هەژماری من: دوای (20) ڕۆژی تر وەرگرتنی مووچە بە شێوەی کاش دەوەستێت کوردستان- عێراق

نوچە نێت:

تیمی پڕۆژەی "هەژماری من" ڕایگەیاند، تەنیا (20) ڕۆژ لەبەردەم فەرمانبەران و خانەنشینانی کەرتی گشتیی هەرێمی کوردستاندا ماوە بۆ وەرگرتنەوەی کارتە بانکییەکانیان، چونکە دوای بەرواری (31)ـی ئابی (2026) دابەشکردنی مووچە بە شێوازی نەختینە (کاش) بە تەواوی ڕادەگیرێت و دەوەستێت.

ڕۆژی سێشەممە (2026/08/11) تیمی پڕۆژەی هەژماری من لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە سەرجەم مووچەخۆران پێش ئەو بەروارە کارتەکانیان وەرگرتبێتەوە، چونکە دوای ئەوە چیتر بە کاش مووچە دابەش ناکرێت. هەروەها فەرمانبەران و خانەنشینان دەتوانن لە ڕێگەی کورتەنامە (SMS)، ڤایبەر، وەتسئاپ، یان لە کاتی وەرگرتنی مووچەی ئەمجارەیان لە ڕێگەی بانکەکانەوە، بزانن کە ئایا کارتە بانکییەکەیان ئامادەیە یان نا.

ئامارە فەرمییەکانی پڕۆژەی "هەژماری من" دەریدەخەن پڕۆسەکە لە قۆناغی کۆتاییدایە و تاوەکو ئێستا، (٪96)ـی مووچەخۆرانی کەرتی گشتی لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان لە بانکەکاندا تۆمار کراون؛ بە جۆرێک پارێزگای هەولێر، (٪99) پارێزگای دهۆک، (٪99) و پارێزگای سلێمانیش، (٪92)ـی مووچەخۆرانیان تۆمار کردووە.

هاوکات بۆ ئاسانکاریی زیاتر بۆ هاووڵاتییان و فەرمانبەران لە کاتی ڕاکێشانی مووچەکانیان لە هەر کات و شوێنێکدا، تیمی پڕۆژەکە تاوەکو ئیستا نزیکەی (700) ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM)ـی لە سەرانسەری شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا جێگیر کردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین