نەتەوە یەکگرتوەکان: کەمبوونی ئاو پەرە بە کۆچكردن و پەنابەریی دەدات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

کۆمسیاری باڵای پەنابه‌رانى سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی جیهانی ئاودا سەبارەت بە زۆربوونی ژمارەی کۆچبەران و پەنابەران بە هۆی وشکەساڵی و نەبوونی ئاوەوە هۆشداری دا. ٤٥٠ ملیۆن منداڵ لە جیهاندا دەستڕەسیان بە ئاو نییە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی "دویچە ولە"، ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٢ی ئاداری وەک ڕۆژی ئاو دیاری کردووە. ناونانی ئەو ڕۆژە لە کۆنفڕانسی ژینگە و گەشەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە شاری ڕیودوژانیرۆ بەڕێوە چوو.

هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا دروشمێکی نوێ دێتە ئاراوە. دروشمی ئەمساڵ لەسەر پرسی "گرنگیدان بە ئاو" چڕ بووەتەوە.

کۆمسیارى باڵای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەم ٢٢ ئادار بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاو هۆشداری دا کە کەمبوونی ئاو، دەستپێڕانەگەیشتن بە ئاوی خواردنەوەی خاوێن، وشکەساڵی، پووکانەوەی خاک و پەرەسەندنی بیابانەکان ئەو فاکتەرانەن کە دەبنە هۆی پەرەسەندنی کۆچبەریی.

بە پێی ڕاپۆرتی یونسێف ٢ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن کەس لە هەموو جیهاندا لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن. بە پێی ڕاپۆرتی یونسێف گۆڕانکاری کەشوهەوا بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو لە هەموو جیهاندا.

لە ئێستادا ٣ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن کەس لەو ناوچانەدا دەژین کە لانیکەم مانگێک لە ساڵدا ڕووبەڕووی کێشەی کەمبوونی ئاو دەبنەوە. لە لایەکی ترەوە ملیۆنان کەسی تریش لەو مانگانەدا کە باران دەبارێ و لافاو هەڵدەستێ ڕووبەڕووی کێشەی پیسبوونی کانییەکان و سەرچاوەکانی ئاو دەبنەوە.

بە وتەی گرد مولر، وەزیری ئاوەدانی و گەشەی ئەڵمانیا ٤٥٠ ملیۆن منداڵ لە هەموو جیهاندا لە ئاوی خواردنەوە بێبەشن.

لە سەد ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو لە هەموو جیهاندا شەش بەرابەر بووەتەوە. شارەزایان دەڵێن سەرەڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی دانیشتوانی سەر گۆی زەوی، بەرهەمە پیشەسازییەکان و کاڵاکان، هێشتا ساڵێک ١٪ بە ڕێژەی بەکارهێنانی ئاو زیاد دەبێ و ئەوە لە حاڵێکدایە کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر دۆخی ئاو دادەنێن و ئەو قەیرانە قووڵتر دەکەنەوە.

لە ڕاپۆرتەکەی یونسێفدا کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئاو بڵاو بووەتەوە داوا کراوە هەمووان لە  "گرنگیی ئاو" تێبگەن و بۆ پاراستنی ئەو مادەیە بەنرخە سەرمایەگوزاری زیاتر ئەنجام بدرێ. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین