کۆچکردن لە ئێران ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات وەرگێڕان

نوچەنێت

ئامارە نوێیەکان کە لە ساڵنامەی کۆچکردن لە ئێران لە ساڵی ٢٠٢٢دا بڵاوکراونەتەوە، نیشان دەدەن کە جارێکی دیکە ژمارەی پێوانەیی کۆچکردن لە ئێرانەوە تۆمارکراوە و کۆچی بازرگانی و ستارت ئاپ لەو وڵاتە خێراتر بووە.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامەی دونیای ئابوری، رۆژی چوارشەممە ٢١ی دیسەمبەر، دوایین ئاماری تۆمارکراوی کۆچکردن لە ئێران، "65 هەزار کەسە لە ساڵێکدا، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەیی نوێیە بۆ ئێران".

ئەم رۆژنامەیە دەڵێت "ئەم ئامارە لە ماوەی ساڵی داهاتوودا زیاد دەکات لەگەڵ تۆمارکردنی دەرچوونە نوێیەکان". شەپۆلی کۆچکردن لە گروپە خوێندەوارەکان و نوخبە زانستییەکان کە بۆ تەواوکردنی خوێندن یان سکۆلەرشیپ رۆیشتوون، گەیشتووەتە ئاستی خوێندکار و هێزی کاری پیشەیی.

لەو چوارچێوەیەدا، بەهرام سەڵەواتی، بەڕێوەبەری روانگەی کۆچی ئێران ڕایگەیاند: لە ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢١ بە تێکڕا ٨٦ هەزار ڤیزا یان ئیقامە بێجگەلە گەشتیاری، بە ئێرانییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریکای باکوور، ئوسترالیا، تورکیا و … هتد، دراوە.

لە هەمان کاتدا ماڵپەڕی تەکنەلۆژیای زۆمیت لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە "لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ئێرانییەکان زیاتر لە دوو هەزار ڤیزەی ستارت ئاپ، کارگێڕی، وەبەرهێنان، یان خۆبەخشینیان لە کەنەدا و بەریتانیا وەرگرتووە".

ئەم ئامارە نوێیانە ئاماژە بەوە دەکەن، کە هێزە پیشەییەکان و بازرگانییە تەکنەلۆژییەکان زیاتر لە پێشوو ئێران بەجێدەهێڵن.

لە سێ مانگی رابردوودا و لەگەڵ دەستپێکردنی خولێکی نوێی ناڕەزایەتی بەربڵاو لەو وڵاتە، ئینتەرنێتی ئێران رووبەڕووی فلتەرکردنی بەرفراوان بووەتەوە و ژینگەی تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێتی بازرگانی لەگەڵ چەندین کێشەدا ململانێ دەکات. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، سەیر نییە کە زۆرێک لەو بازرگانیانە بیریان لە جێهێشتنی ئێران کردبێتەوە.

جێگەی ئاماژەیە کە جگە لە کۆچی کار، کۆچی خوێندن لە ئێرانیشدا خێراتر بووە.

لە ماوەی یەک یان دوو دەیەی رابردوودا ژمارەی خوێندکارانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات لە زیادبووندایە و لە ساڵی ٢٠٠٠ گەیشتووەتە ئاستی ١٧ هەزار خوێندکار  و بۆ  ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتۆتە ٦٦ هەزار خوێندکار.

بەم پێیە، ریزبەندی ناردنی خوێندکار لە ئێرانەوە، لە ریزبەندی ٢٦ بۆ ریزبەندی ١٧ لە جیهاندا لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٠ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

ئەمریکا، ئەڵمانیا، تورکیا، کەنەدا و ئیتالیا بە ریزبەند، پێنج شوێنی سەرەکی خوێندکارانی ئێرانین لە جیهاندا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین