سەیوان محەمەد: بەگرنگم زانیوە چیرۆکی قڕکردنی گەلانی تر بهێنمە نێو کتێبخانەی کوردییەوە کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

سەیوان محەمەد نووسەر و وەرگێڕ، لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دەربارەی کتێبی ئەگەر ئەوە مرۆڤ بێت رایگەیاند، " بە گرنگم زانیوە چیرۆکی قڕکردنی گەلانی تر بهێنینە نێو کتێبخانەی کوردییەوە. دەکرێت هەبوونی ئەم جۆرە دەقانە ببێتە هەوێنی نووسینی هاوشێوە و بەوجۆرەش هۆشیارییەکی ڕاستەقینە بەرامبەر ئەو کارەساتانە".

ئەمڕۆ سێشەممە (27/کانوونی یەکەم/2022) سەیوان محەمەد نووسەر و وەرگێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا دەربارەی  ناوەڕۆکی کتێبی (ئەگەر ئەوە مرۆڤ بێت) بە نوچەنێتی راگەیاند، "ناوەڕۆکی کتێبەکە بریتییە لە گێڕانەوەیەکی ئەدەبیی یەکێک لە ڕزگاربوانی هۆڵۆکۆست، کە گێڕانەوەکەی لە ژانری یادداشتەڕۆماندا جێی دەبێتەوە.  ئەم کتێبە بە یەکێک  لە گرنگترین هەوڵەکانی دەستپێکی نووسین لەبارەی هۆڵۆکۆستەوە دادەنرێت کە لە ساڵی 1947نووسراوە، تەنیا دوو ساڵ پاش ڕزگاربوونی نووسەرەکەی. ئەگەرچی نووسەر کاتی ڕزگاربوونی لە کامپ هێشتا گەنجێکە لە سەرەتای بیستەکانی تەمەنیدا، بەڵام کتێبەکە بە زمانێکی باڵا نووسراوە و تەواوی وردەکارییەکانی ئەزموونی ژیانی بۆ ماوەی ساڵێکی ڕەبەقی مانەوەی لە یەکێک لە کامپەکانی کاری زۆرەملێی نازییەکان دەگێڕێتەوە، لە ساتی دەستگیرکردن و گواستنەوەیەوە تا ئەو کاتەی کامپەکە لەلایەن سوپای سۆڤیێتەوە ڕزگار کراوە. شێوازی گێڕانەوەکەی بەڕادەیەک کاریگەرە کە خوێنەر ڕادەکێشێتە نێو فەزای ڕۆمانەکەوە و هاوتای کارەکتەرەکان، کە بەندکراوی ڕاستەقینەن، هەست بە ئازار و ژان و خەمەکانیان دەکەین و دەبینە هاوبەشی ژیانی پڕ لە مەینەتی و شەکەتی و بێخەوی و برسێتی و ماندوێتیی تاقەتپڕوکێنیان."

سەیوان محەمەد روونکردنەوەى زیاتر لەسەر کتێبەکە دەدات و دەڵێت، "گرنگیی ئەم کتێبە بۆ خوێنەری ئێمە لەوەدایە کە دەکەوێتە بازنەی ئەدەبی جینۆسایدەوە، ئەم خاڵەمان لە پێشەکییەکدا بۆ کتێبەکە خستووەتە ڕوو، بەوەدا کە کارەساتەکانی ئێمە تاڕادەیەکی زۆر نەبوونەتە کەرەستەی نووسینی دەقی ئەدەبی، بەوەدا کە چیرۆکی هەزاران قوربانیی ئێمە بەبێ هەبوونی چانسی گێڕانەوە ون دەبن، بە گرنگمان زانیوە چیرۆکی قڕکردنی گەلانی تر بهێنینە نێو کتێبخانەی کوردییەوە. دەکرێت هەبوونی ئەم جۆرە دەقانە ببێتە هەوێنی نووسینی هاوشێوە و بەوجۆرەش هۆشیارییەکی ڕاستەقینە بەرامبەر ئەو کارەساتانە لە دونیای ئێمەدا دروست ببێت."

سەبارەت بەوەی ئایا هەمان پێشوازی رۆمانى (فهرەنهایت 451)کی لێ دەکرێت، ئەو وەڕگێرە گوتیشى، "ئێمە پێشتر چەند دەقێکی ترمان وەرگێڕاوە، پێم وایە هەریەکەیان بەگوێرەی خۆی پێشوازیی لێ کراوە، ئەوەیش دەکەوێتە سەر زەوق و سەلیقەی خوێنەری ئێمە. (فەهرەنهایت451) ڕۆمانێکی دیستۆپییە و تاڕادەیەک وەک ڕۆمانێکی خەیاڵی زانستی ناسراوە، ئەڵبەت تا ئەو کاتە زۆر نەبوون ئەو دەقانەی سەر بەو ژانرە بن لە کتێبخانەی کوردیدا، چ نووسین بێت یا وەرگێڕان، بۆیە وەک دەقێكی باش و جیاواز پێشوازیی لێ کرا."

بە بۆچوونى سەیوان محەمەد، لە نووسین و وەڕگێرانەکاندا، زۆر گرنگى بە ئەدەبى زیندان نەدراوە و وەک خۆى ئاماژەى پێدەکات، "بەم دواییانە هەستم کردووە کە ئێمە دیوێکی تری ئەدەبمان لێ ونە و باشتر وایە کارکردنم لە بواری ئەدەبی زیندان و جینۆسایددا چڕ بکەمەوە. ئەوەی کە ئاخۆ هاوشێوەی (فەهرەنهایت451) گرنگیی پێدەدرێت و جێی سەرنج و بایەخی خوێنەر دەبێت، نازانم. هێندە هەیە دەتوانم بڵێم ئەم جۆرە دەقانە دەبێت بە بایەخەوە بخوێنرێنەوە، لەبەر دوو هۆکار، سەرەتا بەو هۆکارەی ئاماژەم پێ دا، گرنگیی ئەدەبی جینۆساید بۆ خوێنەری ئێمە، دواتریش بە هۆکاری باڵایی ئەو دەقانە. دوو لەو کتێبانەی لەم ساڵانەی دواییدا بە وەرگێڕانی ئێمە بڵاوبوونەتەوە، (ئەگەر ئەمە مرۆڤ بێت) و (لێرەوە بۆ ژووری گاز، خانمان  و بەڕێزان)، دوان لە قووڵترین و باڵاترین دەقەکانی نێو ئەو نەریتەن، هەردووک لە ساڵانی سەرەتای پاش جەنگ نووسراون و لەسەر ئاستی جیهان بایەخی گەورەیان پێ دراوە. هەڵبژاردنی وەها دەقێک بۆ وەرگێڕان بەو ئاواتەوەیە کە جێی سەرنجی خوێنەری کورد بێت و بەهیواین پێشوازییەکی لێ بکرێت کە شایان بە دەقەکە بێت."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین