ئێران: وڵاتانی ئێران

نوچەنێت

ئەندامێکی شاندی ژووری بازرگانی تاران رایدەگەیەنێت، مەودای سزاکان بۆ وڵاتانی دۆستمان، لەوانەش چین، ئیمارات و عێراق درێژکراوەتەوە و هەروەها پەیڕەوی لە سزاکانی ئەمریکا دەکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران لە رووی بازرگانییەوە سنووردار کردووە.

مێهراد عیباد، رۆژی سێشەممەی رابردوو، بە ئاژانسی هەواڵی ئیلنای راگەیاندووە، کە زۆرێک لە کۆمپانیاکان پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ ئێران نییە و لە رێگەی دەڵاڵەکانەوە کار دەکەن.

پێشتریش بەشێک لە بەرپرسانی ئێران پشتڕاستیان کردبووەوە، کە بەشێکی گرنگی هەناردەی وڵات پشت بە دەڵاڵەکان دەبەستێت، لەوانە ئاڵوگۆڕی نەوت بە کاڵا، کە تێچووی هاوردەکردن زیاد دەکات و قازانجی هەناردەکردن کەمدەکاتەوە.

عیباد هەروەها رایگەیاند، کە لە ئێستادا ئاماری هەناردەکردن لە ئێرانەوە بۆ ئەوروپا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆی و گەورەترین قەبارەی هەناردەکردنی کاڵای ئێرانی بۆ ئەوروپا و بەتایبەت ئەوروپای رۆژهەڵات، لە رێگەی تورکیاوە ئەنجام دەدرێت.

یەکێتی ئەوروپا تا ئێستا ئاماری بازرگانی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لەگەڵ ئێران بڵاونەکردۆتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا نزیکەی ٩٠٠ ملیۆن یۆرۆ هاوردەی ئێرانی هەبووە، کە کەمترە لە یەک لەسەر دەی پێش سزاکانی ئەمریکا. هەروەها هەناردەی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئێران بۆ رێژەی یەک لەسەر سێ، کەم بووەتەوه و گەیشتووەته ٣.٩ ملیار یۆرۆ.

عیباد لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، کە کۆمپانیا گەورەکانی ئەوروپا پشتگیری لە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکەن و زۆر بە زەحمەت پەیوەندیمان لەگەڵدا دەکەن، "بەڵام کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکانی ئەڵمانیا و ئیتالیا بەردەوام بوون لە هاوکاری لەگەڵ ئێران؛ بەڵام ئەگەر ئەوروپا لە راگرتنی پەیوەندییەکان جددیتر بێت، رووبەڕووی تەنگانەیەکی جددی دەبینەوه له دابینکردنی پێداویستییەکانمان، بەتایبەتی له بواری تەکنەلۆجیا و تەکنەلۆجیای مۆدێرن له کەرتی نەوت و گازدا.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین