ئێران هەڕەشە لە فەڕەنسا دەکات ئێران

نوچەنێت

لە ناڕەزایەتی بە بڵاوبوونەوەی ژمارەی تایبەتی گۆڤاری تەنزئامێزی "چارلی ئیبدۆ" بۆ بەرگری لە گەلی ئێران بۆ گەیشتن بە ئازادی، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، نیکۆلاس رۆش باڵیۆزی فەڕەنسا، لە تاران بانگهێشت کرد و رایگەیاند، کە کاریکاتێرەکانی گۆڤاری "چارلی ئیبدۆ" کە رەخنە لە عەلی خامنەیی دەگرێت، بە بڕیاری حکومەتی پاریس ناسێندرا.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی دەڵێت، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو کاریکاتێرە، حکومەتی ئێران حکومەتی فەڕەنسای لە ناڕەزایەتی توندی خۆی ئاگادار کردۆتەوە. ناوبراو بڵاوکردنەوەی ژمارەی تایبەتی گۆڤاری "چارلی ئیبدۆ"ی بە نموونەی "سووکایەتیکردن بە ئیسلام و بەها نەتەوەیی-ئاینییەکان"ی ئێران زانی و زیادی کرد کە کۆماری ئیسلامی ئەو جۆرە سووکایەتییە قبووڵ ناکات. 

ناسر کەنانی هەروەها رایگەیاندووە کە "فەڕەنسا مافی ئەوەی نییە بە بیانووی بەرگریکردن لە ئازادیی رادەربڕین پاساو بۆ سووکایەتیکردن بە شوێنە پیرۆزەکانی وڵاتانی ئیسلامی بهێنێتەوە" و بە گوتەی تاران حکومەتی فەڕەنساش بەشداری لە سووکایەتیکردن بە "پیرۆزییەکانی ئیسلامی"دا دەکات.

گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران له درێژەدا گوتی: تاران مافی خۆی دەپارێزێت کە وەڵامێکی شیاو له بەرامبەر ئەو کردەوەی حکومەتی فەڕەنسا بدات.

پێشتریش حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە لێدوانێکی هاوشێوەدا،  بڵاوبوونەوەی ژمارەی تایبەتی گۆڤاری "چارلی ئیبدۆ" بۆ بڕیاری حکومەتی فەڕەنسا، ڕایگەیاند؛ کە کۆماری ئیسلامی ئێران رێگە بە "حکومەتی فەڕەنسا نادات پێ لە بەڕی خۆی درێژتر بکات". ئەمیر عەبدوڵڵاهیان هەروەها گوتوویەتی: بە بڵاوکردنەوەی کاریکاتێری سووکایەتیکردن بە عەلی خامنەیی، رێبەری حکومەتی ئایینی تاران، لە راستیدا حکومەتی فەرەنسا سووکایەتی بە "دەسەڵاتی ئایینی و سیاسی" ئێرانی کردووە و بەم کارە "رێگایەکی خراپ"ی هەڵبژاردووە. عەبدوڵڵاهیان زیاتر هەڕەشەی کرد کە تاران "وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و کاریگەر" بۆ ئەم سووکایەتییە دەداتەوە.

سەرنووسەری گۆڤاری تەنزئامێزی چارلی ئیبدۆ، لۆران سۆریسۆ، کە بابەتەکانی بە ناوی "ریس" واژۆ دەکات، دەڵێت "کاریکاتێر وەک چەکێکی سیاسی وایە، کە مەلاکانیش بەکاریدەهێنن، ئێمەش هەمان چەک دژی مەلاکان بەکاردەهێنین".

هاوکات لەگەڵ هەشتەمین ساڵوەگەڕی هێرشی خوێناوی ئیسلامییەکان بۆ سەر گۆڤاری "چارلی ئیبدۆ"، دوای ئەنجامدانی کێبڕکێیەکی نێودەوڵەتی لە نێوان سەدان کاریکاتێر، هەفتەنامەی فەڕەنسی ٣٥ کاریکاتێری وەرگرت کە رەخنەی لە عەلی خامنەیی گرتبوو لە ژمارەیەکی تایبەتدا لە رۆژی چوارشەممەی رابردوو، بۆ پاڵپشتی لە خەباتی گەلی ئێران تەرخانکرد.

چەند نمونەیەک لە کاریکاتێرەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران
چەند نمونەیەک لە کاریکاتێرەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران

سەرچاوە:

https://www.rfi.fr/fa

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین