رووسیا 24 فڕۆکەی پێشکەوتوو بۆ ئێران دابین دەکات وەرگێڕان

نوچەنێت

میدیاکانی ئیسرائیل لە زاری کاربەدەستانی هەواڵگریی رۆژئاواوە رایانگەیاندووە، رووسیا ئامادەکاری دەکات بۆ دابینکردنی فڕۆکەی جەنگی سوخۆی-٣٥ بۆ ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا.

بەپێی راپۆرتی کەناڵی 12ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل، رێککەوتنی نێوان ئێران و رووسیا دەکرێت رادەستکردنی 24 فڕۆکەی جەنگی لەخۆبگرێت، کە سەرەتا بڕیاربوو رووسیا بە میسر بیفرۆشێت، بەڵام ئەمریکا رێگری لەو فرۆشتنە کردووە.

ئەم راپۆرتە ئاماژە بەوە دەکات کە دوای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنی فرۆشتنی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی بە میسر، رووسیا بەدوای کڕیارێکی نوێدا دەگەڕێت بۆ ئەو فڕۆکە سەربازییانە.
کەناڵی 12ی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل بەبێ ئاماژەدان بە وردەکارییەکان دەڵێت، کە بەپێی زانیارییەکانی دەزگای هەواڵگریی رۆژئاوا، فڕۆکەوانە ئێرانییەکان پێشتر مەشق و راهێنانیان پێکراوە بۆ بەکارهێنانی ئەو فڕۆکە شەڕکەرانە.

ئەم راپۆرتە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە، کە میدیاکانی ئێران چەند مانگێک پێش ئێستا بە گێڕانەوە لە فەرماندەی هێزی ئاسمانی رایانگەیاندبوو، کە کڕینی فڕۆکەی شەڕکەری سوخۆی-٣٥ی رووسی لە کارنامەی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە.

ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری سی ئای ئەی دەڵێت: ئەوەی روودەدات، لانیکەم سەرەتای هاوکارییەکی بەرگریی تەواوەتی نێوان رووسیا و ئێرانە، بە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی بۆ رووسەکان، کە "ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە خەڵکی مەدەنی ئۆکرانیا دەکوژن".

کۆماری ئیسلامی ئێران و رووسیا هەردووکیان لە ژێر سزای توندی نێودەوڵەتیدان؛ کۆماری ئیسلامی بە هۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی و رووسیاش بە هۆی لەشکرکێشی سەربازی بۆ سەر ئۆکرانیا.

هەروەها هاوکارییە چەکدارییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ رووسیا بۆ شەڕی ئۆکرانیا کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، تاران هەزار و ٧٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری بۆ هێزەکانی رووسیا دابینکردووە و بەنیازە لە ئایندەیەکی نزیکدا ٣٠٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دیکە بۆ رووسیا دابین بکات.

حکومەتی بەریتانیا هەفتەی رابردوو رایگەیاند، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دروستکراوەکانی ئێران، کە رادەستی رووسیا کراون، "رۆڵی سەرەکی"یان لە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئامانجە مەدەنییەکان لە ئۆکرانیا گێڕاوە.

دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد رایگەیاند، ئیسرائیل زانیاری هەیە، کە نیشان دەدات ئێران بە نهێنی پلانی هەیە بۆ "پەرەپێدان و فراوانکردنی" ناردنی چەکی پێشکەوتوو بۆ رووسیا بۆ شەڕی ئۆکرانیا.

ئەم لێدوانانەی سەرۆکی مۆساد، کە رۆژی پێنجشەممە ٢٢ی دیسەمبەر، یەکەم لێدوانی گشتیی بەرپرسێکی ئیسرائیلی بوو، سەبارەت بە پاڵپشتی سەربازیی ئێران بۆ رووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا.

دوابەدوای لێدوانی کاربەدەستانی ئەمریکا و بڵاوبوونەوەی راپۆرت سەبارەت بە ناردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران بۆ رووسیا لە ناوەڕاستی شەڕی ئۆکرانیا، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی سەرەتا بێدەنگ بوون و پاشان رەتیان کردەوە.

لە کۆتاییدا تاران دانی بەوەدانا، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ رووسیا ناردووە، بەڵام ژمارەیان کەم بووە و کاتی ناردنی پێش دەستپێکردنی شەڕ لە ئۆکرانیا راگەیەندراوە.

هاوکات ئەمریکا رایگەیاند، کە بەڵگەی یەکلاکەرەوەی هەیە بۆ گواستنەوەی چەکی زیاتر لە نێوان ئێران و رووسیا لەم ماوەیەی دواییدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین