کتێبی کولتوور

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

نووسەرى کتێبی (پرسی ئافرەت و چەند بابەتێکی تر) دەڵێت، "ئافرەت مرۆڤە وەکو پیاو هیچ جیاوازی نییە، نەوەک جن بێت یان هەر مەخلوقێکی خراپ کە مایەی شەڕ و خراپە بێت."

ئەمڕۆ چوارشەممە (25/کانوونی دووەم/2023) عادل کەریم، نووسەرى کتێبی (پرسی ئافرەت و چەند بابەتێکی تر) سەبارەت ناوەڕۆکى کتێبە نوێیەکەى تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "لەم کتێبە هەوڵمداوە لە روانگەی قورئان کۆمەڵیک بابەت روون بکەمەوە، یەکەمیان؛ ئافرەت مرۆڤە وەکو پیاو هیچ جیاوازی نییە، نەوەک جن بێت یان هەر مەخلوقێکی خراپ کە مایەی شەڕ و خراپە بێت و بە چاوێکی خراپ سەیربکرێت، هەروەک لەسەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا تاکو سەدەی نۆزدەش بەم چاوە سەیردەکرا، بەڵکو لەکتێبە ئاینیەکانیش ئافرەت بە تاوانباری یەکەم لە قەڵەم دراوە کە لە بەری دارەکەی خواردووە و بۆتە مایە دەرکردنی باوکە ئادەم لە بەهەشت، بەڵام ئەوە ڕێک پێچەوانەی قورئانە کە باوکە ئادەم بە تاوانباری یەکەم و سەرەکی لەقەڵەم داوە".

سەبارەت بە خستنەڕووى جیاوازییەکانى پیاو و ئافرەت لە کتێبەکەى، عادل کەریم دەشڵێت،"دووەم؛ جیاوازی نێوان ئافرەت و پیاو لەڕووی فسیۆڵۆجیەوەیە ئەمەش جیاوازی ئەرک و کارەکەیان نیشان دەدا کە بۆی درووست کراون . پیاوان لەڕووی فکری و ڕۆحی و جەستەیی بەهێزترن چونکە کارەکانیان لە دەرەوەیە، بۆیە ئەرکی کارکردن و نەفەقە کێشان لەسەرپیاوانە نەک ئافرەتان، کە ڕەنج کێشان و تەحەموولی زیاتری گەرەکە."

ئەو زیاتر ناوەڕۆکى کتێبەکەى روونکردەوە و گوتى، "هەرچی ئافرەتە بۆ منداڵ بوون و پەروەردەکردنی منداڵ درووست کراوە بەهۆی پێکهاتەی جەستەی، ئەوەتا ژن منداڵی دەبێت و دەتوانێ شیری پێ بدات و سۆز و عاتیفەی زیاتر پێ بەخشراوە لەپیاو تاکو بتوانێ بەرگەی ئەرکەکەی بگرێ کە مرۆڤ سازیە. هەر بەهۆی ئەوەشە پیاوان ئەرکی پێغەمبەرایەتیان پێ سپێردراوە لەلایەن خوای پەروەردگار چونکە کارێکی قورسە و تێکەڵ بوونی خەڵک و ئەزیەتی خەڵکی زۆری بەدواوەیە لەڕووی نەفسی و جەستەییەوە ئەمەش وای کردووە ئافرەتان ببوورێن لەم ئەرکە تەنانەت چوون بۆ جیهادو مزگەوتیش نەبۆتە ئەرک لەسەریان لە ڕووی ئایینیەوە".

ئەو ئاماژە بەوەشدەکات، "پیلانێکی زۆر گەورە هەیە لە بەکاڵا کردنی ئافرەتان و تێکدانی خێزان و بەپیاوکردنی ئافرەت بۆیە دەبێ زۆر وریاو هۆشیاربین چونکە ئەرکی ئافرەتانی قورستر کردووە، چونکە کاری دەرەوەی بۆ زیاد کراو و ئەرکی ماڵەوەشی لەکۆڵ نەبۆتەوە ئەمەش وای کردووە ئافرەت زیاد لە توانای خۆی کاربکات و ئەرکی قورستری بخرێتە سەرشان بەمەش وەکو پیاوانی لێ بێت و بەکەڵکی دایکایەتی و ژنایەتی نەیێت، ئەم کتێبە چاپخانەی هێڤی بە چاپی گەیاندووە ".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین