ئەوروپا لە بارەی سوپای پاسدارانەوە بڕیار دەدات ئێران

نوچەنێت

هەزاران ئێرانی دانیشتووی فەرەنسا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپایی رۆژی دووشەممە ١٦مانگ، بەمەبەستی کۆبوونەوە لە بەردەم بارەگای پەرلەمانی ئەوروپا بۆ شاری ستراسبۆرگ لە باکووری رۆژهەڵاتی فەرەنسا و خوازیاری ئەوە بوون کە بەتەواوەتی سوپای پاسداران بە تیرۆریست ناوزەد بکرێت.

خۆپیشاندەران، ژمارەیان زیاتر لە ١٢ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، داوایان لە پەرلەمانی ئەوروپا کرد هەنگاوی یەکلاکەرەوەی دیکە لە بەرامبەر توندوتیژیەکانی حکومەتی ئێران، لە دژی خۆپیشاندەران لە چەند مانگی رابردوودا بنێت.

ئەمە دووەم گەورەترین گردبوونەوەی ئێرانییەکانە لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا لە ئەوروپا، دوای رووداوی بەرلین بۆ دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ خۆپیشاندەرانی نێوخۆی وڵات و هەروەها بانگهێشتکردنی دەسەڵاتدارانی ئەورووپا بۆ بڕیاردانی بەهێزتر لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیەیتد پرێس، کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە لە ستراسبۆرگ دوای ئەوە بووە، کە هەفتەی رابردوو زیاتر لە سەد ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا نامەیەکیان واژۆ کرد و داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کرد، هەنگاوی نوێ دژی دەسەڵاتی تاران بنێت.

ئەم نوێنەرانە لە نامەیەکدا بۆ جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، پشتگیریان لە ناساندنی تەواوی سوپای پاسداران، وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی کرد.

کۆبوونەوەی ئێرانییەکان لە سەروبەندی کۆبوونەوەی پەرلەمانی ئەوروپا بەڕێوەچوو، کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە ١٩ی مانگ، بارودۆخی ئێران تاوتوێ بکرێت و بڕیارنامەیەک دەربکرێت.

پەرلەمانی ئەوروپا دەستەی یاسادانانی یەکێتی ئەوروپایە، کە لە ئەندامانی ٢٧ وڵاتی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا پێکدێت و ٧٠٥ کورسی لەخۆدەگرێت.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین