ئێران حوکمی لەسێدارەدانی سێ خۆپیشاندەری دیکەی راگەیاند ئێران

نوچەنێت

دوو رۆژ دوای لەسێدارەدانی محەممەد مێهدی کەرمی و محەممەد حوسێنی، لە خۆپیشاندەرانی شاری کەرەج، کە تووڕەیییەکی بەربڵاوی جەماوەری لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتی لێکەوتەوە، دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی حوکمی لەسێدارەدانی سێ کەسی دیکەی لە خۆپیشاندەرانی ئیسفەهانی راگەیاند.

ئاژانسی هەواڵی دەسەڵاتی دادوەری رۆژی دووشەممە ٩ی جانیوەری رایگەیاند، دادگای دۆسیەی بەناو "ماڵی ئیسفەهان" کە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کوشتنی سێ پۆلیس بەڕێوەچوو، سزای لەسێدارەدەانی بەسەر "صالح میرهاشمی بلطاقی، مجید کاظمی شیخ‌شبانی و یعقوبی کردسفلی" دەرکرد بە تۆمەتی "محاربە".

دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان بەسەر سێ کەس لە تۆمەتباران لەم دۆسیەیەدا، لە کاتێکدا بەڕێوەچوونی دادگاکانی تۆمەتبارانی ناڕەزایەتی سەرتاسەری بەبێ رەچاوکردنی پێوەرە یاسایی و تاوانکارییەکان و رێوشوێنەکان و بەتایبەت دەرکردنی خێرای سزای لەسێدارەدان بۆ بەشێک لە خۆپیشاندەران لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ، ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی لەناوخۆ و دەرەوە لێکەوتووەتەوە.

دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی جگە لە ڕاپۆرتی ئەم دادگایە و حوکمەکانی، گرتەی ڤیدیۆیی تۆمەتبارانیشی بڵاو کردۆتەوە، کە دیار نییە لە چ بارودۆخێکدا تۆمار کراون، کە تێیدا تۆمەتباران دان بە تاوانی خۆیاندا دەنێن.

لە هەمان کاتدا دەسەڵاتی دادوەری رایگەیاندووە، کە ئەو بڕیارانەی لە دژی تۆمەتباران دەرکراون "حوکمی سەرەتایین و دەتوانرێت لە دادگای باڵای وڵات تانەیان لێبدرێت".

ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی تا ئێستا لانیکەم چوار خۆپیشاندەر، کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا دەسبەسەر کرابوون، بەبێ راگەیاندنی پێشوەختە و تەنانەت ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان لەسێدارە داوە.

سەرەڕای هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان کە تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی ٥٠٠ خۆپیشاندەر و دەستبەسەرکردنی هەزاران هاوڵاتی و سەرەڕای دەرکردنی حوکمی قورس لە دژی ناڕازییان و بلۆککردن یان سنووردارکردنی ئینتەرنێت، ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان بە شێوەی جۆراوجۆر لە ئێران هەر بەردەوامە.

جێگەی ئاماژەیە، کە شەوی رابردوو ناوچە جیاجیاکانی تاران و هەروەها شارەکانی نەجەفئاباد، ئیسفەهان، قەزوین، بەندەر عەباس، سنە و بەشێک لە شارەکانی دیکە خەڵک خۆپیشاندانیان کردووە وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە لەسێدارەدانەکان و هەروەها بە بۆنەی سێهەمین ساڵڕۆژی کوشتنی ١٧٦ سەرنشینی گەشتی پی ئێس٧٥٢ لەلایەن مووشەکەکانی سوپای پاسدارانەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین