ئەڵمانیا پەیوەندییە بازرگانییەکانی لەگەڵ ئێران رادەگرێت ئێران

نوچەنێت

حکومەتی ئەڵمانیا بە هۆی سەرکوتکردنی ناڕازیەتیەکان لە ئێران، هەموو گەرەنتی قەرز و وەبەرهێنان بۆ پەرەپێدانی بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی "بە فەرمی راگرتووە".

وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا رۆژی هەینی رابردوو ٢٣ی دیسەمبەر رایگەیاند، کە "فۆرمەتەکانی ئابووری" لەگەڵ ئێران راگرتووە، لەوانە دانوستان لەسەر پرسەکانی وزە، بەهۆی "دۆخی زۆر جددی" ئێرانەوە.

ئەڵمانیا گرینگترین هاوبەشی بازرگانی کۆماری ئیسلامییە لە ئەوروپا و نزیکەی ٣٠% پشکی لە کۆی هەناردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئێران هەیە. هەروەها ئەم وڵاتە شوێنی سەرەکی هەناردەکردنی ئێرانە بۆ ئەوروپا.

ئاڵوگۆڕی بازرگانی دوو قۆڵی نێوان ئێران و ئەڵمانیا لە ساڵی رابردوودا، بە یەک ملیار و ٧٦ ملیۆن یۆرۆ و لە ٩ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا یەک ملیار و ٤٩ ملیۆن یۆرۆ خەمڵێندراوە.

گەرەنتی قەرزی هەناردەکردنی حکومەتی ئەڵمانیا، کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتە لە ئەگەری زیانەکانی بەهۆی وەرنەگرتنی پارەکانەوە دەپارێزێت.

هەروەها گەرەنتی وەبەرهێنان دەدرێت بۆ پاراستنی وەبەرهێنانی راستەوخۆی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە بەرامبەر مەترسی سیاسی لە وڵاتان.

وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا دەڵێت، لە ساڵی ٢٠١٩ەوە ئەم ئامرازە پارێزەرانەیەی بۆ بازرگانی و وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە ئێران "بە کردەیی کەڵکیان لێ وەرنەگیراوە".

پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، پلانی سزا و سنووردارکردنی زیاتری بەرامبەر ئەو کەسانە راگەیاندبوو کە بەرپرسن لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و یەکێک لە بڕگەکانی راگەیەندراویش، پێداچوونەوە بوو بە "بەکارهێنانی ئامرازەکانی گەرەنتی ئابووری بۆ بازرگانی لەگەڵ ئێران و دارایی هەنووکەیی" لە پەیوەندی لەگەڵ بانکە ئێرانییەکان.

لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگدا لە دوای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران، شەپۆلی سەرکوتەکان، لانیکەم کوژرانی ٥٠٠ کەسی لێکەوتەوە کە دەیان منداڵیان تێدایە و هەزاران کەسیش لە کاتی ئەو ناڕەزایەتیانەدا دەستبەسەر کران.

راپۆرتەکانی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە ماوەی ١٠٠ رۆژی رابردوودا زیاتر لە ١٨ هەزار کەس دەستگیر کراون و دەیان کەسیش بە تۆمەتی وەک "محاربە" رووبەڕووی مەترسی لەسێدارەدان دەبنەوە. دەستڕانەگەیشتنی خۆپیشاندەران بە پارێزەر و دادگایی کردنی بەپەلە، کە تا ئێستا دوو حوکمی لەسێدارەدانی لێکەوتووەتەوە، تووڕەیی گشتی لە ئێران و ئیدانەکردنی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین