یەکەمین سەفەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ ئەفغانستان عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

لوید ئوستن، وەزیری بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەمە لە یەکەمین سەفەری خۆیدا وەک یه‌كه‌م به‌رپرسى پنتاگۆن گەیشتە ئەفغانستان.

بە پێی هەواڵی "یورۆنیوز" هاوکات لەگەڵ ناڕوونی سەبارەت بە ماوەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، ئوستن بە مەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەفغانستان سەفەری بۆ ئەو وڵاتە كردووه‌ و چاوەڕوان دەکرێ لەگەڵ محەمەد ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستانیش دیدار بکات.

لە حاڵیکدا بە پێی ئەو ڕێککەوتنەی ئاشتی نێوان ئەمریکا و تاڵیبان، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەڵێنی دابوو هێزەکانی خۆی تا مانگی ئایار لە ئەفغانستان بكێشێته‌وه‌، جۆ بایدن سەرۆکی ئێستای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دیمانەی هەفتەی پێشووی خۆی لەگەڵ کەناڵی (ئەی.بی.سی)دا ئاشکرای کرد کە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە لەو ماوەیەدا کە دیاری کراوە ئێجگار ئەستەمە.

هەڵبەت بایدن هیوای خواست کە لە ئەگەری درێژکردنەوەی ئەو ڕێكکەوتنەدا جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنە زۆر دواناکەوێت. بزووتنه‌وه‌ى تاڵیبانیش وەک بەرپه‌رچدانەوەیەک بۆ ئەو قسانە سەبارەت بە ئەنجامەکانی پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکە لە لایەن ئەمریکاوە هۆشداری دا. ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەو بڕوایەدایە کە تاڵیبان بە پێی ڕێککەوتنی ئاشتی لە بواری کەمکردنەوەی توندوتیژی و پچڕاندنی پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ ئەلقاعیدە و گرووپە تیرۆریستییەکانی تر بەڵینەکانی جێبەجێ نەکردووە.

ئوستن پێشتر وەک فەرماندەی لەشکەرێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان خزمەتی کردووە و لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣ تا ٢٠١٦یش وەک سەرۆکی بنکەی فەرماندەیی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چاودێری شەڕەکانی عێراق و ئەفغاستانی کردووە. ئۆستن لە یەکەمین سەفەری خۆیدا وەک وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەوانەیە لەگەڵ محەمەد یاسین زیا، سەرپەرشتی نوێی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان دیدار و گفتوگۆ بکات.

ئیدارەی جۆ بایدن هاوکات لەگەڵ هەوڵدان بۆ پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی ئاشتی ئیدارەی پێشوو لەگەڵ تاڵیبان، بە خستنەڕووی پلانێکی نوێ دەیەوێت ڕەوتی ئاشتی لە ئەفغانستاندا خێراتر بکاتەوە. هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئه‌نتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، سەرەتاکانی ئەم مانگە بە ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکی ئەفغانستان داوای لێکرد لە ڕەوتی ئاشتیدا بەشدارییەکی رژدى هەبێت. بلینکن لەو نامەیەدا پلانی نوێی پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانێتی کاتیی بە مەبەستی تێپەڕین بۆ ئاشتی لە ئەفغانستان خستەڕوو. ئەو پلانە سەرەتا دژایەتی حکومەتی ئەفغانستانی لێکەوتەوە بەڵام یەکەمین هەنگاوی کردەیی سەبارەت بە پلانی نوێی ئاشتی ئەفغانستان بە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی ئاشتی ئەفغانستان لە مۆسکۆدا جێبەجێ کرا. ئەو کۆبوونەوە سەرەتای بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئیسته‌نبۆل بوو کە بڕایارە سەرەتاکانی منگی نیسان بەڕێوە بچێت. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین