عێراق به‌ دواداچوون بۆ كوژرانى پێنج هاووڵاتییه‌كه‌ى دهۆك ده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق رایگه‌یاند، به‌دواداچوون بۆ كوژرانى ئه‌و پێنج هاووڵاتییه‌ى شار دهۆك ده‌كات، كه‌ به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر رێگاى نسێبین و ماردین لە تورکیا كوژران.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 19/كانوونى دووه‌م/2023 وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ راگه‌یێندراوێكدا ده‌ڵێ، به‌دواداچوون بۆ كوژرانى چوار هاووڵاتییه‌كه‌ى دهۆك ده‌كات.

له‌ راگه‌یێندراوه‌كه‌ كه‌ به‌ ناوى ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هاتووه‌، "باڵیۆزخانه‌ى عێراق له‌ ئه‌نقه‌ره‌ به‌ هاوئاهه‌نگى له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌ى گشتى له‌ غازى عه‌نتاب به‌دواداچوون ده‌كات بۆ رووداوى ته‌قه‌كردن له‌و ئۆتۆمبیله‌ى كه‌ هاووڵاتیانى عێراقی له‌ناو بووه‌ و له‌ رووداه‌كه‌ چوار هاووڵاتى كوژراون و یه‌كێكى تریش به‌ سه‌ختى بریندار بووه‌".

سه‌حاف دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، "كه‌ له‌لایه‌ن توركیا بایه‌خ به‌ رووداوه‌كه‌ ده‌درێت بۆ وه‌ستان له‌سه‌ر پاڵنه‌ر و ورده‌كارییه‌كانى رووداوه‌كه‌". به‌ره‌به‌یانى ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر رێگاى نسێبین- ماردین ته‌قه‌ له‌ ئۆتۆمبیلێك كرا كه‌ پێنج سه‌رنشینى هاووڵاتیانى دهۆك بوون،  له‌ ئه‌نجامدا چواریان ده‌ستبه‌جێ گیانیان له‌ده‌ست دا و یه‌كێكی تریشیان دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ گیانى له‌ ده‌ست دا.

پارێزگارى مێردین دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ رایگه‌یاند، تا ئێستا چوار كه‌س به‌ گومانى هه‌بوونى په‌یوه‌ندییان به‌ هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كه‌ ده‌ستگیركراون، به‌ڵام ناسنامه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ تا ئێستا ئاشكرا نه‌كراون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین