ئەمریکا لە رێگەی چینەوە گەمارۆکان لەسەر ئێران توندتر دەکات ئێران

نوچەنێت

نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران دەڵێت، کە واشنتۆن گوشارەکان بۆ سەر چین زیاد دەکات، بە ئامانجی راگرتنی هاوردەکردنی نەوتی ئێران. هەروەها چین نەوتی ئێرانی وەک نەوتی مالیزیا دەکڕێت بۆ ئەوەی سزاکانی ئەمریکا بەدەر بکات.

رۆبێرت مالی، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی بلومبێرگ رایگەیاند، چین شوێنی سەرەکی هەناردەکردنی نەوتی نایاسایی ئێرانە و دانوستانەکان بۆ راگرتنی پەکین لە کڕینی نەوتی ئێران چڕتر دەبنەوە.

هه ڕوه ها له بارەی زیادبوونی هەناردەی نەوتی ئێران جەختی لەوە کردەوە "نا، ئێمه لەگەڵ ئەمەدا باش نین".

نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئایا دەتوانین بە تەواوی گەمارۆکانمان جێبەجێ بکەین؟ نەخێر! بەڵام ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی دڵنیا بین لەوەی جێبەجێ دەکرێن”.

ئەمریکا نزیکەی پێنج ساڵ لەمەوبەر لە رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) کشایەوە و سزاکانی سەر تاران و هەناردەکردنی نەوتی ئێرانی توندتر کرد. لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی پیتاندنی یۆرانیۆمی زیاد کرد و رێوشوێنەکانی بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان چڕتر کردەوە.

بەپێی هەواڵی میدیا نێودەوڵەتییەکان، لە چەند مانگی رابردوودا هەناردەی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییە پاڵاوتەکانی ئێران زیادی کردووە و پێدەچێت زۆربەی نەوتی ئێران بۆ چین بچێت، کە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی جیهانە و نەوتی ئێرانی وەک نەوتی مالیزیا دەکڕێت، بۆ ئەوەی سزاکانی ئەمریکا بەدەر بکات.

بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای ڤێرتێکسا بۆ شیکردنەوەی زانیاریی کەشتیوانی، هەناردەی ئێران لە مانگی رابردوودا گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک و ٤٠٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، کە بەرزترین ئاستە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا. بەڵام مالی، باسی له وه کرد، که ئەمریکا به پێچەوانەی ئەوەی بەشێک له بازرگانانی وزه گریمانه دەکەن، دڵخۆش نییه به بوونی نەوتی ئێران له بازاڕەکانی جیهاندا.

پێشتریش باس لەوە دەکرا کە ئەمریکا پێشوازی لە زیادبوونی هەناردەی نەوتی ئێران بکات، بەمەبەستی راگرتنی نرخەکان لەم بارودۆخەی ئێستا، کە بەهۆی شەڕی ئۆکرانیا دروست بووە.

نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، هەروەها لە زنجیرە تویتێکدا گوتی: سزاکانی ئەمڕۆی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە بەریتابیا و یەکێتی ئەوروپایە و هەموویان سەرکۆنەی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، توندوتیژی حکومەت بەرامبەر بە "ژن و سانسۆرکردنی ئینتەرنێت، هاوپەیمانن".

مالی بە ئاماژە بە گەمارۆکانی "دەزگای بونیادی سوپای پاسداران"، بە گروپێکی زانی کە لە هەموو کەرتەکانی ئابووری ئێراندا چالاکن و وەک سندوقێک بۆ فەرمانبەرانی سوپای پاسداران و بەرژەوەندییە بازرگانییەکان کار دەکات و پاڵپشتی لە لقە نیمچە سەربازییەکانی سوپا لە سەرتاسەری ناوچەکەدا دەکات.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین