بۆ یەکەمجار فەرهەنگێک لە بوارى پەیوەندییەکان و دیبلۆماسى بە زمانى کوردى بڵاودەبێتەوە کولتوور

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

کتێبى (فەرهەنگى دیبلۆماسى) بە هاوبەشى لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیاری وفەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەرێمى کوردستان بە زمانى کوردى بڵاوکرایەوە. سەفین دزەیى بەرپرسى فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە دەڵێت، "کە زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە، بەڵام لەوانەیە لەبواری جیا جیاکان، ئیشی لەسەر نەکرابێت."

لە هەولێر کتێبى (فەرهەنگى دیبلۆماسى) لە نووسینى هاوکار حەمە فەرەج بڵاوکرایەوە، کە لەڕێورەسمەکەدا چەند بەرپرسێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئامادەى بوون. سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت نوچەنێت دەربارەى چاپى کردنى ئەم جۆرە کتێبە ڕایگەیاند،  "دەبێت ئەو ڕاستییە بزانین کە زمانی کوردی هەمیشە لە ژێر هەڕەشە بووە، لەگەڵ ئەوەى هەڕەشە و فشارە لەسەر رۆشنبیرو نوسەر و ئەدیبەکانمان هەبووە، بەڵام هەوڵیانداوە بە هەر شێوەیەک بێت زمانی کوردی بپارێزن، کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند بکەن، ئەوەی کە ئەمڕۆ دەبینین لە ئاستی ئەو بارودۆخەی کە ئێستا کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت، ئاستی پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی کوردستان لەگەڵ جیهانی دەرەوە پێویست بوو."

سەفین دزەیى زیاتر ڕوونکردنەوە و گووتى، "چاپکردنى هەر فەرهەنگێک  یان کتێبێکى لەمجۆرە، نەک تەنها خوێنەران بەڵکو ئەوانەی لەو مەجالەش کار دەکەن، چ لە فەرمانگەی حکومى کار بکەن یاخود ئەکادیمینە و گرنگی بەو بوارە دەدەن، چ لە ئاستی زانکۆکان لە بەشەکانی پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی بێت ئەم کتێبانە گرنگن، وە زمانی کوردی زمانێکی دەوڵەمەندە بەڵام لەوانەیە لەبواری جیا جیا، ئیشی لەسەر نەکرابێت، کاک هاوکار جاف کە ئیشی لەسەر ئەو بوارە کردییە دەست خۆشی لێ دەکەین، پیرۆزبایی لە خۆى و لە کتێبخانەی کوردی دەکەین، کە پەرتوکێکە پڕ لە دەستەواژەی جۆراوجۆرە و زۆر دەوڵەمەند کرایە."

 هەر سەبارەت بە چاپکردنى فەرهەنگى دیبلۆماسى، ئازاد جوندیانی، پێوایە زیاتر وەک ئینسکۆپیدیایە و هەوڵێکى گرنگە،  دەشڵێت، "هیوادارم بۆ کارى داهاتووى لەسەردەمی شاخەوە تا دوای (1970) بە رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا بچێتەوە بزانینن، لەسەرەتاوە ئەو دەستەواژانەی لە بواری دیبلۆماسیەت لە هەواڵی میدیایی بەکارهاتووە، چۆن هاتوون، ئەمەشیان کارێکی زۆر باش دەبێت، من دەستخۆشی لێدەکەم بۆ کتێبەکەی."

ئازاد جونديانى بۆ نوچەنێت گووتیشى، بەداخەوە، "خوێندنەوە لە پاشەکشەدایە، بۆتە کاری دەستەبژێرێک، من حەز دەکەم و پێشنیار دەکەم، وەکو من هەموو خەڵک بخوێنێتەوە، بەڵام وەک من نەخوێنێتەوە، مانای ئەوە نیيە کە من ببم بە جۆرێک لەوەی کە پێیان بڵێم دەی بەقسەی من بکەن، ئەوان رەنگە بە جۆرێکیتر بخوێننەوة و مامەڵە لەگەڵ ژیان و کولتووردا بکەن، ئەمە بۆخۆیان دەگەڕێتەو، بەڵام هانیان دەدەم بخوێننەوە."

هاوکار حەمە فەرەج، نووسەری (فەرهەنگی دبلۆماسییەت) سەبارەت بە گرنگى کتێبەکەى بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "مەبەستم بوو کتێبخانەی کوردی ئەم بۆشایانەی هەیەتی بتوانم بەشێکی کەمی پڕکەمەوە، لە هەرێمی کوردستانیش ژمارەیەکی زۆر نێردەو کونسوڵخانەی بیانیمان هەیە، لەهەمانکاتدا خوێندکارمان لە بەکالۆریۆس و خوێندنی باڵا سەرقاڵن بەبواری دیبلۆماسی، بەڵام سەرچاوەی دیبلۆماسیان لەژێر دەستدا نییە، منیش هەوڵمداوە کە دەستەواژە نوێ و مۆدێرنەکانی دیبلۆماسی لە بواری سیاسەتی دەرەوە، پەیوەندی نێودەوڵەتی و کاروباری باڵیۆزخانە و کونسوڵخانە و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکان، بناسێنم بەوان، بۆ ئەوەی بتوانن دانەبڕێن لە دبلۆماسیەتی مۆدێرن."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین