ئێران هاوکارییە داراییەکانی بۆ گروپە فەلەستینییەکان رادەگرێت ئێران

نوچەنێت: ئێران ئینتەرناشناڵ

ڕۆژنامەی ئەلقودسی عەرەبی بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان لە لوبنان ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر هاوکارییە داراییەکانی بۆ بەشێک لە گروپە فەلەستینییەکان پچڕاندووە و لە ئێستادا ئەو گروپانە بە هۆی بڕینی یارمەتییەکانی تاران ڕووبەڕووی کێشەی دارایی بوونەتەوە.

ئەلقودس باسی لەوە نەکردووە کە یارمەتییە داراییەکانی ئێران بۆ کام ڕێکخراو پچڕاوە، بەڵام بە پێی رای گشتی، جیهادی ئیسلامی، حەماس و بەرەی گەل بۆ ڕزگاری فەلەستین، وەرگری سەرەکی یارمەتی دارایی کۆماری ئیسلامین لە نێو گروپە فەلەستینییەکان.

لەم نێوەندەدا جیهادی ئیسلامی زیاتر پشتی بە هاوکارییە داراییەکانی تاران بەستووە بە بەراورد بە دوو گروپەکەی دیکە.

سەرچاوەی هەواڵی ڕۆژنامەی ئەلقودس به ئەم ڕۆژنامەیەی راگەیاند، کە ئەو گروپانه بۆ پێدانی موچەی سەرکرده و ئەندامان و هەوەها چالاکییەکانی دیکەیان پشت به هاوکارییە داراییەکانی ئێران بەستووە.

لە ڕاپۆرتەکەدا باس لە هۆکاری راگرتنی هاوکارییە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی نەکراوە، بەڵام ڕۆژنامەی جروزالم پۆست نووسیویەتی، کە رەنگە رپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێران هۆکاری ئەو کارە بووبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەلقودس، بڕینی یارمەتییە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەم گروپانە چ لە کەرتی غەزە و چ لە دەرەوەی خاکی فەلەستین، ڕووبەڕووی کێشەی زۆر ببنەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە لە هەندێک حاڵەتدا ئەم گروپانە و سەرکردەکانیان نەیانتوانیوە پارەی ئاو و کارەبایان بدەن.

هەروەها بڕینی یارمەتییە داراییەکانی کۆماری ئیسلامیش دەتوانێ کێشە بۆ میدیای ئەو گروپانە دروست بکات.

ماوەیەک لەمەوبەر، ماڵپەڕی هەواڵی ئەلمۆنیتۆر بڵاوی کردەوە کە رێکخراوە فەلەستینییەکان نیگەرانن لە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێران.

سەرچاوەیەکی ڕێکخراوی جیهادی ئیسلامی بە ئەلمۆنیتەری ڕاگەیاندووە، کە رێکخراوەکە لە درێژەکێشانی راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر یارمەتییە دارایی و چەک و تەقەمەنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ جیهادی ئیسلامی بۆ رزگارکردنی فەلەستین لە رادەبەدەر نیگەرانە.

ئەلمۆنیتۆر هەروەها لە زاری سەرچاوەکانەوە نووسیویەتی، سیاسەتمەداران و چاودێرانی فەلەستین، راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی گەلی ئێران بە "پیلانی رۆژئاوا" دەزانن، بۆ ئەوەی پشتیوانی ئێران لە رێکخراوە فەلەستینییەکان ببڕن.

عیسمەت مەنسوور، شرۆڤەکاری دانیشتووی شاری رامەڵڵا لەم پێوەندییەدا بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، ناڕەزایەتییەکانی ئێران، نیگەرانی پەرەسەندنی گروپە بە وەکالەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا لێکەوتووەتەوە. بەتایبەت بە بڕوای ناوبراو ئەم راپەڕینە شۆڕشگێڕانە لە لایەن ئەو تاقمانەوە پشتیوانی دەکرێن، کە دوژمنی کۆماری ئیسلامی و گروپە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکەن و بۆ "لاوازکردنی رژێم" داڕێژراون.

ئەم شارەزایە فەلەستینییە دەڵێت: درێژەدان و فراوانبوونی ناڕەزایەتییەکان، دەتوانێ ببێتە هۆی لاوازبوونی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامدا کەمبوونەوەی یارمەتییەکانی تاران بۆ گروپە فەلەستینییەکان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین