یەکەى نیشتەجێبوون بۆ مەسیحییەکانى سنوورى عەنکاوە دروست دەکرێ کوردستان- عێراق

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

د. محەمەد شوکرى، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانى هەرێمى کوردستان دەڵێت، "جگە دروسکردنى یەکەى نیشتەجێبوون (شوقە) بۆ کرێنشینان، لە سنوورى عەنکاوە شوقە بۆ کریستیان و مەسیحییەکان دروست دەکرێ."

ئەمڕۆ چوارشەممە (چوارى/کانوونى دووەم/2022) د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێتی راگەیاند، "پرۆژەی دروستكردنى شوقەکانی عەنکاوە، لە چوارچێوەی  ئەو (20) هەزار شوقانەیە کە جەنابی سەرۆک وەزیران بڕیاری لەسەرداو، بەهەمان شێوە لەسەر داواکارى خەڵکی عەنکاوە، کە داوایان کرد، تایبەت بە خەڵکی عەنکاوە شوقە دروست بکرێت."

د. محەمەد شوکرى زیاتر روونیکردەوە، "سەرۆکایەتيی شارەوانی عەنکاوە یان ئەنجومەنی شارەوانی عەنکاوە، شوێنى دروستکردنى پڕۆژکە دەستنیشان دەکەن، هەر لەلایەن ئیدارەی عەنکاوە، سەرۆکایەتی یان ئەنجومەنی شارەوانی عەنکاوە ناوەکان دەستنیشان دەکرێن، بۆ ئەوەی لەسەریان دابەش بکرێن، بێگومان بەهەمان نرخ و تایبەتمەندییەکانی، ئەو (20000) یەکەییەی کە لەهەموو کوردستان دروست دەکرێن."

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان دەشڵێت، "دروستكردنى یەکەى نیشتەجێبوون بۆ هەموو خەڵکى کرێنشین و کەمدەرامەتى کوردستان دەبێت، لە زاخۆ پڕۆژەکە دەستیپێکردیە، لە هەولێر پێش سەری ساڵ زەوییەکان ڕادەستى بە وەبەرهێنان کران،  لە چەند هەفتەی داهاتوو ئەم پڕۆژەیە دەست بە جێبەجێکردنى دەکرێ، لە شارەکانیتریش چاوەڕێى وەرگرتنی زەوین بۆ ئەوەی ڕادەستى وەبەرهێنەران بکەین، پرۆسەکە دواکەوتووە، بەڵام هۆکارەکەى زیاتر کێشەى زەوییە ە، تا ئێستا لەهەموو شوێنەکان بە دروستی زەوى ڕادەستمان نەکراوە."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین