رۆژنامه‌یه‌ك: سنوورى هه‌رێمى كوردستان و ئێران هێمن و بێده‌نگه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید ده‌ڵێ ماوه‌ى 30 رۆژه‌ هێمنییه‌كى فراوان له‌ سنوورى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئێران هه‌یه‌ و ئه‌مه‌یش له‌به‌ر چه‌ند هۆكارێكه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ هه‌شتى كانوونى دووه‌مى 2023 رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید له‌ راپۆرتێكدا ده‌ڵێ، ماوه‌ى 30 رۆژه‌ هێمنییه‌كى فراوان له‌ سنوورى نێوان عێراق و ئێران له‌ میحوه‌رى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌ و ئه‌مه‌یش دواى ئه‌وه‌ دێت كه‌ دوو مانگ بوو "تشرینى یه‌كه‌م  و تشرینى دووه‌م" هێرشه‌كانى ئێران گه‌یشتبووه‌ ئه‌وپه‌ڕى.

رۆژنامه‌كه‌ پێیوایه‌ چه‌ند هۆكارێك له‌پشت ئه‌و هێمنییه‌وه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ محه‌مه‌د شیاع سوودانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق سه‌ردانى ئێرانى كردووه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ گفتوگۆى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى باڵاى ئێران كردووه‌. هاوكات كۆمه‌ڵێك رێكاریشى به‌ هاوكارى هه‌رێمى كوردستان بۆ پاراستنى سنووره‌كان گرتووه‌ته‌به‌ر. جگه‌ له‌مانه‌ رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى جه‌دید باس له‌وه‌یش ده‌كات قسه‌ له‌گه‌ڵ پارته‌كانى رۆژهه‌ڵاتى كوردستان كراوه‌ كه‌ هیچ جۆره‌ جموجۆڵێكى سه‌ربازى دژ به‌ ئێران نه‌كه‌ن.

جه‌بار یاوه‌ر ئه‌میندارى گشتى پێشووى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ لێدوانێكى بۆ رۆژنامه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، ئێستا ئێرانییه‌كان هیچ نیازێكیان بۆ ئۆپراسیۆنى سه‌ربازى بۆ ناو سنوورى عێراق نییه‌، وه‌ك دووپاتكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر هێمنى سنووره‌كان ده‌ڵێ، "هیچ هێزی زرێپۆشى ئێران له‌ سه‌ر سنووره‌كانى عێراق نییه‌".

له‌ ماوه‌ى رابردوودا به‌ چه‌ندان بیانووى جیاواز ئێران چه‌ندان هێرشى كرده‌ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان و ده‌یان قوربانى له‌و هێرشانه‌ كه‌وته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین