ئێران و ئاڵای بەرژەوەندی وەرگێڕان

نوچەنێت

رێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانی ئێران، کاردانەوەی بە هەواڵی کشانەوەی ئاڵای پەنەما لە ١٣٦ کەشتیی پەیوەندیدار بە ئێران نیشان دا و رایگەیاند کە سەرجەم کەشتییەکانی کۆمپانیا کەشتیوانیەکانی ئێران لە ژێر ئاڵای کۆماری ئیسلامی ئێراندان. بێگومان لە کۆتایی ئەم لێدوانەدا داوای لە پەنەما کرد، کە بە پێی ماددەکانی یەکەم و دووەمی رێککەوتننامەی رێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتی خۆی لە هەر جۆرە سنووردارکردنێک بۆ کەشتیوانی و هەڵسوکەوتی جیاکاری بەدوور بگرێت.

وڵاتی بچووکی پەنەما، کە ژمارەی دانیشتووانی کەمێک زیاتر لە چوار ملیۆن کەسە و رووبەرەکەی کەمێک لە پارێزگای یەزدی ئێران گەورەترە، بەڵام کەوتووەتە ئەمریکای ناوەڕاست. رەتکردەوە ئاڵای وڵاتەکەی بۆ کەشتیوانی ئێرانی بەکاربهێنێت؛ ئەو هەواڵەی کە بوو بە مایەی گاڵتەجاڕی بەشێک لە چاپەمەنی ناوخۆیی ئێران. بەڵام ئەم رووداوە دەتوانێ ئەوەندە کاریگەر بێت کە ئەگەر هوشیاری گشتی لە گۆشە جیاوازەکانی ئەو پرسە هەبوایە، بازاڕی تمەن و زێڕی ئێران زۆر زیاتر لە دەرئەنجامی ئەوەوە دەگۆڕا لە کاریگەریی بڕیارنامەکەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا لە دژی سوپای پاسداران.

ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا رایگەیاندبوو، کە مەرجەکانی فرۆشتنی نەوتی خاوی ئێران گەیشتووەتە پێش گەمارۆکان. رەنگە ئەو رۆژە لێدوانەکەی رەئیسی وەکو چەواشەکارییەکی سیاسی دەرکەوتبێت، بەڵام ئێستا ئامارەکان تا رادەیەک قسەکانی پشتڕاست دەکەنەوە. چونکە کۆمپانیای راوێژکاری وزەی SVB رایگەیاندووە، کە هەناردەی نەوتی ئێران لە دوو مانگی دۆتای ساڵی رابردوو، بە تێکڕا دوو ملیۆن و دوو سەد هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێکدا.

جێب بوش، پارێزگاری پێشووی فلۆریدا و ئەندامی "هاوپەیمانی دژی ئێرانی ئەتۆمی"، سەرەڕای گەمارۆکان، ئەم بڕە لە هەناردەکردنی نەوت، ئێران قەرزداری پەنەمایە. وڵاتێک کە خزمەتگوزاری ئاڵا، ئاڵای بەرژەوەندی پێشکەش بە کۆمپانیاکانی کەشتیوانی جیهانی دەکات.

ئاڵای بەرژەوەندی

بەمەبەستی دوورکەوتنەوە لە باج و سوودمەندبوون لە یاساکانی کار و سەلامەتی سەرەتایی، کۆمپانیاکانی کەشتیوانی جیهان کەشتییە بازرگانییەکانیان لەو وڵاتانە تۆمار دەکەن، کە ئەو ئاسانکارییانەیان بۆ دابین دەکەن و لەژێر ئاڵای ئەو وڵاتەدا لە ئاوەکانی جیهاندا گەشت دەکەن. یەکێک لەو وڵاتانە، پەنەمایە کە نزیکەی هەشت هەزار و ٦٠٠ کەشتی لە جیهاندا بە "ئاڵای ئاسانکاری یان بەرژەوەندی" ئەم وڵاتەدا دەڕۆن. لەنێویاندا نزیکەی سێ هەزار و ٤٠٠ کەشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ئاڵای پەنەمایان لەسەرە. هەروەها ئەو وڵاتەی کە خزمەتگوزاری ئاڵای بەرژەوەندی  پێشکەش کردووە و بەرپرسیارێتی یاسا نێودەوڵەتییەکانی کەشتییەکان لە ئەستۆ دەگرێت.

ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی بە گۆڕینی ناوی ئێرانی بۆ کەشتیەکان، لە ئاڵای ئاسانکاری وڵاتانی جیاجیا کەڵک وەردەگرێت بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان. بە پێی راپۆرتی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە ساڵی ٢٠١٢، کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران ئاڵای نەتەوەی دوورگەیی توڤالو - دوورگەیەکی بچووک کە سێ هەزار و ٥٠٠ کیلۆمەتر لە باکووری رۆژهەڵاتی ئوسترالیاوە دوورە - بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان کەڵکیان وەرگرتووە. ئەم ئاڵای ئاسانکارییە، هەموو جارێک بە شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییە ئێرانییەکان گۆڕاوە. 

نزیکەی چوار ساڵ لەمەوبەر و لەژێر فشاری حکومەتی ئەوکاتی ئەمریکادا، پەنەما ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هەڵوەشاندنەوەی تۆماری ئاڵای بەرژەوەندی بۆ ٦٠ کەشتی پەیوەندیدار بە ئێران، هەر لەو کاتەدا کە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، بڕیاری زۆرترین فشاری دژی ئێران دەرکردبوو.

ئەم نموونەیە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ناوگانی کەشتیوانی کۆماری ئیسلامی، چەندین جار بە ئاڵای ئاسانکاری پەنەما گەشتیان کردووە. بەڵام ئەمجارەیان لەژێر گوشاری حکومەتی ئەمریکادا، ئەو وڵاتە داوای لە پەنەما کرد ئاڵای ئاسانکاری ئەو کەشتیانەی پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە، بکێشێتەوە. حکومەتی پەنەما ئاڵای خۆی لە ١٣٦ کەشتی پەیوەندیدار بە ئێران کشاندەوە. بە سەرنجدان بەوەی کە ئێران خاوەنی نزیکەی ٤٠ کەشتی نەوتهەڵگرە، دەتوانین بڵێین کە نزیکەی هەموو کەشتییە بازرگانییەکانی کۆمپانیاکانی ئێران و تەنانەت کۆمپانیاکانی هاوکاری لەگەڵ ئێران بێبەش کراون لە خزمەتگوزاری ئاڵای ئاسانکاری و ئەگەری دەربازبوون لە گەمارۆکان بۆ ئێستا.
بەڵام کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوانە  بەعیدی نەژاد رەتیان کردۆتەوە، کە ئاڵای ئاسانکاری بۆ دەربازبوون لە گەمارۆکان کەڵک وەرگرن.

هەرچەندە رێکخراوی بەندەرەکان و دەریاوانی ئێران رایگەیاندووە، کە هەموو کەشتییە ئێرانییەکان بە ئاڵای ئێرانەوە دەڕۆن، بەڵام پێدەچێت کۆماری ئیسلامی هەوڵی گۆڕینی وڵاتێکی دیکە بدات بۆ تۆمارکردنی ناوگانی کەشتیوانییەکەی و وەرگرتنی ئاڵایەکی ئاسانکاری.

هۆنگ کۆنگ ناوچەیەکی خۆسەرە کە ئاڵای ئاسانکاری بۆ کەشتییەکان دیاری دەکات و دەکرێت بژاردەی داهاتووی ئێران بێت. بەڵام رەنگە، پەنەما هەلومەرجێکی زۆر گونجاوی بۆ دابین کردبێت کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی پێیان باش بوو هەموو هێلکەکانیان بخەنە ناو یەک سەبەتەوە و لەبری ئەوەی ناوگانی کەشتیوانیەکانیان لە وڵاتە جیاوازەکاندا تۆمار بکەن، پەنەمایان وەک وڵاتی سەرەکی ئاڵای ئاسانکاری هەڵبژارد.

تۆمارکردنی ١٣٦ کەشتی بێبەش لە ئاڵای پەنەما لەو وڵاتە یان وڵاتانی دیکە، بە ئاسانی دەتوانرێت شوێنپێی بکەوێت و لە چاوی حکومەتی ئەمریکا و ئەو دامەزراوانەی سەرپەرشتیاری سزاکانی ئێران ناشاردرێتەوە و کارەکە لانیکەم بۆ ماوەیەک بەزەحمەت دەکات. بەم شێوەیەش دەتوانرێت چاوەڕوان بکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا نەک تەنیا هەناردەکردنی نەوتی ئێران کەم ببێتەوە، بەڵکو ئاماری هاوردەکردنی نەوتی ئێرانیش گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا بێت.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین