مەغریب بۆ گەمارۆدانی تاران دەگەڕێتەوە بەغداد وەرگێڕان

نوچەنێت

رۆژێک دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ پاریس و واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوبەشی ستراتیژی نێوان عێراق و فەرەنسا، مەغریبیش دوای هەژدە ساڵ دوورکەوتنەوە باڵیۆزخانەی خۆی لە بەغدا کردەوە. شرۆڤەکارانی مەغریبی بەهێزبوونی هاوکارییەکانی نێوان رەبات و بەغدایان بە هەنگاوێک بۆ "گەمارۆدانی رژێمی ئێران" وەسف کردووە.

رۆژی شەممەی رابردوو، ناسر بۆریتا، وەزیری دەرەوەی مەغریب، لەگەڵ هاوتا عێراقییەکەی، فواد حسێن، باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتەیان لە بەغدا کردەوە.

لە ساڵی ٢٠٠٥ مەغریبییەکان باڵیۆزخانەکەیان لە بەغداوە گواستەوە بۆ عەممانی پایتەختی ئوردن. هۆکاری سەرەکی ئەم بڕیارە پەرەسەندنی نائەمنی لە عێراق بوو. بێگومان پەیوەندییە سیاسییەکانی نێوان هەردوو وڵات هەر مایەوە، بەڵام ئاستی هاوکارییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی. هەژموونی وردە وردەی کۆماری ئیسلامی بەسەر کاروباری سیاسی و ئابووری عێراق شتێک نەبوو کە مەغریبییەکان هان بدات بۆ فراوانکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراقدا.

بەڵام ئێستا دیپلۆماتکارێکی مەغریبی رایگەیاندووە، کە یەکێک لە پاڵنەرەکانی ئەو وڵاتە بۆ گەڕانەوەی بۆ بەغدا ئەوەیە، کە "مەیدانەکە بە بەتاڵی نەهێڵێتەوە بۆ دوژمنانی یەکپارچەیی خاکی عێراق".

حکومەتی مەغریب، کە هەرگیز پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران نەبووە، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ تاران پچڕاندووە. لەو ساڵەدا هۆکاری سەرەکییەکەشی بۆ پشتیوانی کۆماری ئیسلامی لە بەرەی پۆلیساریۆ گەڕاندۆتەوە.

گەڕانەوەی عێراق بۆ جیهانی عەرەبی

هەوڵەکانی عێراق بۆ بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لە ساڵی رابردوودا ئەنجامی بەرچاوی هەبووە. عێراق کە لە سەردەمی هاوچەرخدا بە یەکێک لە توخمە سەرەکییەکانی جیهانی عەرەبی دادەنرا و تەنانەت جارێک بیری لەوە دەکردەوە کە بچێتە پاڵ کۆماری عەرەبی یەکگرتوو (لەگەڵ میسر و سوریا)، وردە وردە بەهۆی شێتی سەدام حوسێنەوە پەراوێز خرا.
 دوای رووخانی سەدام، کۆماری ئیسلامی بە خێرایی سوودی لە بۆشایی دەسەڵات و هەڵەکانی ئەمریکا وەرگرت و بە کردەیی عێراقی داگیرکرد.

بەڵام لەگەڵ کوژرانی قاسم سولەیمانی و بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکردنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی ئێران، مەیدانی عێراق لە دەستی تاران دەرچوو. هەروەها هاتنە سەرکاری حکومەتی محەمەد شیاع ئەلسودانی لە بەغدا، ئەم پرۆسەیە زیاتر بەرچاو کەوت. هەروه ها بۆ یەکەمجار ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی و جیددی بۆ دەرهێنانی عێراق له کایەی هەیمەنەی کۆماری ئیسلامی پێکهاتووه. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، بە رێکخستنی کۆنفرانسەکانی بەغدا، بە یەکێک لە نوێنەرە سەرەکییەکانی ئەم ئیرادە نوێیە دادەنرێت.

ئایا بەرەی پۆلیساریۆ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی وەردەگرێت؟

بەگوێرەی ماڵپەڕی "هێسپرێس"ی مەغریبی، کردنەوەی باڵیۆزخانەی مەغریب لە بەغدا هەنگاوێکە بەرەو "گەمارۆدانی رژێمی ئێران و دوژمنانی دیکە" کە هەڕەشە لە یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکەن.

مەغریب کە ناکۆکی لەگەڵ بەرەی پۆلیساریۆ هەیە، لەسەر خاوەندارێتی سەحرای رۆژئاوا، پابەندە بە پشتیوانی حکومەتی عێراق لەم دۆسیەیەدا. مەغریبییەکان ساڵانێکە زۆر کاردەکەن بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئەرێنی حکومەتی عەرەبی و ناعەرەبی بۆ لکاندنی فەرمی سەحرای رۆژئاوا.

ئەم ناکۆکی خاکەی نێوان مەغریب و بەرەی پۆلیساریۆ، تا ئێستاش بێ بڕیارە و دەسەڵاتە نێودەوڵەتییەکان نەیانتوانیوە چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە پێشکەش بکەن. لەم شەڕەدا کۆماری ئیسلامی پشتیوانی بەرەی پۆلیساریۆ دەکات. تەنانەت نزیکەی چوار مانگ لەمەوبەر یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو بەرەیە بانگەشەی ئەوەی دەکرد، کە بەم زووانە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئێران وەردەگرێت. هەروەها ناسر بۆریتا وەزیری دەرەوەی مەغریب تارانی بە رادەستکردنی چەک بە چەکدارانی پۆلیساریۆ تۆمەتبار کرد.
هەرچەند پێناچێت لەم دۆخە پشێوەی ئێستادا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دروستکراوی ئێران گەیشتبێتە ئەو بەرە، بەڵام بەهۆی بوونی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ئۆکرانیا، زلهێزەکانی رۆژئاوا لە ئاست چالاکییەکانی ئێران لە سەحرای رۆژئاوادا، ئەوپەڕی هەستیار بوون.
 بەگوێرەی ماڵپەڕی هێسبێریس، "یەکێک لە هەڵە گەورەکانی بەرەی پۆلیساریۆ نزیکی لە تارانە".

حکومەتی مەغریب، کە لە بواری لۆبی و پڕوپاگەندەی سیاسیدا زۆر خۆڕاگرە، بەردەوام هۆشداریی لە مەترسیی هاوکاریی نێوان کۆماری ئیسلامی و پۆلیساریۆ داوە و رایگەیاندووە، کە زیادبوونی ئەم هاوکارییە دەتوانێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەی باکووری ئەفریقا.

ئێستا لەم ناکۆکیەدا عێراق بە ئاشکرا پشتیوانی مەغریبی کردووە. بەم شێوەیە، نزیکی عێراق و مەغریب، دەتوانێت سوودی بۆ هەردوو وڵات هەبێت: مەغریب پشتیوانێکی دیکەی لە جیهانی عەرەبیدا دۆزیەوە بە مەبەستی ئەوەی بە فەرمی دەست بەسەر سەحرای رۆژئاوادا بگرێت، عێراقیش کە تا ئێستا پاڵپشتی سعودیە، میسر و ئیمارات بەدەستهێناوە، هاوپەیمانێکی دیکەی بە ئاراستەی ئاشتەوایی لەگەڵ جیهانی عەرەبی و دوورکەوتنەوە لە کۆماری ئیسلامی دەستکەوتووە.

سەرچاوە: رادیۆ فەرەنسا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین