توێژینه‌وه‌یه‌ك: چیتر ناتوانین به‌ قووڵى بخوێنینه‌وه‌ کولتوور

نوچه‌نێت

توێژینه‌وه‌یه‌ك كه‌ په‌یمانگه‌ى نیشتمانى فه‌ڕه‌نسى ئه‌نجامى داوه‌، ده‌ریخستووه‌ به‌ هۆى به‌كارهێنانى ته‌كنه‌لۆجیا و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، خوێنه‌ران ناتوانن وه‌ك رابردوو به‌ قووڵى بخوێننه‌وه‌ و به‌ڵكۆ خوێندنه‌وه‌ كرچ و كاڵ بووه‌تەوە.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 17/ كانوونى دووه‌م/ 2023 رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌ هۆى شۆڕشى زانیارى و فراوانبوونى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، خوێندنه‌وه‌ كرچ وكاڵ بووه‌ته‌وه‌ و خوێندنه‌وه‌ى قووڵ نه‌ماوه‌. راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ى بۆ توێژینه‌وه‌یه‌ك كردووه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن په‌یمانگه‌ى نیشتمانى فه‌ڕه‌نسى ئه‌نجام دراوه‌ و ده‌ریخستووه‌، به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى كاتژمێره‌كانى خوێندنه‌وه‌ له‌لایه‌ن خوێنه‌ران كه‌مبووه‌ته‌وه‌ و ئه‌گه‌ریش هه‌بێت ئه‌وا قووڵ نییه‌. 

به‌پێى توێژینه‌وه‌كه‌  خوێندنه‌وه‌ى هه‌ر فه‌ڕه‌نسییه‌ك له‌ هه‌فته‌یه‌كدا له‌ سێ كاتژمێر تێپه‌ڕ ناكات، كه‌چى سێ كاتژمێر و نیو رۆژانه‌ به‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و ئینته‌رنێت به‌سه‌ر ده‌برێت. جیا له‌وه‌یش 47% فه‌ڕه‌نسییه‌كان ناتوانن به‌ قووڵى بخوێننه‌وه‌ و هۆكاریش ئه‌وه‌یه‌ له‌ كاتى خوێندنه‌وه‌ خه‌ریكى گۆڕینى كه‌ناڵه‌كانى ته‌له‌ڤزیۆن ده‌بن و یانیش له‌ مۆبایل چاو به‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌خشێنن و وه‌ڵامى نامه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ده‌ده‌نه‌وه‌.

خوێندنه‌وه‌ى قووڵ به‌لاى توێژینه‌وه‌كه‌ ئه‌وه‌ى به‌ هێواشى و به‌رده‌وامى بخوێنرێته‌وه‌ و له‌ ماناى ئه‌و وشانه‌ وردبینه‌وه‌ كه‌ ده‌یانخوێنینه‌وه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت جیا له‌ توێژینه‌وه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌ نووسه‌رێكى ئه‌مریكى كراوه‌ به‌ ناوى نیكۆلاس كار كه‌ یه‌كه‌م رۆشنبیره‌ زه‌نگى مه‌ترسى بۆ ئه‌و دیارده‌یه‌ لێداوه‌، ئه‌مه‌یش له‌ كتێبێك به‌ ناوى "ئینته‌رنێت چى به‌سه‌ر عه‌قڵمان هێنا؟" نووسه‌ر له‌و كتێبه‌دا باس له‌ ئه‌زموونى خۆى ده‌كات و ده‌ڵێ، "به‌م دواییه‌ هه‌ستێكى جاڕسكه‌رم هه‌یه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى یه‌كێك یارى له‌گه‌ڵ عه‌قڵم بكات، وام لێهاتووه‌ به‌ زه‌حمه‌ت كتێبه‌كان بخوێنمه‌وه‌، دواى لاپه‌ڕه‌یه‌ك دووان سه‌رنجم په‌رت ده‌بێت، هه‌ست به‌ نیگه‌رانى ده‌كه‌مه‌ و به‌ دواى شتێكى تر ده‌گه‌ڕێم ئه‌نجامى بده‌م، هه‌ست ده‌كه‌م كاتم به‌وه‌ به‌سه‌ر ده‌به‌م عه‌قڵه‌ دواكه‌وتووه‌كه‌م بگه‌ڕێنمه‌وه‌ سه‌ر ده‌قه‌كه‌، خوێندنه‌وه‌ى قووڵ كه‌ پێشتر به‌ شێوه‌یه‌كى ئاسایى بۆم ده‌هات، ئێستا بووه‌ته‌ ململانێیه‌كى رۆژانه‌".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین