یوتێلسات پەخشی رادیۆ و تەفزیۆنەکانی ئێران رادەگرێت ئێران

نوچەنێت

تۆڕی مانگی دەستکردی "یۆتێلسات" ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی دیسەمبەر رایگەیاند، کە هاوتەریب لەگەڵ جێبەجێکردنی گەمارۆکانی یەکێتی ئەوروپا بۆ سەر رێکخراوی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران، پەخشی سەرجەم کەناڵەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆنی سەر بە ئەم دامەزراوە حکومییەی راگرتووە.

هەروەها تۆڕی مانگی دەستکردی "یۆتێلسات" رایگەیاندووە، کە بەهۆی پچڕانی کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی ئێران و رووسیاوە، لە ساڵی داهاتوودا نزیکەی ١٠ بۆ ١٥ ملیۆن یۆرۆ لە داهاتی کۆمپانیاکە کەمدەکات.

بە پێی راپۆرتی یۆتێلسات، ئەم سزایانە لە رۆژی چوارشەممە ٢١ی دیسەمبەرەوە جێبەجێ کراون.

یەکێتی ئەوروپا ، لە ١١ی دیسەمبەرەوە رێکخراوی دەنگ و رەنگی ئێران و بەشێک لە بەڕێوەبەر و لێکۆڵەرە-رۆژنامەنووسەکانی، بەهۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و پەخشکردنی دانپێدانانی زۆرەملێی خۆپیشاندەران قەدەغە کراوە.

کۆمپانیای یوتێلسات دەڵێت، کە خزمەتگوزاری پەخش بۆ هیچ کام لە تۆڕە لاوەکییەکانی رێکخراوی دەنگ و رەنگی کۆماری ئیسلامی ئێران دابین ناکات.

ئەم کەناڵە سەتەلایتییە پێشتر رایگەیاندبوو، کە لە دوای قەدەغەکردنی "پرێس تیڤی"ی سەر بە رادیۆ و تەلەفزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە، پەخشکردنی بەرنامەکانی ئەم میدیا ئینگلیزی زمانە، لە مانگە دەستکردەکانییەوە رادەگرێت.

یەکێتی ئەوروپا بە دیاریکراوی سزای بەسەر پرێس تیڤیی سەپاندووە و بەهۆی ڕۆڵی لە بڵاوکردنەوەی "دانپێدانانی زۆرەملێ"ی چالاکوانانی سیاسی و رۆژنامەنووسانی دەستبەسەرکراو.

دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ چەندین جار رایانگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامی بە سانسۆرکردنی میدیای بیانی، سنووردارکردنی ئینتەرنێت، رێگری لە دەستڕاگەیشتن بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی ئازادانەی زانیاری و هەروەها کەڵک وەرگرتن لە پڕوپاگەندای میدیایی حکومەتی، هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگی گەلەکەی دەدات.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین