سەرۆک بارزانى: بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى بڕیارێکى دوژمنکارانەیە بەرامبەر هەرێمى کوردستان کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک بارزانى لە بارەى بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵیى عێراق لەسەر هەڵوەشاندنەوەى بڕیارى ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان لەلایەن بەغداوە، پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵكو، كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیبە."

ئێوارەى ئەمڕۆ چوارشەممە (25/کانوونى دووەم/2023) سەرۆک بارزانى پەیامێکى لەسەر بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵیى عێراق بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە."

 

دەقى پەیامەکەى سەرۆک مەسعود بارزانى:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

جێگەی داخە جارێكی تر دادگەی فیدڕاڵیی عێراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشان دا و، ڕێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بوو لە لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە بەڵكو، كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیبە. هەموو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لە هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق، لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی ڕوون و تێروتەسەل بووە كە هەموو لایەنەكان ڕێككەوتنیان لەسەر كردووە. دابینكردنی بەشێك لە شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی ڕەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بووە لەو بەرنامەیە و ڕێككەوتنی لەسەر كراوە. بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە.

جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بووبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردووە و بە بڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردووە و بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی كێشەكان. دیارە ئەجیندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگەی شۆڕش (محكمه‌ الپوره‌)ـی ڕژێمی پێشووی گرتووەتەوە.

لێرەدا داوا لە حكوومەتی عێراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەت دەكەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگەی فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

مسعود بارزانی

25ی كانوونی دووەمی 2023

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین