ئەو یارییەی ئێران خۆی بۆ ئامادە دەکات و رۆژئاوا کۆتاییەکەی راگەیاند ئێران

نوچەنێت

رافایل گەڕوسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی جەختی لەوە کردەوە کە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە "بنبەست" و وەستان. هۆشداریشیدا لەوەی نە لە دانوستانەکانی نێوان ئاژانس و ئێران، نە لە دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی بەرجام، "نەمانتوانی پێشکەوتن بەدەستبهێنین".

ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی فەرمی ڤاتیکان، گەڕوسی سەبارەت بە دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ تاران گوتی: چەقبەستوویەک هەیە، دانوستانەکان پچڕان و بێ ئەنجام مانەوە، کۆبوونەوە و ئاڵوگۆڕی زۆر هەیە و ئەوەش هەر بۆیە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی - و منیش بە شێوەیەکی تایبەت - نامانەوێت ئەم بۆشاییە سیاسییە لە دەوری پرسێکی وەها ناجێگیر و مەترسیداردا بمێنێتەوە.

هەروەها گەڕوسی سەبارەت بەو نیگەرانییەی ئەم دواییەی پاپا فرانسیس، رێبەری کاسۆلیکەکانی جیهان، سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاند: "پاپا راست دەکات".

رۆژی دووشەممە ٩ی مانگ، لە وتارێکی ساڵانەی خۆیدا بۆ دیپلۆماتکارانی بیانی لە ڤاتیکان، پاپا فرانسیس هەبوونی چەکی ئەتۆمی بە "نا ئەخلاقی" ناوبرد، ئاماژەی بە چەقبەستوویی دانوستانەکان سەبارەت بە بوژاندنەوەی رێککەوتنی بەرجام کرد. گوتیشی: لەژێر هەڕەشەی چەکی ئەتۆمیدا هەمیشە دۆڕاوین.

 گەڕوسی لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی هەواڵی ڤاتیکان گوتی: لەگەڵ پاپا فرانسیس کۆبوومەوە، چونکە پێموایە دەنگی ئەو، پەیامەکەی سەبارەت بەم هەڕەشانە لەم کاتە سەختەدا، شتێکی پێویستە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، جەختی لەوە کردەوە، کە تەرکیزی ئەم دەزگایەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنها پرسی ئۆکرانیا نییە، بەڵکو دوو فایلی "ئێران و کۆریای باکور"یش هەیە.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی کۆماری ئیسلامی لە زیادکردنی قەبارە و ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم و پەرەپێدان و دروستکردنی سانتریفیوژی پێشکەوتووتر کرد و گوتی: ئەمە بەڕاستی جێگەی نیگەرانییە، چونکە ئەمانە هەنگاون بەرەو فراوانکردنی چەکی ئەتۆمی، کە دەبێ خۆمانی لێ بەدوور بگرین.

گەروسی بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی، کە "دەزگاکە شوێنی رێککەوتنە، جێگا و سەکۆیە بۆ لێکتێگەیشتنی یەکتر"، هیوای خواست، کە بتوانێت گەشت بۆ تاران بکات و دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دەست پێ بکاتەوە.

دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا کاردانەوەیان بەرامبەر بەم قسانەی بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانس نەبووە، بەڵام پێش دەستپێکردنی سەری ساڵی نوێ، محەمەد ئیسلامی، سەرۆکی رێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندبوو، کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ دوای پشووەکانی سەری ساڵ، بۆ سەردانی بەرپرسانی ئاژانس بۆ ئێران.

بەڵام بەپێی ئەو لێدوانەی رافایل گەروسی، پێناچێت تا ئێستا بڕیارێک درابێت.

تاران تۆمەتەکانی بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی رەتدەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا بە پێی ئاژانسەکە، تاران تا ئێستا وەڵامێکی دڵنیاکەرەوەی بۆ دۆزینەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە سێ شوێنی رانەگەیەندراو، نەداوەتەوە.

مانەوەی ناکۆکییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ئاژانس لە کاتێکدایە، کە چەند مانگێکە دانوستانەکانی تاران لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان هەڵپەسێردراون و ئەمریکاش لە ماوەی چوار مانگی ناڕەزایەتی جەماوەریدا، چەندین جار رایگەیاندووە، کە دەستپێکردنەوەی ئەو دانوستانانە لە پێشینەی کارەکان نییە بۆ کۆشکی سپی.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین