وڵاتان چی دەڵێن سەبارەت بە جەنگی ئێران بەرامبەر ئیسرائیل و ئەمەریکا؟ وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێڕانی: سنوور یاسین

لە سەرەتای هێرشە هاوبەشەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران زۆربەی سەرکردەکانی ئەوروپا ئامانجیان بوو بە سیاسەت و دیپلۆماسییەت کاردانەوەیان هەبێت بەرامبەر هێرشەکان و چۆنیەتی ئیدانە کردن، پشتیوانی لایەنێک یان دەربڕێنی ڕای جیاوازیان سەبارەت بە پێشهاتەکە و ئەو دۆخەی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت.

چی کرا و چی گوترا؟

پێدرۆ سانچێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا تاکە سەرکردەی یەکێتیی ئەوروپا بوو کە بە ئاشکرا ئیدانەی هێرشەکانی سەر ئێران کرد، ڕایگەیاند، "کردەوە سەربازییەکانی تاکلایەنەی ئەمەریکا و ئیسرائیل ڕەت دەکەنەوە". هەروەها ئیدانەی هێرشە پێچەوانەکانی تارانی کرد و باسی لەوە کرد، "ئیسپانیا ناتوانێت بەرگەی شەڕێکی درێژخایەن و وێرانکەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێت."

ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاند، "پێویستە دیپلۆماتکارەکانیان بەپەلە ئێران و جێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتەکانیان".

کاجا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا گوتی "ئێستا باشترین کات و دەرفەتە، ڕێگایەکی کراوە هەیە بۆ ئێرانێکی جیاواز."

کریستیان ستوکەر، ڕاوێژکاری نەمسا ڕایگەیاند، "ئیدانەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداوی فارس و ئیسرائیلی دەکات". هاوکات ڕاشێگەیاند، "گەلی ئێران شایستەی ژیانێکی ئاشتی، ئاسایش و خۆشگوزەرانییە".

لە لایەکی ترەوە، وەزیری دەرەوەی نەمسا ڕایگەیاند، "بە ئامانج گرتنی خامنەیی و کوشتنی پەنجەرەیەک دەکاتەوە بۆ سەردەمێکی نوێ لە ئێران".

سەبارەت بە جەنگی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل و ئەمەریکا، ماکسیم پریڤۆت، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا ڕایگەیاند، "بە توندترین شێوە ئیدانەی هێرشەکان دەکات". داوای لە هاووڵاتییانی کرد، "شوێنە سەلامەتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ پاراستنیان بەکاربهێنن".

وەزارەتی دەرەوەی بولگاریاش ئیدانەی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو کرد و دەڵێت. "هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئەم وڵاتانە فراوانکردنی گرژییە سەربازییە مەترسیدارەکانە، ئێران بەرپرسیار دەبێت لەبەر ئەوە پێویستە هێرشەکانی ڕابگرێت".

 

کرواتیاش لەسەر دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە دەنگ و لە زاری وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە جەختی لە، "هێورکردنەوەی گرژییەکان کردەوە". هاوکات ڕایگەیاند، "داوا لە دیپلۆماتکارەکانیان دەکات ئێران جێبهێڵن و بگەڕێنەوە".

سەرۆکی قوبرس ئیدانەی، "هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو کرد". جەختی لە، "پێویستی هێورکردنەوەی ناکۆکییەکان کردەوە".

وڵاتان بەردەوام بوون لە دەڕبرینی بۆچوونەکانیان سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی ئێران، وەزیری دەرەوەی دانیمارک گوتی، "کردەوەکانی ڕابردووی ئێران بەهیچ شێوەیەک قبووڵکراو نین". هەروەها باسی لەوە کرد، "بەرپرسانی دانیمارک لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن".

بە بڕوای وەزیری دەرەوەی دانیمارک، "پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و پشتیوانیکردنی ئەم وڵاتە لە تیرۆر مەترسییە بۆ سەر دانیمارک، هەموو ئەوروپا و وڵاتانی جیهان بۆیە دەبێت بوەستێندرێت". هەروەها پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ، "هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکەدا دووپات کردەوە و ئیدانەی هێرشەکانی تارانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو کرد".

سەرۆکی فینلاند ئیدانەی هێرشە بێ پاساوەکانی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە کرد، ڕایگەیاند، "لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان دەبێت هێرشەکان بوەستێندرێن".

لە لایەکی ترەوە، سەرۆک وەزیرانی سوید ئیدانەی هێرشە پێچەوانەکانی ئێرانی کرد، "ڕەخنەی لە ستەمی رژێم گرت بۆ سەر هاووڵاتییانی ئێران و بڕوای وابوو پرۆگرامی ئەتۆمی ئێران و پشتیوانیکردنی بۆ گروپە تیرۆریستییەکان ماوەیەکی زۆرە هۆکارێکی ناسەقامگیرن لە ناوچەکەدا".

وەزیری دەرەوەی ئیستونیا گوتی، "مردنی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕابەری پێشووی ئێران شکستێکی گەورەیە بۆ ڕووسیا هاوپەیمانی ئێران و دەروازەیەکە بۆ هاووڵاتییانی ئێران بۆ ئەوەی بڕیار لە داهاتووی خۆیان بدەن. ئێران نابێت هەرگیز چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت، پێویستە دەستدرێژی و هەڕەشەکانی بوەستێنێت".

لە بەردەوامی باسکردنی ئۆپراسیۆنی، "نەڕەی شێر"ــی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمەریکا بۆ سەر ئێران میدیا ناوخۆییەکانی یۆنان ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران جەخت لە، "سەلامەتی یۆنانییەکان لە ناوچەکە دەکاتەوە"، پێویستی کۆنتڕۆڵکردنی، "پرۆگرامەکانی ئەتۆمی و مووشەکی بالیستیکی ئێران بە گرنگ وەسف دەکات".

جۆرجینا میڵۆنی، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، "وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی وەک ڕێکخستنی هێزێکی کەنداو و بەشداریکردن لە گفتوگۆ لەگەڵ عومان و قەتەر، بەڵام باسی لە ئیدانەکردن یان پشتگیریکردنی هێرشەکانی هیچ وڵاتێکی نەکرد".

هاوکات سەرۆک وەزیرانی هۆڵەندا ڕایگەیاند، "دەبێت هێرشەکانی ئێران بوەستێندرێت". حکومەتی هۆڵەندا نیگەرانە، "لە ململانێکانی ناوچەکە و سەرکوتکردنی هاووڵاتییانی ئێران لەلایەن ڕژێمەوە".

گرنگە ئاماژە بۆ ئەوەش بکرێت هەریەکە لە وڵاتانی هەنگاریا، ڕۆمانیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، پۆڵەندا و پورتوگال ئیدانەی کاردانەوەکانی ئێرانیان کرد، "هێرشەکانی ئێرانیان بۆ وڵاتانی ناوچەکە بە بڵاوکردنەوەی ناسەقامگیری وەسف کرد". جەختیان لە، "پاراستنی هاووڵاتییانی وڵاتەکانیان کردەوە".

سەرچاوە: ماڵپەڕی (پۆلیتیکۆ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین