له‌سه‌ر پرسى دۆلار بانگهێشتى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى ده‌كرێت کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

له‌سه‌ر پرسی به‌رزبوونه‌وه‌ى به‌هاى دۆلار به‌رانبه‌ر به‌ دینار، زیاتر له‌ 30 په‌رله‌مانتارى عێراق داوایان له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان كردووه‌، بانگهێشتى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى عێراق بكات.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14/كانوونى دووه‌م/2022 نووسراوێكى فه‌رمى په‌رله‌مانتاران بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، كه‌ تێیدا داواى بانگهێشتكردنى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى ده‌كرێت.

له‌ نووسراوه‌كه‌ هاتووه‌، "به‌گوێره‌ى بڕگه‌كانى ماده‌ى (62/ حه‌وته‌م/ب) له‌ ده‌ستوورى عێراق، دواى كۆكردنه‌وه‌ى واژۆى زیاتر له‌ 30 ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران، بۆ تاوتوێكردنى ئه‌و بابه‌ته‌ى له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ى بۆ كراوه‌ (به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى دۆلار) تكا ده‌كه‌ین رێنمایى رێكارییه‌كان بدرێت بۆ ئاماده‌بوونى پارێزگارى بانكى ناوه‌ندى بۆ تاوتوێكردنى سیاسه‌ت و رێكارییه‌كانى بانكه‌كه‌ له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى دۆلار و ناسه‌قامگیرییه‌كه‌ى له‌ بازاڕه‌كان. له‌به‌ر گرنگى بابه‌ته‌كه‌یش كه‌ به‌ روونى كاریگه‌رى داناوه‌ له‌سه‌ر نرخى كه‌لوپه‌ل و خزمه‌تگوزارییه‌كان و كاریگه‌رى نه‌رێنى هه‌یه‌ له‌سه‌ر بژێوى هاووڵاتى و ئابوورى ته‌واوى وڵات".

 ماوه‌ى مانگێك زیاتر نرخى دۆلار له‌ بازاڕه‌كانى عێراق به‌رانبه‌ر به‌ دینار به‌رزبووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ هۆى ناسه‌قامگیرى و گرانى شتومه‌ك.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین