ئێران ترسی ناڕەزایەتی ئابووری لێنیشتووە شیکاری ئابوری

نوچەنێت 

بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی لە ئێران، جارێکی دیکە شلەژاو و بەشێک لە چاودێرانی نێودەوڵەتی باسیان لەوە کردووە، کە پێشبینی دەکرێت خولێکی دیکەی ناڕەزایەتی ئابووری لە ئێران بەڕێوە بچێت.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی بنبەست، کە نرخی رۆژانەی تمەن و دراوی بیانی لە بازاڕی ئێران بڵاودەکاتەوە، هەر دۆلارێکی ئەمریکی ئەمڕۆ یەکشەممە، ٤٥ هەزار تمەنی تێپەڕاندووە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ کەناڵی ٤٤ هەزار تمەن بۆجارێکی تر.

ئێستا هەڵاوسان لە بازاڕی دراودا چڕ و بەپەلەیە و تا ساتی نووسینی ئەم راپۆرتە، ئەم ماڵپەڕە نرخی دۆلاری ئەمریکی بە زیاتر لە ٤٤ هەزار و ٨٠٠ تۆمان راگەیاندووە.

هەروەها ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا جەختی لەوە کردەوە، کە بەهای پارەی نیشتمانی ئێران، رۆژی شەممەی رابردوو گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی.

ئەم ئاژانسە هەواڵییە رایگەیاندووە کە هۆکاری ئەم دابەزینەی بەهای تمەن، گەمارۆکان و زیادبوونی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی کۆماری ئیسلامییە.

لە چەند مانگی رابردوودا نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووبووەوە، بەڵام لە چەند هەفتەی رابردوودا تاڕادەیەک جێگیر بوو.

بەڵام دوای بڕیارنامەی پەرلەمانی ئەورووپا له دژی سوپای پاسداران و راگەیاندنی گەمارۆوە نوێیەکانی یەکێتیی ئەوروپا له دژی کۆماری ئیسلامی، بازاڕی ئاڵوگۆڕی له ئێران بۆ جارێکی دیکه شڵەژا.

ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی ئەمڕۆ یەکشەممە، لە زاری عەلی فەتحوڵڵا نەژاد، توێژەری پەیمانگایەکی سەر بە زانکۆی ئەمریکی بەیروتەوە، کە نووسیویەتی پێدەچێت کۆماری ئیسلامی "لە بنبەستێکدا گرفتاربوو بێت".

ناوبراو گوتیشی: نە رێژیم و نە خۆپیشاندەران توانای سەپاندنی خۆیان بەسەر ئەویتریاندا نییە، بەڵام "بە دابەزینی بەرچاوی بەهای تمەن لە سەرەتای ئەمساڵەوە، دەتوانین چاوەڕوانی خۆپیشاندان بکەین، کە تیشکی لەسەر ئابووری بێت".

ئەم شرۆڤەکارە بە ئاماژەدان بە ناڕەزایەتییەکانی ساڵانی رابردوو لە ئێران، جەختی لەوە کردەوە "وەک رابردوو نیشانی داوە، دەکرێ دەستبەجێ ئەم ناڕەزایەتیانە بە سیاسی بکرێت".

لە مانگی ١٠ی ساڵی ٢٠١٩، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخی بەنزین لە ئێراندا هەبوو، کە دەستبەجێ گۆڕا بۆ ناڕەزایەتی دژە حکومەت لە سەرانسەری وڵاتدا. کۆماری ئیسلامی بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەو ساڵە، دەستی کرد بە کوشتنی بەکۆمەڵ لە خۆپیشاندەران و بە پێی ئامارەکان نزیکەی هەزار و ٥٠٠ کەس کوژران.

پێشبینی دەکرێت، ناڕەزایەتی بە هۆی ناڕەزایی ئابووری، لە ئێران رووبدات، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی خۆیان چاوەڕوانی باشتربوونی دۆخی ئابووری لە داهاتوویەکی نزیکدا ناکەن.

موحسین پیرهادی، جێگری سەرۆکی "فراکسیۆنی ئینقلاب" لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێران رایگەیاند "بە درێژبوونەوەی دۆخی ئێستا، کەمبوونەوەی رێژەی هەژاری زۆر دوورە لە چاوەڕوانی". هەروەها رێژەی هەڵاوسانی ئێرانی بە "سەرووی ٤٠%" لە ساڵی داهاتووی ئێراندا هەڵسەنگاند.

ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە بەڵێنی باشترکردنی بواری ئابووری.

ئیبراهیم رەئیسی، کە ئەمڕۆ چووە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ بەرگریکردن لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داهاتوو، جارێکی دیکە لە وتارەکەیدا بەڵێنیدا و ئاماژەی بەوەشکردووە، "انشااللە" و "بە یارمەتی خودا و پشتبەستن بە گەشەسەندنی پێوەرە ئابوورییەکان، بەدڵنیاییەوە بازاڕی دراو و زێڕ کەم دەبێتەوە".

ئەو راپۆرتەکانی قەیرانی ئابووری ئێرانی بە "هاندانی دوژمنان و گومان دروستکردنی هەندێک لە رەوتەکان" ناوبرد و بانگەشەی ئەوەی کرد، "داهاتوو زۆر گەشاوەیە".

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین