە بە پڕۆژەیەک جارێکی تر  چۆن وانەی بیرکاری وانەیەکی گرنگە یاخود ئینگلیزی یا عەرەبی، ئاواش هەفتانە وانەیەکمان هەبێت بۆ  ئاشنابوونی خوێندکاران  لە رێگەی کتێبخانەکە بۆ ئەو کتێبەی کە خواستی بۆ دروست دەکات یاخود مامۆستا بڵێت ئەم کتێبە بۆ قۆناغی ئێوە باشە یاخود قوتابییەکە حەزی بە کتێبی شیعر بێت یا هەر جۆرە کتێبێکی تر.

نوچەنێت: چالاکییەکان چیتان کردووە لە بەڕێوەبەرایەتی ئێرە و سلێمانی و دهۆک لەمساڵی رابردوودا بەرنامەتان چیبووە؟

دیار وەستا عەزیز: ئێمە زۆر چالاکیمان کردووە وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانەکان، پێشتر شەش کتێبخانەی گشتیمان هەبووە، لەمساڵدا بووە بە هەشت، چونکە سۆران زاخۆش بوو بە ئیدارەی سەربەخۆ، ئێمە لەسەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان، دیارە کە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستانە (92) کتێبخانەمان هەیە، ناساندنی کتێبمان هەیە، کۆڕ و سیمنارمان هەیە، کۆمەڵێک چالاکیمان هەیە کە تایبەتە بەو کە خۆمان هەمانە کە بواری رۆشنبیرییە  پێشبرکێی خوێندنەوەمان هەیە میوانداریمان هەیە، یاخود ئەوانەی خزمەتی کتێبخانەکانیان کردووە، ئێمە بەجیا سوپاس نامەیان بۆ دەنێرین لەبەرامبەر ئەو ماندووبوونەیان، ئێمە دوو پڕۆژەی زۆر گەورەمان کردووە، ئێستا سەرجەم (92) کتێبخانە لە ئایندەیەکی نزیکدا رایدەگەیەنین بە سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بەستوومانەتەوە بەیەکەوە، واتە ئەگەر خوێندکارێک لە زاخۆ توێژینەوەی هەبێت لەسەر حمە ساڵەح دیلان یاخود گۆران یا نالی ئەگەر لە زاخۆ دەستی نەکەوێت، دەتوانێت بە کلیکێک لە کتێبخانەی هەڵەبجە یا سلێمانی یا هەولێر، گەرمیان دەتوانێت سوودمەند بێت.

پڕۆژەیەکی تریشمان کردووە لەگەڵ کۆمپانیایەکە کۆمپانیاکە بۆ کەرتی تایبەتە نزیکەی یەک میلیۆن کتێبمان پۆڵین کردووە، ئەو یەک میلیۆن کتێبە هەموویمان وا پۆڵێن کردووە هەر کەسێک بییەوێت رۆمانێکی  بەختیار عەلی بە کلیکێک دەستی دەکەوێت، بۆ گشتییە واتە بۆ هەموو کەسێکە دەتوانێت سوود لەم بەرنامە وەرگرێت، ئیتر خوێندکار یا مەلا، خەڵکی بێت یا نووسەر، لەگەڵ هەموو کتێبخانەکان ئێمە رێككەوتنمان کردووە بەڵام هێشتا ئەم پڕۆژە نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

دواکارییەکم لە هەموو ئەو کەسانە هەیە کە هەر کەس کتێبی لە رەفەکانی خۆیدا هەیە و نایخوێنێتەوە یاخود هەرکەس دەیەوێت یارمەتییەکی خوێندکارێک بدات دەتوانێت بە یارمەتیدانی چەند کتێبێک لەڕێگەی ئێمەوە ئەو پەیامەی بۆی هاتووین زۆرجار نزیک بوونەوەی کتێب یاخود ئاشت بوونەوەی کتێب پێم وایە هەموومان دەتوانین کارێکی وابکەین ئاشنا ببینەوە بە کتێب.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین