ئێران هەڕەشە لە یەکێتی ئەوروپا دەکات ئێران

نوچەنێت

حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لە کاردانەوە بە بڕیاری پەرلەمانی ئەوروپا لەبارەی سوپای پاسداران لە لیستی تاقمە تیرۆریستییەکانی یەکێتی ئەوروپا، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ئەوروپا هەڵوێستەکانی نەگۆڕێت، ئەگەری هەر ڕێوشوێنێکی بەرپەرچدانەوەی، لەوانەش "کشانەوەی ئێران لە NPT بە دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی" پێشبینی دەکرێت.

لێدوانەکانی ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، لە کاردانەوەکانی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامییە بەرامبەر بە بڕیارنامەی پەرلەمانی ئەوروپا کە لە ١٩ی جانیوەری، دەنگی بە "دانانی سوپای پاسداران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی یەکێتی ئەوروپا" دا.

ئەم بڕیارنامەیە پابەندکردن نییە، بەڵام رۆژێک دوای ئەوەی پەرلەمانی ئەوروپا بە زۆرینەی دەنگ بە هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسایەک پەسەندکرا، کە تێیدا داوا لە یەکێتی ئەوروپا کرا، ناوی سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.

لە یەکەم کاردانەوەیدا، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی حکومەتی ئیبراهیم رەئیسی، بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپای بە "ئەوروپا تەقە لە پێی خۆی دەکات" وەسف کرد.

ڕۆژی یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، وەزیرانی دەرەوەی ژمارەیەک وڵاتی ئورووپایی لەوانەش وەزیری دەرەوەی ئاڵمان، بە "تازەکار و بێئەزموون" ناوبرد و گوتی: سەبارەت بە پەسەندکردنی سوپای پاسداران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکاندا، "پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارێکی سۆزداری دا و عەقڵانییەت حوکمی ئەو کەسانەی نەکرد کە ئەم کارەیان کرد و ئەو کۆبوونەوەیەی ئەم بڕیارەی داوە".

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەدا جەختی لەوە کردەوە کە "کشانەوەی ئێران لە NPT (پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی) و دەرکردنی پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ریزی رەفتارە رووبەڕووبوونەوەکانی ئێران دەبێت" و "ئەگەر ئەوروپییەکان بە ئاراستەی عەقڵانییەت جوڵە نەکەن و هەڵوێستەکانیان راست نەکەنەوە، هەموو ئەگەرێک جێگەی بیرکردنەوەیە."

محەممەد باقر قالیباف، یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای پاسداران و بەرپرسی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێرانە، هەروەها ڕۆژی شەممەی رابردوو رایگەیاند: رێوشوێنی پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سوپای وڵاتانی ئەورووپایی لە ناوچەکە دادەنێین ."

قالیباف ئەم قسانەی دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی ئیسلامی بە ئامادەبوونی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی و حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجامدا.

محەمەد حەسەن ئاسفەری، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، هەروەها "پلانی سنووردارکردنی هاتوچۆی کەشتییە ئەوروپییەکان لە گەرووی هورمز"ی راگەیاند و گوتی: "ئەگەر پەرلەمانی ئەوروپا لە بڕیارەکەی پاشەکشە نەکات، ئەوا دڵنیابن کە ئێمە رێوشوێنەکان لە پەرلەمانی خۆمان و بەو پلانانە پەیڕەو دەکەین، کە "دەستبەجێ هاتوچۆ لە گەرووی هورمز بۆ کەشتییە ئەوروپییەکان سنووردار دەکەین".

ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا هەروەها داوایان لە یەکێتی ئەوروپا کردووە، لیستی سزاکانی خۆی فراوانتر بکات و هەموو ئەو کەس و دامودەزگایانەی بەرپرسن لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئەندامانی بنەماڵەکانیان، لەوانە عەلی خامنەیی، ئیبراهیم رەئیسی، محەمەد جەعفەر مۆنتەزەری، داواکاری گشتی ئێران و هەموو بناغەکانی پەیوەست بە سوپای پاسداران.

بەپێی بەڵگەنامەیەک، یەکێتی ئەوروپا بەنیازە رۆژی دووشەممە پاکێجێکی نوێی گەمارۆکان لەدژی ١٨ کەس و ١٩ دامەزراوەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی بەشداری راستەوخۆیان لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران پەسەند بکات

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین