راپۆرتێكى ئه‌مریكى: سه‌قامگیرى شنگال پێویستى به‌ 150 ملیۆن دۆلاره‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

راپۆرتێكى ئه‌مریكى ده‌ڵێ، دواى تێپه‌ڕبوونى هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر داگیركردنى شنگال، تا ئێستا هیچ شتێك بۆ ئه‌و شاره‌ نه‌كراوه‌ و گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگیرییش بۆ ئه‌و شاره‌ پێویستى به‌ 150 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌.

یه‌كشه‌ممه‌ 11/كانوونى یه‌كه‌م/2022 ماڵپه‌ڕى رۆژنامه‌ى مه‌دا راپۆرتێكى ئه‌مریكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌نته‌رى ریس له‌ زانكۆى نیویۆرك ئاماده‌كراوه‌ و تێیدا هاتووه‌، "دواى تێپه‌ڕبوونى هه‌شت ساڵ له‌ داگیركردنى شنگال له‌ لایه‌ن رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه‌، هێشتا ئه‌و شاره‌ به‌ ده‌ست كاوڵكاریى و ناسه‌قامیگرى داناڵێنێ".

راپۆرته‌كه‌ ده‌شڵێ، "دواى تێپه‌ڕبوونى ئه‌و ماوه‌ درێژه‌، شنگال هیچ پرۆژه‌یه‌كى وه‌به‌رهێنانى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، تا بارودۆخى ئاسایى ببێته‌وه‌ و له‌ راستیدا پێویستییه‌كى زۆرى به‌ پاڵپشتى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه‌".

راپۆرته‌كه‌ چه‌ندان زانیارى تر له‌باره‌ى شنگال بڵاوده‌كاته‌وه‌، له‌وانه‌ 50 گۆڕى بە کۆمەڵ ماون، هێشتا هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه‌، راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێ، "ئه‌و گۆڕانه‌ ته‌نیا شوێنێك نیین كه‌ توندوتیژیمان وه‌بیر بهێننه‌وه‌، به‌ڵكو به‌ڵگه‌یه‌كن بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ تا ئێستا چاره‌نووسیان نادیاره‌". 

جگه‌له‌مانه‌ 80% ژێرخانى گشتى شنگال زیانى به‌ركه‌وتووه‌ و 70% شوێنى نێشته‌جێبوونى وێران بووه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌یش پێویستى به‌ نزیكه‌ى 150 ملیۆن دۆلار هه‌یه‌، تا چاكببنه‌وه‌ و خه‌ڵكه‌كه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر زێدى خۆیان.

رێكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ هاوینى 2014 شارى شنگالى داگیركرد و به‌ هه‌زاران كه‌سى كوشت و به‌ هه‌زارانیشى رفاند و جینۆسایندێكى گه‌وره‌ى دژى پێكهاته‌ى كوردانى ئێزیدى ئه‌نجام دا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین