بەکارهێنانى مۆبایل و ماددەى سەرخۆشکەر هۆکارى رووداوەکانى هاتووچۆن لە هەرێمى کوردستان ناوخۆیی

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

ڕۆژ لە دواى ڕۆژ ژمارەى قوربانیانى رووداوەکانى هاتووچۆ لەبەرزبوونەوەدایە. وتەبێژى هاتووچۆى هەولێر هۆکارى سەرەکى دەگەڕێنێتەوە بۆ تیڕەویى و بەرکاهێنانى مۆبایل و ماددەى سەرخۆشکەر.

فازڵ حاجى، وتەبێژى هاتووچۆى هەولێر تایبەت بە نوچەنێت ڕایگەیاند، "هۆکارى سەرەکى زۆربوونى رووداوەکانى هاتووچۆ، بە هۆى پابەند نەبوونە بە یاسا و ڕێنماییەکانی هاتووچۆ، هۆکارەکە ئەوە نییە رێگا خراپە، یان کوالێتی ئۆتۆمبێلەکان تێک چوو بێت، بێجگە لەمەش یەکێک لە ترسناکرترین شتەکان ئەوە بووە کە لێخورین لە ژێر ماددەی هۆشبەرلە دوو ڕووداو بوونی هەبووە، ماددەی سەرخۆشکەر لە هەموویان مەترسیدارترە، رووداوەکان نە لەکاتی دەوام بووە، نە لەکاتی چوونە سەرکار بووە، بەڵکو هەمووی لەکاتی  پشوو بووە."

وتەبێژى هاتووچۆى هەولێر، لەسەر دانانى تابلۆکان بۆ ئاژەڵى کێوى دەڵێت، "ئێمە دوو جۆر تابلۆمان هەیە تابلۆی ئاژەڵی کێوی، تابلۆی ئاژەڵی ماڵیمان هەیە، لە نزیک گوندەکان هى ئاژەڵی ماڵی دادەنرێت، لە ناوچە شاخاوییەکان تابلۆى ئاژەڵی کێوی دادەنرێت، بەڵام لە کوردستان زۆر بەکەمی ئاژەڵی کێوی دەبینرێت، لە هەر شوێنێکیش پێویست بووبێت دامان ناوە، ژمارەکان  بە زۆری و بۆرییە نییە."

ژمارەیەکى زۆرى نووسینگەى فێرکردنى شۆفێرى لە هەرێمى کوردستان کراوەتەوە. مەولوود حوسێن، خاوەنى یەکێک لە نووسینەکانى مەشقپێکردنى شۆفێرى بۆ نوچەنێت باس لەوە دەکات، لە سێ ڕۆژى سەرەتاى فێرکارییەکانیدا، شۆفێر نابەنە سەر شەقامەکان و لە شوێنێکى داخرا و پارێزراو هاووڵاتیان فێر دەکەن، دەشڵێت، "دواتر خاڵ بە خاڵى لێخوڕینى ئۆتۆمبێلى فێر دەکەین." 

خاوەنى ئەو نووسینگەى فێرکردنى شۆفێرى، ئاماژە بەوە دەکات، ئەوان بە تەواوى هاووڵاتیان هۆشیار دەکەنەوە لە چۆنیەتى پابەندبوون بە رێنماییەکانى هاتووچۆ و لێخوڕینى ئۆتۆمبێل، بەڵام زۆربوونى رووداوەکانى هاتووچۆ پەیوەندیى بە زۆرى بەکارهێنانى مۆبایل هەیە، "ئێستا وایان لێهاتووە لەکاتی شۆفێری کردن چات دەکەن، ئەوەش روداوی هاتوچۆی لێدەکەوێتەوە، یاخود ئافرەت هەبووە لەکاتی شۆفێری کردن سەرقاڵی ئارایشتکردن بووە." 

هەروەها مەولوود حوسێن، هۆشدارى دەدات لە گۆشەى مردوو و ڕاشیگەیاند، "بەداخەوە زۆربەی شۆفێران نازانن گۆشەی مردوو چییە، گۆشەی مردوو ئەو گۆشەیە ئەگەر زۆر ووریا نەبیت تووشی رووداوی هاتووچۆ دەکات، گۆشەی مردوو ئەو شوێنەیە کەوا هەردوو دەرگای پشتەوەی کە بە نزیکەی مەتر و نیوێک دوورترە، لە شۆفێرەکە دیار نییە، چارەسەری ئەو گۆشەیەش، بە شۆفێران دەڵێین پێویستە یەک چرکە سەیرى سەرشانى بکات تا دڵنیابیت ئۆتۆمبێڵ لەو گۆشەیە هەیە یاخود نا، بەمجۆرە رووداوى هاتووچۆ روونادات.

سەبارەت هۆشیارکردنەى شۆفێران لە ڕێگەى ڕێکخراوەکان لە مەترسییەکانى سەرپێچیەکانى هاتووچۆ، بارزان ئەکرەم، سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان تایبەت بە نوچەنێتى ڕایگەیاند، "لەبارەی هۆشیاری کردنی خەڵك، ئێمە لە دوو ساڵی ڕابردوو کارمان لەسەر ئەو پرسە کردووە، وەکو فەرمانگە هەوڵمانداوە، لە گشت سێکتەرەکان، ئەو رێکخراوانەی کە چالاکن، چەندین پرۆژەمان ئەنجامداون، پرۆژەکان لە هەڵەبجە دەست پێکراون، چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆریان لە شارەکە ئەنجامداوە، لە سێکتەری مرۆیی لە سێکتەری هۆشیاری و سێکتەری تەندروستی و پەروەردە و ئافرەتان، لە سەرجەم سێکتەرەکان، نەک سێکتەرێکی دیاری کراو."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین