قۆناغێکی گرنگی گرژییەکانی نێوان ئێران و رۆژئاوا دەستپێدەکات ئێران

نوچەنێت

رۆژنامەی "سەندەی تەلەگراف" لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا، یەکشەممە 15ی جانیوەری، نووسیویەتی، لەسێدارەدانی عەلیرەزا ئەکبەری، سەرەتای قۆناغێکی گرنگە لە گرژییەکانی ئێستای نێوان رۆژئاوا و ئێران، بەجۆرێک حکومەتی بەریتانیا بیر لە سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بە پشتیوانییەکانی دەکاتەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران.

سەرچاوەیەکی حکومی لە ئینگلتەرا رایگەیاند، کە لە دوای دەستپێکردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەکان لەگەڵ ئێران، دۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، بەتایبەت بەهۆی هەڵسوکەوتی رێژیمی ئێران و سیاسەتی زۆر سەرکوتگەرانەی بەرامبەر خۆپیشاندەران و ناڕەزایەتییەکانی ئەم وڵاتە.

دوێنێ شەممە، ١٤ی مانگ، ریشی سۆناک، سەرۆک وەزیرانی ئینگلتەرا، لە کاردانەوە بە لەسێدارەدانی عەلیڕەزا ئەکبەری، ئەو کارەی حکومەتی ئێرانی بە دڕندەیی و ترسنۆکانە ناوبرد و کۆماری ئیسلامی بە نیزامێکی بەربەری وەسف کرد، کە کەمترین رێز لە مافەکانی خەلکی خۆی ناگرێت.

سبەی دووشەممە ١٦ی مانگ، بڕیارە جەیمس کلاڤەرلی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، بچێتە واشنتۆن و لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەی ئەنتۆنی بلینکن، بە تایبەتی سەبارەت بە ئێران کۆببێتەوە و قسە بکات.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بە ئاماژە بە گەمارۆکانی وڵاتەکەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران گوتی: ئەم رێوشوێنانە ئیرادەی پتەوی بەریتانیا لە بەرامبەر پێشێلکردنی ترسناکی مافی مرۆڤ لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نیشان دەدات.

سەرچاوە: رادیۆ فەرەنسا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین