جۆزێپ بورێل: پێویستە دادگایەک لەبارەی سوپای پاسدارانەوە بڕیار بدات ئێران

نوچەنێت

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند، دانانی سوپای پاسداران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، پێویستی بە فەرمانی دادگا، لە یەکێک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا هەیە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەی ٢٧ وڵاتی ئەندام لە برۆکسل، بارەگای سەرەکی یەکێتییەکە، جۆزێپ بورێل رایگەیاند، کە بە تیرۆریست ناوهێنانی سوپای پاسداران، دەبێت لەسەر بنەمای ئەو بڕیارە بێت، کە لە دادگای وڵاتێکی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا دەربچێت.

ئاماژەی بەوەشکرد: ناتوانی بڵێی سوپای پاسداران تیرۆریستە، چونکە من پێم خۆش نییە. سەرەتا دەبێت دادگا بڕیاری لەسەر بدات”.

پەرلەمانی ئەوروپا، لە کۆبوونەوەی ١٩ی جانیوەری لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، بە زۆرینەی دەنگەکان، خوازیاری جێگیرکردنی سوپای پاسداران بوو لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەم یەکێتییە.

بڕیارنامەکەی پەرلەمانی ئەوروپا لە کاردانەوە بە مامەڵەی توندوتیژی سوپای پاسداران لەگەڵ خۆپیشاندەران و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن رووسیا بۆ هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا و ئۆپەراسیۆنە هەرێمییەکانی سوپای پاسداران، پەسەندکرا.

مەزەندە ئەوه دەکرێت، تا کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا که مانگی داهاتووه، هەنگاوەکان هاوپێوەند به ئامادەکارییه یاساییەکان له دادگاکانی وڵاتانی ئەوروپا هەڵبگیریێت.

وەزیرانی دەرەوەی ئەوروپا، له کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی خۆیاندا، سەبارەت به سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان له ئێران له ماوەی چوار مانگی رابردوودا، ١٨ کەسایەتی و ١٩ دامەزراوەی کۆماری ئیسلامییان سزا دا. پێشتریش لە کاتی ناڕەزایەتییەکان کە ئێستاش بەردەوامە، ئەم ئەنجومەنەدا سێ پاکێجی دیکەی گەمارۆکانی یەکێتییەکە پەسەند کران.

وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەدوای بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بۆرێل ئەنجامدا، شەوی یەکشەممە بە کەناڵەکانی حکومەتی ئێرانی راگەیاند: بۆرێل بە روونی پێی گوتم، کە بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا سۆزدارییە و ئەوان دەیانەوێت نیگەرانی خۆیان دەرببڕن".

رۆژی دووشەممە حسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان هەروەها لە وەڵامی دوایین لێدوانەکانی جۆزێپ بۆرێلدا گوتی: لە قسەکانییەوە دەردەکەوێت کە یەکێتی ئەوروپا هەنگاوێک تێچووی زۆر بێت، ناینێت.

هەروەها ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، ئەگەری پێگەی فەرمی سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆریستی یەکێتیی ئەوروپا بە "هەنگاوێک لە نائومێدی" ناوبرد.

حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران، هەروەها رۆژی یەکشەممەی رابردوو لەم چوارچێوەیەدا گوتی، ئێمە بە روونی بە ئەوروپا دەڵێین؛ دەستەکانمان کراوەن و کایەی دەسەڵاتمان فراوانە، دەستمان بە هەموو شوێنێک دەگات؛ ئەگەر دوژمنی بکەن، دوژمنی دەکەین، هیچ شەرمێکمان نییە، ئەگەر هاوڕێیەتیش بکەن، هاوڕێیەتی دەکەین."

دوای بڕیارەکەی پەرلەمانی ئەوروپا، نوێنەرانی توندڕەوی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران، یەکێتی ئەوروپایان لە "دەرئەنجامەکانی" ئەم "بڕیارە هەڵەیە" ئاگادار کردبووەوە و رایانگەیاندبوو، کە دەرئەنجامێکی باشی لێ نابینین.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین