ئێران ره‌خنه‌ له‌ بڕیارێكى ئه‌نجوومه‌نى مافه‌كانى مرۆڤ ده‌گرێت ئێران

نوچه‌نێت

ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانەی چل و شەشەمین کۆبوونەوەی خۆی جارێکی تر ئەرکی جاوید ڕەحمان ڕاپۆرتێری تایبەتی ئەو ڕێکخراوەیە دەربارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا درێژ کردەوە. وەک بەرپه‌رچدانەوەیەک وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەو بڕیاره‌ نوێیەی ئەنجوومەن سەبارەت بە وڵاتەکەی ڕەخنەی گرت و درێژکردنەوەی ئەرکی ڕاپۆرتێری تایبەتی بە بابەتێکی "پاساوهەڵنەگر و نادرووست" ناو برد.

بەپێی هەواڵی "بی بی سی"، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بڕیارە نوێکەی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: "ئەو بڕیارە لە ڕێگای دەنگدانەوە پەسەند کراوە و بەرهەمی دەنگە پەرتەوازە و لاوازەکانە و کۆدەنگیی و ڕەوایی نێودەوڵەتی لە پشتەوە نییە".

خەتیب زادە وتی "هەندێ وڵاتی ئەوروپیی، هۆکاری سەرەکی پەسەندکردنی ئەو بڕیارە بوون و دەنگیان پێداوە".

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: "ئەوەی لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا (لە مانگی ئاداری ٢٠١١وە تا ئێستا) لە بڕیارنامەکانی ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ ڕووی داوە بە کردەوە تۆمەتبارکردنی یەکلایەنەی ئێران لە لایەن ئەو وڵاتانەوە بووە، کە دەنگیان بەو بڕیارە داوە و پشتیوانییان لە ڕاپۆرتێری تایبەت کردووە کە لە دژی ئێران ڕاپۆرتی داوە".

ئەرکی ڕاپۆرتێری تایبەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بە شێوەی ساڵانە درێژ دەکرێتەوە.

ئەمساڵیش ئەندامانی ئەو ئەنجوومەنە لە ڕێگای پەسەندکردنی بڕیارنامەیەکەوە ئەو ئەرکەیان بۆ جاوید ڕەحمان دیاری کرد کە بۆ ساڵێکی تر لێکۆڵینەوە سەبارەت بە دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا بکات.

وڵاتی ئایسلەند ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامەیە بە ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشنیاز کردبوو.

جاوید ڕەحمان کە لە بەریتانیا مامۆستای زانکۆی بڕۆنێلە و وانەی مافەکانی مرۆڤ دەڵێتەوە بۆ یەکەم جار زیاتر لە سێ ساڵ پێش ئێستا بە مەبەستی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکە هەڵبژێردرا و لەو کاتەوە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی نالەباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا هەموو ساڵێک ئەرکەکەی درێژ کراوەتەوە.

سەرەڕای داواکاری بەردەوام، ئێران تا ئێستا ڕێگای پێ نەداوە بۆ ئەو وڵاتە سەفەر بکات و لە نزیکەوە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ بکات. هەڵسەنگاندنی بەرپرسانی ئێران ئەوەیە کە ئەو ڕاپۆراتانەی سەبارەت بە مافی مرۆڤ لە وڵاتەکەیاندا بڵاو دەکرێنەوە لەژێر کاریگەری "وڵاتانی تر و دوژمنانی ئێران"دا ئامادە دەکرێن. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین