لۆمۆند: خامنەیی دەسەڵات رادەست دەکات وەرگێڕان

نوچەنێت

ژان پیێر فیلیۆ، شارەزای دیاری مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە رۆژنامەی لۆمۆنددا دەنووسێت، عەلی خامنەیی، تووشی خەمۆکی دەورەیی بووە و هەموو بیرکردنەوە و هەستەکانی نیگەرانن لە مردن و لەناوچوونی خۆی و جێنشینی کوڕەکەی.

ژان پیێر فیلیۆ، کە لە بیست ساڵی رابردوودا لێکۆڵینەوەیەکی بەرفراوانی لەسەر کۆماری ئیسلامی و مێژووی سیاسی ناوچەکە کردووە، لە یاداشتێکی رۆژنامەی لۆمۆنددا، جەخت لەسەر کورتبینی سیاسی خامنەیی و ترسی هاوشێوەی نەخۆشی، لە لابردن و لەناوچوون دەکات.

لە سەرەتادا فیلیۆ ئاماژە بە کاریکاتێرەکانی ئەم دواییەی خامنەیی لە گۆڤاری چارلی ئیبدۆ دەکات و دەنووسێت، لەو خۆپیشاندانەی کە لە بەردەم باڵیۆزخانەی فەرەنسا لە تاران بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بە بڵاوکردنەوەی ئەو کاریکاتێرانە بەڕێوەچوو، لە دەیان کەس زیاتر بەشدارییان نەکرد، وەک لە خۆپیشاندانی قوم. بە بڕوای فیلیۆ، ئەم شکستەی رێژیم لە کۆکردنەوەی لایەنگرانی، نیشانەیەکی دیکەی ناپەسەندبوونی ئەو کەسەیە کە لە ساڵی ١٩٨٩دا شوێنی ئایەتوڵڵا خومەینی گرتۆتەوە.

ئایەتوڵڵا باسمەی

ژان پیێر فیلیۆ دەڵێ، کە ئاستی بەراورد، دەبێ دەرئەنجامەکانی بوختانەکانی رژێمی شا بۆ خومەینی لە ساڵی ١٩٧٨ بە بیر بهێینینەوە. دیارە مەبەستی نووسەر لە بوختان، هەمان بابەتی بەناوبانگە کە لە ١٩٧٨ لە ژێر ناوی خوازراودا بڵاوکرایەوە، ئەحمەد رەشیدی موتڵەق، لە رۆژنامەی ئیتلاعات بڵاوکرایەوە و یەکێک لە پریشکەکانی یەکەمی شۆڕشی ئیسلامی لێکەوتەوە.

ژان پیێر فیلیۆ، کە بە عەلی خامنەیی بە "ئایەتوڵڵا باسمەیی" ناو دەبات، باسی مێژووی دەستڕاگەیشتنی بە سەرۆکایەتی دەکات و دەیهێێتەوە یاد، کە خامنەیی مەرجەعی تەقلید نەبووە، بە گوتەی پیاوانی ئایینی پلە باڵا، شایستەی ئەوە نەبووە ببێتە فەقێ. رەنگە هەر لەبەر ئەم هۆکارە بێت، بە وریاییەوە بە ساڵانی یەکەمی سەرکردایەتیدا تێپەڕیوە تا دواجار، دوای ئامادەکارییەکان، لە ساڵی ١٩٩٤ (١٣٧٣)، بە فەرمی وەک مەرجەعی تەقلید ناسێندرا.

بەڵام خامنەیی سەرەڕای لاوازی پێگەی ئایینی خۆی، بۆ ماوەی 33 ساڵ، سیستەمی کۆماری ئیسلامی بە توند بوون و ئیرادە سەرکردایەتی کرد و ریکۆردی ستەمکارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شکاند.

ژان پیێر فیلیۆ دەنووسێت، لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئیبراهیم رەئیسی ناسراو بە جەللاد، مەیلی سەرکوتگەرانەی خامنەی چڕتر بووەوە تا لەم دواییانەدا بڕیار بوو ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بە خوێنرشتن سەرکوت بکات. رەئیسی کە خۆی بەرپرسیاری هەزاران لەسێدارەدانە، گوێڕایەڵی تاوانکاری خۆی خستە خزمەت خامنەیی.

نیگەرانییەکانی جێنشینی

بە گوتەی ژان پیێر فیلیۆ، خامنەیی کە تەمەنی ٨٣ ساڵە و باری تەندروستی بەرەو دابەزین دەچێت، تووشی خەمۆکی توندی قۆناغی دەبێتەوە. بیرکردنەوە لە مردن و لەناوچوون کە هەموو مێشکی داگیرکردووە لەگەڵ خەمی جێنشین دا،  پەرە بە ئەم خەمۆکییە دەدەن. لە روانگەی ئێرانییەکان و بیروڕای گشتی جیهانییەوە ئەوەی بە ناڕەزایەتی خەڵک دادەنرێت، لە روانگەی ئەوەوە، تەنیا پیلانێکە کە بە ئامانجی ناسەقامگیرکردنی خۆی و سیستەمی کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە. ئەم تارماییە سیاسییە، هاوکات لەگەڵ بەدگومانی وەک نەخۆشی (کوێری پارانۆیایی)، بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرکوتی ئێستای ئێران لە رادەبەدەر دڕندانە و بێبەزییانە بێت. لە هەمان کاتدا ئەم دۆخە وەسوەسەی عەلی خامنەیی توندتر کردووەتەوە، کە هەموو کاروبارەکان بە یەکجاری بسپێرێت بە موجتەبا.

فیلیۆ لە بارەی ناساندنی موجتەبادا دەنووسێت، کە لە هاوینی رابردوودا نازناوی ئایەتوڵڵای وەرگرتووە و لە ئێستادا بەڕێوەبەری ئیمپراتۆریەتی پیشەسازی و بازرگانی خامنەییە و زۆر لە سوپای پاسداران نزیکە. نووسەر بیری دەهێنێتەوە، کە سیناریۆی حوکمڕانی خانەدانی لە سوریا لە لایەن بنەماڵەی ئەسەدەوە پێشتر جێبەجێ کراوە.

هەرچەندە عەلی خامنەیی، هێشتا بە فەرمی جێنشینی کوڕەکەی رانەگەیاندووە، بەڵام ژان پیێر فیلیۆ، پێی وایە، کە گەیشتووەتە کۆتایی دەسەڵاتەکەی؛ کۆتاییەک، کە بە هۆی توندوتیژی و دڕندەیی ئەو لەبەردەم بزووتنەوەی گەلدا لە دۆخێکی زۆر قورس و تاریک و لێڵە.

سەرچاوە: رادیۆ فەرەنسا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین