دوایین لێدوانی ئیلۆن ماسک بەرپرسانی ئێرانی توڕە کرد ئێران

نوچەنێت

ئیلۆن ماسک خاوەنی کۆمپانیای سپەیس ئێکس رۆژی دووشەممە رابردوو، لە وەڵامی بەکارهێنەرێکی تویتەردا نووسیویەتی نزیکەی ١٠٠ ئامێری ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینک لە ئێران چالاک کراون.

ماسک ئەم هەواڵەی لە کاتێکدا راگەیاند، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، راپۆرتەکان سەبارەت بە گواستنەوەی تەکنۆلۆژیای ستارلینک بۆ ئێران بە شێوەی قاچاخ، بڵاوکرایەوە.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، لە راپۆرتێکدا رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بە گێڕانەوە لە سەرچاوە ئاگادارەکان، بڵاویکردەوە، کە لە سەرەتای ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران، نزیکەی ٢٠٠ تێرمیناڵی پەیوەندی مانگی دەستکردی ئینتەرنێتی ستارلینک بە قاچاخ گوازراوەتەوە ناو ئێران.

لەلایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی چوونە ژوورەوەی ئەو ئامێرانەی قەدەغە کردووە و هەوڵی دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنیان دەدات.

دوابەدوای هەڵگرتنی هەندێک لە گەمارۆکانی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت بۆ ئێران لەلایەن حکومەتی ئەمریکاوە، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەدا، کۆمپانیای "سپەیس ئێکس" رێگەی پێدرا خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد بۆ ئامێرەکانی ستارلینک کە لەلایەن ئەم کۆمپانیایەوە بەرهەم هێنراون و لە ئێرانن دابین بکات.

هەر لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ئێران، ئیلۆن ماسک، لە تویتێکدا رایگەیاند، کە ستارلینک بۆ ئێرانییەکان چالاک دەکات. ئێستا کۆمپانیای سپەیس ئێکس زیاتر لە ملیۆنێک بەشداربووی هەیە لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەتی لە ئۆکرانیا بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە کاردانەوە بە پشتیوانیی دەسەڵاتدارانی ئەمریکا بۆ چالاککردنی ئینتەرنێتی مانگی دەستکرد لە ئێران، بە "پێشێلکردنی سەروەری ئێران" ناوبرد و هەڕەشەی کرد کە ئەم "هەوڵانە بێ وەڵام نابن".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین